لە ساڵیادی ئیعلاندا، لە بری چرپە هاوار بكەن
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لە ساڵیادی ئیعلاندا، لە بری چرپە هاوار بكەن

لە ساڵیادی ئیعلانی (یەكگرتوو)دا، لە دوای 30 ساڵ خەبات و كاركردنی بێ‌ وچان.دەمانەوێ‌ لەم كورتە بابەتەدا، خوێندنەوەیەكی خێرا و، چاوخشانێكی سەرپێیی بەم حیزبەدا بكەین.
دیارە بە دڵنیایەوە خەڵكی كوردستان بە سەرجەم چین و توێژ و لایەن و فیكر و، حیزب و رێكخراوەكان، ئەم حیزبە دەناسن و بە رابردوی دوور و نزیكی ئاشنان و، كاری ئێستا و رابردووی، هەروها مەنهەج و شێوەی مامەڵكردنی (یەكگرتوو)بۆ هەموان روون و ئاشكرایە.
تێڕوانین و بۆچوونی(یەكگرتوو)، لەسەر پرسە هەستیارەكانی وەك خاك و نەتەوە و زمان و، ئاین و كلتور لەكەس شاراوە نیە.
ئاشكرایە بەڕای هەندێ‌ كەس (یەكگرتوو) لە ساتەوەختی ئیعلانكردنیدا، تەنێكی نامۆ و مەخلوقێكی غەیب بووە،بە عەقڵی كەسانێكی تر خەریكی كارێكی بێ‌ هودە و هەوڵێكی شكست خواردوو بووە. بەڵام واقیعی عەمەلی 30 ساڵەی(یەكگرتوو) بۆ دۆست و دوژمنی سەلماند كە رێگای خزمەتكردن بە ئاین و نیشتیمان، تەنها لە حاڵەتی زۆر تایبەت، پێویستی بە پەنا بردن بۆ چەك هەیە،ئەگەر نا زۆربەی كاتەكان و لە دۆخی ئاسایی و یاساییدا،ئەوە خەباتی مەدەنی و بیری میانڕەوەی باشترین میكانیزمە بۆ گەیشتن بە مەنزڵ.
(یەكگرتوو) وەك حیزبێكی پاشخان ئاینی لە ماوەی ساڵانی دوای ئیعلانكردنیدا، هەردەم یان زۆر جار ستەم لێكراو و مافخوراو بووە،لە بەرامبەردا نە ستەمی لەكەس كردوە نە مافی كەسی زەوتكردوە.
خەسڵەتەكانی ئەم حیزبە وابووە زۆر جار شەڕی پێفرۆشراوە بەڵام نەیكڕیوە،بارەگانی سوێتنراوە بەڵام بەردێكی لە بارەگای خەڵكانی تر نەگرتوە،خوێنی بە ناحەق رژاوە، لە بەرامبەردا لوتی كەسی نەپژاندوە،تۆمەتی زۆر بۆ هەڵبەستراوە، لەبەرامبەردا ئەو بە بەڵگە ئەستۆ پاكی خۆی سەلماندە.
لە نەوەتەكانی سەدەی پێشوو، لایەنەكان شەڕی نەگریسی ناوخۆیان خوڵقاند،لە بەرامبەردا (یەكگرتوو) مناڵی قوربانیەكانی هەردوولای شەڕەكەی بەخێو كرد،لە كاتی دابەشكردنی پۆستە حكومیەكان غەدری لێكراوە،بەڵام (یەكگرتوو) لەبەر بەرژەوەندی گشتی قسەی نەكردوە...تاد.
جگە لەمانەش بەردەوام ئەندام و لایەنگرانی باجی سیاسیانداوە و نانبڕاوكراون،ئەوانەشیان كە لە هەر دامودەزگایەكی ئەهلی یان حكومی كاریانكردوە، سەرمەشقی جوانی و راستگۆیی و پابەندبوون بەدەوام و یاساوە بووین.
بە خۆشحاڵیەوە هەردەم بەندیخانەكانی كوردستان خاڵی بووین لە ئەندامانی ئەو حیزبە، بە سەربەرزیەوە دڵوپێك خوێن بەدەستی ئەوان نەڕژاوە،تانكەرە نەوت ئاودیو نەكراوە،فەردە دۆلار لە ژێرزەمینەكان پەردەپۆش نەكراوە،كۆمپانیای حیزبی بەناو ئەهلیان دانەناوە،تەندەریان وەرنەگرتوە و نرخی خەیاڵیان لێدنەداوە،دەستی وڵاتانی دراوسێیان نەگرتوە و، پاشكۆیی و بوون بە پیاوی ئەم و ئەویان بەلاوە ناوە، لە پەنای خاك و نیشتیمان و نەتەوە، دووبەرەكیان دروست نەكردوە و چاڵیان بۆ كەس لێنەداوە.ئەوانە هەر هەموویان مشتێكن لە خەرمانێك بەڵام...
