مامۆستایان لەوەزیاتر چیان پێدەکرێت!.
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

مامۆستایان لەوەزیاتر چیان پێدەکرێت!.

زیاتر پێنج مانگە مامۆستایان و بەشێک لە مووچەخۆران هەڵوێستیان وەرگرتووە. بایکۆتیان کردوە بە دروشمی خەباتی مەدەنیان لە پێناو جێبەجێکردنی خواستەکانیان. لە ڕاستیدا خواستی ئەوان هەمان خواستی سەرجەم چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگەیە. لە پێدانی مووچە شایستەداراییەکانیان و دابینکردنی ژیانێکی شایسته و شکۆمەندانە، نەک تەنها بۆخۆیان بەڵکو بۆ تەواوی مووچە خۆرانی کوردستان، لەو پێناوەدا وەک سەرمەشق خۆیان کردوە بە واجیهە و سورەی بەرلەشکر و ئامادەی هەموو قوربانیەکن.
ئاخر مەعقول چییە لە کوردستان، ئەوەی گرنگی پێنەدرێت سلکی پەروەردەیە، ئەوەی گوێی لێنەگیرێت مامۆستایە، لەکاتێکدا مامۆستایان سیمبوڵ و شکۆی پێگەیاندنی نەوەکانی نەتەوەیەکن، ئەگەر سلکی سەربازی سیمبوڵی گیانفیدایی و پاراستنی وڵات بێت، ئەوا مامۆستایان هەمیشە بەدەستێکیان چەکی قەڵەم و بەدەستەکەی تریان چرای زانست و پەروەردە و بناغەی داهاتووی نەوەیەکیان لە ئامێز گرتووە. لە شۆرشە یەک لە دوایەکەکاندا دەست لەسەر سنگ ئامادەگیان هەبووە. ئەگەر لە داڕێژەرانی چەخماخەی شۆڕش و وزەپێدانی فەلسەفەی کوردایەتی و وڵاتپارێزیدا نەبووبن ئەوا ئەوان بوون ساڵانێکی زۆر بانگیان هەڵدەدا و نەوەکانیان لەسەر وانەکانی (چەک هەڵگرن بابا برام چەک هەڵگرن هەموو بۆ خەبات ڕاپەڕن...هتد) بەگیانێکی خەباتگێڕانە و پەروەردییانە گۆش دەکرد. ئەوان لە ڕابردودا داهێنەری پێکەوە گرێدانی خەباتی چەکداری و سیاسی و مەدەنی بوون، لە ئێستاشدا خەبات دەکەن بۆ ڕەتکردنەوەی ستەمکاری و بەدەستهێنانی ماف، بە گرتنەبەری ڕێگای ئاشتیانە و سەردەمیانە.
بەدی لەسەردەمی بەهەرێمبوون و کیانی کوردایەتی بەدیهێنانی خەونی خۆبەڕێوەبەریدا، بە پێنەدانی مووچە و بەدوژمن تەماشاکردن پاداشتیان دەدەنەوە. ئەی نابێت ئەو ڕاستیه بزانن
بوونیادنانی شارستانی تەنها پێویستی بە هێزی شەڕ و بەریەت نییە بەڵکو پێویستی بە هێزی خێر و مەدەنیەتە. دروشمەکانی سەردەمی نوێ، لەسەر بنەمای پەروەردە و فێرکردن بوونیادنراوە.
خۆشبەختانە هێشتا قەڵەم بەشێوەیەک، هێز و گوڕی تێدا ماوە کە بەشدارە لە بوونیادنانێکی کارای شارستانی و پێکەوەژیان و پێگەیاندنی نەوەیەکی وشیار لەسەر بنەمای پێشکەوتنی وڵات.
ئاخر کەی ڕەوایە لەسەردەمی ماف و ئەرکدا، یاری بەقوت و بژێوی و شکۆیی ئینسانەوە بکرێت.
ئەگەر مامۆستا بێ هەڵوێست بێت ئەی سەرقافڵەی شۆڕشی سپی مەدەنی بێت و کێ وانەکانی وشیاری کۆمەڵگە و دەنگ هەڵبڕین لەبەرامبەر ناهەقی و زوڵم و ستەمدا بێنێتەگۆ.
