هۆكارو زیانی گەرمبوونی بزوێنەر (بەرزبونەوەی حەماوە)ی ئۆتۆمبێل بزانە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هۆكارو زیانی گەرمبوونی بزوێنەر (بەرزبونەوەی حەماوە)ی ئۆتۆمبێل بزانە


لەم بەشەدا باس لەبەرزبونەوەی پلەی گەرمی بزوێنەر (حەماوە) دەكەین بەهۆكاری جیاجیا، چونكە كاریگەری لەسەر ئۆتۆمبێل دروست دەكات‌و دەبێتەهۆی لەكارخستنی بزوێنەرەكەی.
هۆكاری گەرمبوونی بزوێنەر:
أ: خراپبوونی سوڕی ساردكردنەوە:
1/ گیرانی ڕادێتەر بەهۆی پیسبوون یان لێچوون‌و كون بوونی.
2/ پچڕانی قایش پانكە.
3/ ناتەواوی لەهەندێك بۆرییەكانی ئاو‌و هاوپێچەكانی.
4/ وەستانی ترومپای ئاو (واتەر پەمپ) بەهەر هۆیەك بێت.
5/ كۆبونەوەی كلسی زۆر لەناو گیرفانی ئاوی (water jackets) بلۆكی لولەكەكان‌و سەری لوولەكەكان (cover).
6/ سوتانی واشەری گەورە (كاسكێت)ی نێوان بلۆكی لولەكەكان‌و سەری لولەكەكان.
7/ پانكە یاخود جۆزەی حەماوە، لەهەر كاتێكدا گرفتی تێدا دروست بێت، دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی حەماوە.
8: وەستانی وەلفی حەماوە كە لەپلەی گەرمی دیاریكراوی خۆیدا ئاڵوگۆڕی ئاو ناكات.
9: خراپبوونی سەری ڕادێتەر.
10: كەمبوونی ئاوی ناو ڕادێتەر یاخود خەزانی لاوەكی.
11: بوونی لیك لەدەبەی خەزانی لاوەكی یاخوود لەجۆینەكانی بۆریەكان كە ڕادێتەر بەبزوێنەرەوە دەبەستنەوە.
ب: ناتەواوی لەسوڕی سوتان، ئەوەش لەئەنجامی دواكەوتنی ئاگر‌و تێكچوونی تایمی ئامڕازی دابەشكردنی ئاگر (دیلكۆ).
ج: ناتەواوی لەسوڕی چەوركردن، كەمی ڕۆن. تێكچوونی سیستمی دابەشكردنی ڕۆن، وەستانی ترومپای ڕۆن (ئۆیل پەمپ).
د: ناتەواوی لەئامڕازی وەستان (ئیستۆپ) كارنەكردنی بەشێوەی ئاسایی خۆی لەسەر بەڕێوەبردنی ڕەوڕەوەكان بەهۆی جام بوونی بانسەكان.
ه: ناتەواوی لەئامڕازی كاربرێتەر، ئەنجام نەدانی كرداری تێكەڵكردنی بەنزین‌و هەوا بەڕێژەی پێویست بۆ ژووری سوتان.
شۆفێران ئاگاداربن زۆر مەترسیدارە...!!
1: بەرزبونەوەی گێچی حەماوە مەترسیدارە، بەتایبەت ئەگەر گێچەكە بگاتە ئاستی باڵا (H)، ئەوەش بەرزترین ئاستیەتی‌و پێویستە شۆفێر لەوكاتەدا ئۆتۆمبێلەكەی لای ڕاستی شەقام پارك بكات‌و بۆنیدەكەی هەڵبداتەوە، بۆ ئەوەی هەواگۆڕكێی زیاتر بگاتە بزوێنەر، وە نابێت ڕاستەوخۆ بزوێنەرەكە بكوژێندرێتەوە.
2: ڕاستەوخۆ دوای هەڵدانەوەی بۆنید، دەستكاری سەری ڕادێتەر نەكەیت، چونكە مەترسیدارە‌و بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمییەوە‌و پەنگخواردنەوەی هەڵم‌و ئاو لەناو ڕادێتەر، دەبێتەهۆی هەڵبژانی بەدەم‌و چاو‌و سوتاندنی روخسار‌و جەستەت.
3: سەری دەبەی لاوەكی رادێتەر لاببە، تاوەكو هەوای گەرمی ناو ڕادێتەر دەربچێت، ئەگەر پێویستی كرد، بەپێی پێویست ئاو بكەرە ناو دەبەكەوە، بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبێلەكە دەبەی لاوەكی خەزانی ئاوی نەبوو، دەبێت چاوەڕێ بكەیت تاوەكو ڕادێتەرەكە سارد دەبێتەوە، دواتر سەری ڕادێتەر لاببرێت‌و پڕ بكرێتەوە لەئاو.
4: ئەگەر ئاوی ڕادێتەرەكە كەمی كردبوو، ئەوا لەجاین‌و بۆرییەكانییەوە بەدوای لیك‌و لێچوندا بگەڕێ، چونكە لەكاتی بەرزبونەوەی حەماوەدا هەست بەبونی لیك دەكرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو پەستانە زۆرەی دەكەوێتە سەر ڕادێتەر‌و بۆڕی‌و جاینەكان.
