كوردیو
وەزیری كارەبای هەرێم ڕایدەگەنێت،"قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا كراوەتەوە".
كەمال موحەممەد، وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان بە (وەكالەت) ڕایدەگەیەنێت،"تیمەكانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی دیكە، پاش هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر توانیویان قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەن".
ئاماژەی بەوەشداوە،"ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا گەیەندراوەتە 1600 مێگاوات و بە درێژایی شەوی رابردوو تا ئێستا بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی هێرشەكە و بە پلانێكی تۆكمە قەرەبووی بەشێکی زۆری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا کراوەتەوە و رێگایان نەداوە كوژانەوەی گشتی لە سیستەمی كارەبا رووبدات".
ئەوەشی خستووەتەڕوو،"لە ئێستادا وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانی چارەسەركردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گازدایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان و ئاسایبوونەوەی دۆخەكە".