كوردی‌و
وه‌فدی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم و عێراق بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كه‌ی داهاتی ناوخۆی هەرێم لە كۆبوونەوەدان.
داهاتی ناوخۆی بۆ دوو مانگ به بڕی (905 ملیار) دیاریكردووه، به‌ڵام پێشتر وتویه‌تی مانگانه داهاتی ناوخۆ (320 ملیار) دیناره، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم بوو كه ئێستا بۆ چاره‌سه‌ركردنی وه‌فدێك له به‌غداد له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ له كۆبوونه‌وه‌دایه.
ئه‌م وه‌فده به پله‌ی یه‌كه‌م به‌مه‌به‌ستی راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌ك ره‌وانه‌ی به‌غداد كراوه كه وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم له دیاریكردنی بڕی داهاتی نانه‌وتیی هه‌رێم بۆ مانگی یه‌ك و دووی ئه‌مساڵ كردوویه‌تی.
رۆژی 28ـی ئازاری ئه‌مساڵ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم نووسراوێكی بۆ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كردووه‌و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه تێكڕای داهاتی نانه‌وتیی هه‌رێم له مانگی یه‌ك و دووی ئه‌مساڵدا بریتی بووه له زیاتر له (905 ملیار) دینار، ئه‌مه زیادبوونێكی بێ پێشینه بوو له داهاتی ناوخۆی هه‌رێم، چونكه پێشتر وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كانیدا بۆ رای گشتی، به‌رده‌وام جه‌خی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات تێكڕای داهاتی ناوخۆ مانگانه (320 ملیار) دیناره.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م نووسراوه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم، رۆژی 8ـی ئه‌م مانگه، وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ له ڕێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمه‌وه له به‌غداد نووسراوێكی ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كرد و داوای لێ‌كرد به‌گوێره‌ی یاسای بودجه، داهاتی نانه‌وتیی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و (905 ملیار) دیناره راده‌ستی ژماره حسابی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بكات له بانكی ناوه‌ندیی عێراق.
زۆری نه‌خایاند، وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم بۆی ده‌ركه‌وت هه‌ڵه‌ی كردووه له دیاریكردنی داهاته نانه‌وتییه‌كاندا، هه‌ندێك پاره‌ی تری تێكه‌ڵ به داهاته نانه‌وتییه‌كان كردووه و به‌و هۆیه‌وه داهاتی ناوخۆ به‌رزبووه‌ته‌وه، له‌وانه‌ش (پارەى سپاردەى بانکەکان- قەرزى کارەبا- هاوکاریى هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە)و ئه‌گه‌ر ئه‌م پارانه ئه‌ژمار نه‌كرایه تێكڕای داهاتی ناوخۆ بۆ دوو مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ بریتی ده‌بوو له نزیكه‌ی (700 ملیار) دینار نه‌ك (905 ملیار) دینار.
له 26ـی حوزه‌یرانی 2023وه یاسای بودجه‌ی عێراق چوه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌گوێره‌ی ئه‌م یاسایه حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی پشكی خۆی وه‌ربگرێت ده‌بێت داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتیی خۆی راده‌ستی به‌غداد بكات، به‌ڵام له‌وكاته‌وه تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم هیچ یه‌كێك له‌م دوو داهاته‌ی راده‌ست نه‌كردووه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ناكۆكی نێوان هه‌ردوو حكومه‌ت له‌باره‌ی چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی یاساكه.
ئێستا كه ئیتر دادگای فیدراڵی عێراق به‌غدادی پابه‌ندكردووه به‌وه‌ی مانگانه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دابین بكات، حكوومه‌تی هه‌رێمیش ده‌یه‌وێت هه‌نگاوێك بچێته پێشه‌وه و له دواین كۆبوونه‌وه‌ی حكوومه‌تدا مه‌سرور بارزانی فه‌رمانیدا داهاته نانه‌وتییه‌كانی راده‌ستی به‌غداد بكرێت و بیانوو به‌ده‌سته‌وه نه‌درێت بۆ درووستكردنی كێشه بۆ موچه‌ی هه‌رێم.