جاران زۆر دەترسام!!
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

جاران زۆر دەترسام!!


جاران بیرم دەكردەوە، دەبێت بتوانم، ڕۆژێك بێت ببم بە كەسێك لەسەر پێیەكانی خۆم بوەستم! ببمە كەسێك بتوانم خۆم و هاوژین و كەسانی چوار دەورم بژێنم! كە دەهاتە پێش چاوانم چۆن دەست بەكار بكەم، چ كارێك بكەم، چۆن هەنگاوی بۆ بنێم، تا چەند سەركەوتودەبم...
ترس دایدەگرتم و ڕەنگ و ڕووخسارم دەگۆڕاو جەستم تێكدەشكا، ئاخر دەترسام نەتوانم، دەترسام بكەوم و هەڵنەسمەوە، دەترسام چوار دەورم پێم پێ بكەنن، دەترسام پێی نەگەم، بەهیچ نەگەم؟ بەو تێگەیشتنە مرڤ كوژە كە ئێمەی میللەتی كوردی لەسەر جۆش كراویین كە دەوڵەمەندییە... دەترسام و دەترسام...
سەرەنجام دەستم پێكرد، كە دەستم پێكرد بەترس و لەرزەوە هەنگاوم نا، زۆر ڕێگاو بەرزو نزمی و هەوراز و سەختی و تەختی و خۆشی م بڕی و هەڵوێست و ڕوبەڕوبونەوەی جودام بینی...
سەرەنجام لەنیوەی ڕێگەدا تێگەیشتم، ژیان ترسی ناوێت، گرنگ نیە كێ سەیرت دەكات و چی دەڵێت!
گرنگ نیە چیت هەیەو بەچی دەگەیت! گرنگ نیە چۆن و لەكوێ دەژیت! گرنگ نیە چ كارێك دەكەیت و چەندت دەست دەكەوێت! گرنگ ئەوەیە خودی خۆت چی دەكەیت و چۆن لێكی دەدەیتەوە! چیت دەوێت و چۆن تێدەگەیت!...
من تێگەیشتم و ترسم نەما، تێگەیشتم ئەگەر بمەوێت دەتوانم لەسەر بەردی ڕەق بژێوی بەدەست بهێنم، دەتوانم ئەو سەختیانەی لەڕێگەمدایە تێكیان بشكێنم، دەتوانم چیم بوێت بیكەم و بەدەستی بهێنم، دەواتم ئەو كارە بكەم كە نەفسم پێی عەیبەو غرورو گەورەیی ڕێگەم پێنادات!!! وە دەشزانم كە ئەوانەی گەیشتن بە سەروەت و سامان، كەمیان بە ئاسودەی دەنوون، كەمیان بیریان لای كەسانی برسییە، كەمیان بەوەی هەیانە سوجدەی سوپاس بۆ پەروەردگاریان دەبەن، كەمیان دەتوانن ئەوەی هەیانە بیكەنە هۆكارێك بۆ خۆش بژێوی و دڵخۆشی و گەیشتن بە ئارامی و ئاسودەیی!!!
زۆرینەیەك زیاد لە پێویستی خۆی هەیە، بە من و تۆشەوە، كەچی وا دەزانین هیچمان نیە، كەچی بەجۆرێك دەژین وەك ئەوەی بمرین لە برسان!!!
زۆر كەسم بینی، خاوەنی سەروەت و سامانێك بوون كە دەیانتوانی دەیان خێزان بەخێوبكەن، بەڵام نەیدەتوانی بەدڵی خۆی تێربخوات! نەیدەتوانی بەدڵی خۆی ببەخشێت! نەیدەتوانی بەدڵی خۆی دڵی كەسانی هەژار و كەمدەرامەت خۆش بكات!!! بۆچی؟؟؟ چونكە دڵی ئەو تەنها پارەو سەروەت و سامانی دەدی، ئاخر كەسێك هەموو خەون و ئاواتی پارەبێت، كوا دڵی هەیە تا بەدڵێكی تەندروستەوە بژی...
من تێگەیشتم ژیان ئەوە نیە كە هەر دەبێت زۆرت هەبێت، ئینجا دڵخۆش دەبیت، تێگەیشتم پێویستە تێگەیشتن و لێكدانەوەت تەندروست بكەیت تا بە تەندروستی بژیت بەبێ ئەوەی چەندت هەیە، كاتێك تێگەیشتنت تەندروست كرد ئەو كات هەرچەندت هەبێت دەگەیت بە لوتكەی خۆش بەختی!...

ئامانجی نوسینی بەشێك لە تێگەیشتنەكەم بۆ دەربڕینی مەبەستێكە، مەبەستمە بڵێن هاوڕێیانم، گەنجە بێكارەكانی چوار دەوورم، گەنجە دڵشكاوەكانی كۆمەڵگەی كوردی، تا كەی بەبێ كاری دادەنیشن، تا كەی چاوەڕیی دامەزراندنن، تاكەی چاوەڕێن ئیشوكارن خۆی خۆرسكانە بێتەڕێگەت!
بەسەو واز لە ترس و خەونی هیچ بهێنن، هەستن و لە كەمەوە دەست پێ بكەن، دەست پێ بكەن بتوانن ڕۆژانەی خۆتان دابین بكەن باشترە لەوەی دەست پان بكەنەوە، هەستن كام كارەی بەشەرم لێی دەڕوانیت دەستی بەرێ و پشت بە خودا ببەستە، هەستەو تێ بگە ماندووی كار خۆشبەختیت پێدەبەخشێت! تێبگە بێكاری توشی خەمو خەمەفەت و ترس و دواكەوتن و كاری نابەجێت دەكات!!! واز لەو خەونە بێنە كە دەتەوێت لە پڕێك ببیت بە كوڕێك و بگەیت بەكێوێك!!!
مرۆڤ دێتە دونیا بە گریان و بێدەسەڵاتییەوە دێت و هێواش هێواش فێر دەبێت و تێدەگات و هەنگاو دەنێت تا لەسەر پێیەكانی دەوەستێت، كاركردنیش بەو جۆرەیە، پێویستە قوربانی بدرێت و چەند هەنگاوی یەكەم بۆ فێربوون و ڕاهاتنە لەسەر كارێك و هەنگاوی دواتر بۆ بەدەستهێنانی خەرجی ڕۆژی خودی ئیشكەرەكەیەو دواتر هەنگاو بە هەنگاو تا وای لێدێت یاری بە ئیش و كار دەكات...
گریانم دێت بۆ ئەو گەنجە دەست و پێ سپیانەی كە هەر دەخۆن و دەنونن و ڕەخنە دەگرن و هیچ هەنگاوێك نانێن، سەرەنجان پێشم دەڵێن قسەی زل دەكەیت كوا ئیش و كار؟! بڕۆ لەسەر بەردی ڕەق بژێوی بەدەست بێنە، بڕۆ و هەنگاو بنێ، تۆ مەبەستت بێت خودا پشتت دەگرێت و دەبیت بە خاوەنی ئیش و كاری خۆت ئەگەر كەمیش بێت، ئەگەر بتەوێت دەتوانیت...

 

هه‌واڵی گرنگ