بەڵام لەگەڵ ئەم مێژووە پاكە و دنیایەك لە كاری چاكەدا، وەك پێویست هاواری ناخیان بە خەڵك نەگەیاندوە!!!تا ئێستا نەیتوانیوە قەناعەتی سەد لەسەد بۆ خەڵك دروستبكەن كە ئەوان فڵان و فیسار نین و، بڕوایان بە كوشتن و سوتاندن و وێرانكردن نیە. بڕاویان بەوە نیە خەڵك ناچار بكەن یەك دەنگ و رەنگ بن،قەناعەتیان بەوە نییە بە زۆر و زۆرداری دین بەسەر شوێنكەوتوانی ئاینەكانی تردا بسەپێنن،قەناعەتیان بە شەڕی بێ‌مانا و خۆشاردنەوە لەپەنای خوا و بوون بە وەكیلی خوا نییە لەسەر زەوی ...تاد.
سەركردەكانی ئەم حیزبە بۆ لە بری چرپە پڕ بەدەمیان هاوراێك ناكەن هەموو دنیا بیبیستێ‌ و بڵێن، دینداری لای ئێمە كردارە نەك ئاڵاو شیعار،بۆ ناڵێن میانڕەوی و قبوڵكردنی ئەوانی تر لای ئێمە قەناعەت و فیكرە نەك تاكتیك و سیاسەتی رۆژ،بۆ ناڵێن ئێمە تا ئەو شوێنەی دەسەڵاتمان بووە خەریكی بوژانەوە و ژیانەوەی سەرخان و ژێرخانی وڵات و، ئارامكردنەوەی دڵەكان بووین،بۆ ناڵێن ئێمە نە شوێنێكمان وێران كردوە، هیچ دڵێكمان بۆ توندڕەوی نەجۆشاندوە، كەسمان غەسڵ دەماخ نەكردوە بۆ خۆتەقاندنەوە و رەشەكوژی، بۆ ناڵێن ئەگەر بە ناحەق واقیعێك دروستكرابێ‌ كە جگە لە ئەندامانی دوولایەن كەسی تر بۆی نەكرابێ‌ بە چەك پارێزگاری لە وڵات بكات، ئەوە ئێمەش بە فیكر و قەڵەم بەرەی دوژمنمان لەم هەرێمە لاوازكردوە و بازاڕمان كز كردوە،بۆ ناڵێن ئەو مەدرەسە و مزگەوتانەی كاتی خۆی بەدەستی هێزە ئەمنیەكان داخران، ئەو مامۆستا و كادیرانەی ئازار و ئەشكەنجەی رۆحی و جەستەیی دران، نەك ئێستا بەڵكو ئەوسا،ئەوان سەرقاڵی ئەوەبوون گەنجانێك پەروەردە بكەن كە ئەمڕۆ بیری داعشیەت رەتكاتەوە و هەرگیز بارگاوی نەبن بە فیكری ئیرهاب و توندڕەوی، ئیتر لە بەرامبەردا ئەوكات ئێمە ئازاری خۆمان و كادیرەكانمان قبوڵكرد لە هێزە ئەمنیە كوردیەكان،تاوەكو جەستەی نیشتیمان زیاتر ئازار نەدرێ‌ و، وڵات پڕ نەبێ‌ لە ئەفكاری داعش و داعشیەكان.
هەموو ئەوانە نە حیكایەتی شەوانی زستانن، نەخەیاڵی چیڕۆك و پاڵەوانی رۆمانەكان، نا هەر هەموویان راستی حاشا هەڵنەگرن،بەڵام بە هۆی جەنجاڵی و ژاوە ژاوی دنیا، بەداخەوە گۆێچكەی خەڵكانێك نەخۆشن و باش نابیستن،بۆیە پێویستە لەبری چرپە باشتر و قایمتر هاوار بكرێ‌، هاوارێك نەك گوێچكە نەخۆشەكان،بەڵكو ئەوانەش كە كەڕن لە مێشكیاندا دەنگداتەوە و بیبیستن.

هه‌واڵی گرنگ