5: ئەگەر هیچ زانیارییەكت لەوبارەیەوە نەبوو، داوای هاوكاری لەكەسێكی شارەزا یاخوود شۆفێرێك بكە. بەڵام پێویستە لەوكاتەدا:
أ: تەبریدی ئۆتۆمبێلەكەت بكوژێنیتەوە، چونكە هەڵكردنی تەبرید پلەی گەرمی بزوێنەر بەرز دەكاتەوە.
ب: گەرمی ئۆتۆمبێل كارپێ بكە، چونكە بەشێك لەو گەرمییەی لەناو بزوێنەردایە، لەو ڕێگەیەوە دەچێتە دەرەوە، ئەگەر زۆر گەرم بوو، جامەكان بكەرەوە.
ج: زۆر بەهێواشی لێبخوڕە تا دەگەیتە سەنتەرێكی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل.
*زیانەكانی بەرزبوونەوەی (حەماوە):
1: زیاد لەپێویستی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی بزوێنەر.
2: سوتانی كاسكێت.
3: تێكەڵكردنی ئاوو ڕۆن لەناو بزوێنەر‌و لەكارخستنی بزوێنەرەكە.
*چۆن ئۆتۆمبێلەكانمان لەبەرزبونەوەی حەماوە بپارێزین؟
1: پشكنینی ڕۆن‌و ئاوی ڕادێتەر یاخود دەبەی خەزانی لاوەكی ڕادێتەر، بەیانیان پێش ئیشپێكردنی ئۆتۆمبێل.
2: بەكارنەهێنانی ئاوی ئاسایی، چونكە كلۆری تێدایە‌و دەبێتەهۆی ئەوەی جۆزەی ڕادێتەرەكە بگرێت‌و ئۆتۆماتێك نەكات، بەوەش پانكەكەی لەكاردەكەوێت‌و پلەی گەرمی بزوێنەر بەرز دەبێتەوە.
3: زوو زوو ساردكردنەوەی ڕادێتەر بەتایبەت لەهاویناندا، چونكە پلەی گەرمی بەرزە‌و دەبێتەهۆی زیاتر بەرزبونەوەی پلەی گەرمی بزوێنەر.
4: هەڵگرتنی ئاوی زیادە، لەكاتی بەرزبوونەوەی حەماوەدا سوودی زۆری دەبێت بۆ ڕادێتەر‌و ساردكردنەوەی.
5: پێویستە هەموو ساڵێك ڕادیتەر شیش (flushing) بكرێت، بۆ ئەوەی توشی گیران نەبێت.
6: پێویستە هەموو هەشت ساڵ جارێك ڕادێتەر بەتەواوەتی بگۆڕێت.
7: سەری قەباغی ڕادێتەر پێویستە هەموو دوو ساڵ جارێك بگۆڕدرێت.
*چۆن بزانین كاسكێت‌و كەوەری بزوێنەر خراپ بووە؟
سەرقاپی بزوێنەر كە ناوە زانستیەكەی كەڤەر یان كەوەر، پارێزگاری لەچوونە ناوەوەی هەوای دەرەوە دەكات بۆ ناو بزوێنەر، لەكاتی خراپبوونیدا هەوای دەرەوە‌و پیسی دەچێتەناو بزوێنەرەكەوە، بەو هۆیەشەوە فشار دەخاتە سەر ئاوی ناو بۆرییەكانی ڕادێتەر‌و دەبێتە هۆی بەهەڵم بوونی ئاوی ناو ڕادێتەر.
لەهەمانكاتدا بەخراپ بوونی كاسكێتی ژێر كەوەر، ئاوی ناو ڕادێتەر دەبێتە هەڵم، بۆ دڵنیابون لەسەلامەتی یاخود زانینی خراپ بوونی كاسكێت‌و كەوەری بزوێنەر، پێویستە ئەم خاڵانە بگیرێتەبەر:
1- ماوەی دوو خولەك كار بەبزوێنەرەكە بكرێت.
2- دوای ئەو دوو خولەكە سەری ڕادێتەرەكە بكرێتەوە.
3- بەدەست فشار بخرێتە سەر ڕادێتەرەكە كە بەهیچ شێوەیەك هەوا نەچێتە ناو ڕادێتەرەكەوە، كەسێكی دیكە بەتوندی پێ‌ بخاتە سەر پایدەری بەنزین كە پێوەری فشاری بزوێنەر بگاتە پلەی (5)و دوای دوو خولەك كارپێكردنی بزوێنەر ئاسایی بكرێتەوە.
4- بەشێوەیەكی كتوپڕ دەست لەسەر ڕادێتەرەكە لاببرێت.
5- ئەگەر لەدوای دەست لابردنەكە ئاو لەڕادێتەرەكە هاتە دەرەوە، نیشانەی ئەوەیە سەرقاپی بزوێنەرەكە (كەڤەر) خراپ چوە یان توشی داخوران بوە‌و پێویستە بەزویی چارەسەری بۆ بكرێت، لەوكاتەدا ئاماژەیە بۆ خراپ بوونی كاسكێتی نێوان بەشی خوارەوەی بزوێنەر‌و كەوەر، بەردەوام ئیشپێكردنی بزوێنەر، دەبێتەهۆی ئەوەی دوای ماوەیەك ئاو ‌و ڕۆنی بزوێنەر تێكەڵاو ببێت، بەوەش لەناو خەڵكدا بڵاوە كە دەڵێن كاسكێتی بزوێنەرەكە سوتاوە.

 

ئامادەكردنی: بیلال جەعفەر

 

هه‌واڵی گرنگ