یەكگرتووی ئیسلامی پاشكۆیەتی یان سیاسەتی واقیعیانە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

یەكگرتووی ئیسلامی پاشكۆیەتی یان سیاسەتی واقیعیانە

 

       مەسعود بارزانی بانگهێشتی لایەنە سیاسیەكانی كرد بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك لە ئاستی باڵا لە ڕۆژی چوارشەمە ڕێكەوتی (7 /6/2017) ، بەمەبەستی قسە كردن لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و كێشە نێوخۆییەكانی هەرێم .


یەكگرتوو دوای تاوتوێ كردنی بابەتەكە بڕیاری بەشداری كردنی دا لە كۆبونەوەكەدا و بە پێچەوانەوەشەوە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بەشدارییان نەكرد بە بیانوی ئەوەی كە ئەم كۆبوونەوەیەش وەكو كۆبوونەوەكانی پێشتر هیچی لێ سەوز نابێت و هیچ شتێكی نوێ لە خۆ ناگرێت .


ئەم كۆبوونەوەیە لەگەڵ كۆبوونەوەكانی تری لایەنە سیاسیەكان جیاوازی هەبوو بەوەی كە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە(25) ی ئەیلول و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم لە (6) ی تشرینی دووەم ی تیایدا درا.
هەر لەو كۆبونەوەیەدا لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروست كرا كە نوینەری سەرجەمی لایەنە سیاسیەكانی تیادا بوو جگە لە بزوتنەوەی گۆران و كۆمەڵ، دواجار لیژنەكە دەستی كرد بە جێبەجێكردنی كارەكانی و لە كاتی خۆی و لە (25) ئەیلول پرۆسەی ریفراندۆم بەڕێوەچوو ، سەرەڕای بوونی هەندێ تیبینی ، بەزۆرینەی دەنگی (بەڵێ) پرۆسەكە بەسەركەوتوویی كۆتایی هات .


پرسیار لێرەدا ئەوەیە وەختێ یەكگرتوو بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەدات وەك لایەنێكی سەرەكی لەگەڵ لایەنەكانی تردا و بەتایبەت پارتی و یەكێتی ئایا ئەمە پاشكۆیەتییە؟


ئایا دەكرێت پارتێكی وەكو یەكگرتوو كە پرسی سەربەخۆیی كوردستانی وەك ستراتیژ لە دوو كۆنگرەی رابردوویدا چەسپاندوە و ئێستاش بە كردار هەوڵی بۆ دەدات بە پاشكۆیەتی ئەژمار بكرێت ؟
كاتێك كە بیرو ڕاو سیاسەتەكانی حزبێكی وەكو یەكگرتوو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمان كوردستان لەسەر پرسێكی هەستیاری وەكو ڕیفراندۆم و پاشان سەربەخۆیی كوردستان ڕاستەوانە و هاوتەریب دەبێت ئایا ئەمە شوێنكەوتن وپاشكۆیەتییە؟
یەكگرتووی ئیسلامی بە خوێندنەوەیەكی وردی بارودۆخەكەو هەل ومەرجی سیاسی لە هەرسێ لایەنی نێوخۆیی و ئیقلیمی و نێو دەوڵەتی دەگاتە ئەو بڕوایەیەی كە لە ئێستا دا كەشێكی گونجاو بۆ هەرێمەكەمان هاتۆتە پێشێ كە ڕەنگە بە سەدان ساڵی دی هەلی لەو جۆرە هەڵنەكەوێتەوە و لەدەستمان بچێت، بۆیە بە فەرامۆشكردنی ناكۆكیە سیاسیەكان لەگەڵ حیزەبەكانی دەسەڵات و بە پشت گوێ خستنی كێشە نێوخۆییەكان لەم كاتەداو لەبەر خاتری پرسی سەربەخۆیی كوردستان كە خەونی سەدان ساڵەی گەلەكەمانە، بڕیاری بەشداری پرسی ریفراندۆم و سەرخستنی دەدات ، نەك لەبەر خاتری ئەم حیزب وئەو حیزب، یاخود لەبەر فشار و زەختی ئەم وئەو .


بەڵی یەكگرتوو باش ئەوە دەزانێت كە لەناو خۆی هەرێمدا دەیان و سەدان كێشەی كەڵكەبوو لە ئابووری ، سیاسی ، ئیداری ....هتد لەسەر دەستی هەر دووپارتی دەسەڵات بوونی هەیە ، بەڵام وەختێ بەراوردی ئەم كێشانە دەكات بە پرسێكی هەستیاری وەكو سەربەخۆیی ، ئیدی ئەم كێشانە بچوك دەبنەوە لە ئاست ئەو پرسە گرنگەدا.


هەر هەمان تێگەیشتنیش بوو وای لە گەلەكەمان كرد كە ڕۆژی ( 25) ی ئەیلول كێشە نێو خۆییەكان لە بڕینی موچەو كەمی خزمەت گوزاریەكان و دزی و گەندەڵی لەلایەن دوو پارتی دەسەڵات وەلا بنێن و بەگەرمی بەشداری ریفراندۆمیان كردوو پرۆسەكەیان بە سەركەوتن گەیاند.


تەنانەت لە دواساتەكانی پێش دەست پێ كردنی پرۆسەكە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیش- كە لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەكەدا نەبوون لەم كاتەدا- خستە ئەمری واقیعەوەو بەپەلە كۆبوونەوەیان ئەنجامداو بڕیاریاندا بەشداری پرۆسەكە بكەن و سەركردەكانی هەردوو حیزبەكەی هێنایە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگیان بە بەڵی دا بۆ سەربەخۆیی كوردستان .


بۆیە دەلێم ئەوە تێگەیشتنی یەكگرتوە لە واقعەكە و مامەڵەكردنی هەستیارانەیەتی لەگەڵ دۆخەكە و پرسی سەربەخۆیی ، بۆیە زۆر ڕاشكاوانەو سەربەرزانە بە ئەجێندایەكی ڕوونەوە بە وەحدەتی بڕیارەوە بەشداری لە پرۆسەكە كردوو تا كۆتا هەنگاوی بە دەست هێنانی سەربەخۆیی بەردەوام دەبێت، تاكە حیزب بوو لە دوای پارتی وەحدەتی بڕیاری هەبوو لەو پرسە گرنگەدا لەكاتێكدا حیزبی تر هەبوون هەتا دوا ساتەكانی دەست پێكردنی پرۆسەكە جۆرێك لە ڕاجیایی و دوودڵی هەبوو لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە - بەتایبەت لە شاری كەركووك و ناوچە جێ ناكۆكەكان - و هەوڵی دواخستنیشی دەدا .


كەواتە ئەوە یەكگرتووە پاشكۆیەتی و ڕەدوو كەوتنی هیچ حیزبێك قەبووڵ ناكات و سەربە خۆیانەو حەكیمانە هەنگاو دەنێت و پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان و بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلەكەمان بە ئەولەویەتی كارەكانی ئەژمار دەكات ، ئایندەش ئەمە زیاتر ڕووندە بێتەوە.

هه‌واڵی گرنگ