بۆ دەبێت لەم وڵاتە هەر چینێک، لە بەمبەر پێنەدانی مافەکانی هەڵوێست وەربگرێت بە دوژمن و خیانەت کار و بەهانەی تیۆری موئامەرە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەتیجەش بەجێهێشتنی وڵات یان بە گرتن و بەندکردن و سزادان وەڵامی بدرێتەوە.
هەتاکەی ئەو لۆجیکە دەکەن بە باو؛ هەرشتێک لەم هەرێمە ڕوو بدات ئەوا بێشک (دەستێکی لەپشتەوەیه).
ئایا ئەو هەڵوێستە مەدەنیانەی مامۆستایان تەبەنی دەکەن شایانی ئەوە نەبوو، دەسەڵاتی بهێنایەگۆ و هەموو شەریحەکانی تری کۆمەڵگەش پاڵپشت بوونیایە و بەشێک بوونایە لە شۆڕشە مەدەنیەکەی مامۆستایان لە پێناو بەدەست هێنانی ماف و بەدیهێنانی ئامانج.
تاکەی دەسەڵات چێژ لەوە دەبینێت ستەم لە هاوڵاتیانی خۆی بکات لە لایەک بە پێنەدانی مووچەکان و شایستەداراییەکانیان لەلایەکی تر بەو هەموو باج و ڕسوماتەی لەم کاتی قەیرانەدا خستیویانەتە سەر شانی میللەت.
ئایا دەسەڵات دوای ئارامگرتنی میللەت به زیاتر لە بەڕێکردنی دەساڵی پڕ لەقەیران و تەقەشوفات و بەردەوامیدان بە قەیرانەکان هەر لە قەیرانی سیاسی و ئابووری...هتد بەڕێکردنی چەندین شێوەی ستەمکاری لە پێدانی مووچە، جارێک بەناوی نیوو مووچە جارێک پاشەکەوت جارێکی تر (مووچە شایستە نەدراوەکان). لە حکومەتی کوێی دونیادا هەیه ساڵ بۆ مووچە خۆران لە دوانزە مانگەوە ببێت بە نۆ مانگ یاخود دوو مانگ جارێک مووچە دابەشبکرێت!. ئەی نەنگی نییه و هەتاکەی هاتنی مووچە هەواڵی بەپەلەی سەر شاشەکان بێت؟ بۆ دەبێت بۆ مووچە ئولفەت بە شاشەوە بگرین، تاکەی مووچە دابەشکردن دەبێت بە مژدانە. ئایا دوای دەیان ساڵ قەیرانی جۆراوجۆر، چاکەی مامۆستایان و چینی مووچەخۆران بەو شێوەیە دەدەنەوە.
دەبوو هەڵوێستە مەدەنیەکەی مامۆستایان شکۆدار کرابا دەسەڵات و کۆمەڵگە بەچاوی ڕێزەوە پاڵپشت و وەڵامگۆی داواڕەواکانیان بووبان. شۆڕشی سپی بکرابایە نەریتێک لە خەباتی مەدەنی. هەرهیچ نەبێت پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و مووچەخۆرانتان وەک خەڵات بکردایە بیانوو بۆ شکاندنی بایکۆت نەوەکو لە هەمبەر شکاندنی بایکۆت دڵی مامۆستایان و مووچەخۆران بشکێنن شکۆ و کەسایەتی مەعنەویان بخەنە ژێر پرسیارەوە بەزۆر ناجار بە دەوام کردنیان بکەن.
چۆن ویژدانتان ئاسوودەیە، بە بەرچاوی مووچەخۆرانەوە دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە بۆ چینێک هەبێت و بۆ چینەکانی تر لەنێویاندا مامۆستایان بێ سۆراغ بهێڵنەوە؟!.
ئایا هەڵوێست وەرگرتن بە زیاتر لە پێنج مانگی مامۆستایان، بەس نییە بۆ دەسەڵاتدارانێک وێژدانیان هەبێت و گوێیەکیان هەبێت بۆ بیستن، چاوێکیان هەبێت بۆ بینین. بۆ بیستنی موعاناتی موچەخۆران و بینینی مەینەتییەکانی ژیانیان.
ئایا پەیامەکە وەکو خۆی نەگەیشت، هەر بەڕاست دەتانەوێت مامۆستایان لەوە زیاتر چی بکەن؟!.

هه‌واڵی گرنگ