٢٥ /٣ یادی ٣٣ ساڵەی هێرشی دڕندانەی (موجاهیدینی خەلق) بۆ سەر (کەلار).
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

٢٥ /٣ یادی ٣٣ ساڵەی هێرشی دڕندانەی (موجاهیدینی خەلق) بۆ سەر (کەلار).

ڕۆژی ٢٥ / ٣ یادی پەلاماری دڕندانەی تاقمی بەناو (موجاهیدینی خەلق) بوو ، لەڕێگەی (جەلەولا) وە بۆسەر شاری (کەلار) کە بە بەسواری ژمارەیەک تانک و زریپۆشی سوپای ئێراق دزەیان کردە ناو کەلارەوەو پەلامارەکەیان بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک هاووڵاتی لە پیاوو ژن و مناڵ لەگەڵ پێشمەرگەیەکی بزوتنەوەی ئیسلامی .
ئەو هێرشە لەناکاوە ، تەنها (١٦ ڕۆژ) پاش ئازادکردنی کەلار لە چوارچێوەی ڕاپەڕیندا ،ڕوویدا..
کاتژمێر ٧-٨ ی بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٥ / ٣ / ١٩٩١
کە مانگی ڕەمەزان بوو ، بە تانک و زریپۆشی ئێراقی ، چەکدارەکانی (موجاهیدین) هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر کەلار..
بەداخەوە لەئەنجامی بێ پلانی هێزەکانی بەرەی کوردستانی و قایم نەکردنی سنورەکەوە ڕوویدا.
وەک هەندێ باسیان دەکرد گوایە تانکەکان بۆ چەواشەکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی هاتنە ژوورەوەیان ،وێنەی سەرکردە کوردەکانیان هەڵگرتوە.. بەڵام من بۆ خۆم - کە لەسەرەتای هێرشەکەوە تاکو کۆتایی پێهێنانی لەوێ بووم- هەستم بەوە نەکردو هیچ وێنەیەکم نەبینی ، بەڵکو ئەوەی من ئاگاداربم ئەوان هەستیان بە نەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو مەودایەی نێوان جەلەولاو کەلار کردبوو ،کە زیاتر لە
٤٥ کیلۆمەترە ، بۆیە بەئاسانی هاتنە ژوورەوە.
لەژێر کاریگەری بۆردومانی ئەو هێزە پەلاماردەرەی موجاهیدینی خەڵقدا ، بەجارێ خەڵکی شار لەماڵەکانیان دەرچون و بەرەو باکوری شارەکە کۆڕەویان کرد..
دوای ئەوەی دوو تانک و زریپۆشێک بەناوشاردا تێپەڕین و لە بەردەم نەخۆشخانەی گشتی کەلار، سۆپەرە سوورەکەی (دکتۆر محەمەد میرزا) یان دایە بەر دۆشکەو لەئەنجامدا کچە ١٠-١٢ ساڵانەکەی د.محەمەد و (محەمەد پەژاری شاعیر )بوونە قوربانی دوو دکتۆرەی ژنیش کە لەناوهەمان ئوتومبێلدا بوون ، بەسەختی بریندار بوون و دواتر ئەوانیش گیانیان لەدەسداو تەنها د.محەمەد بەسەلامەتی دەرچوو..
خۆشبەختانە ، هێشتا ئەو دوو تانک و زریپۆشە جێگەی خۆیان لەسەروی شار( بەردەسور)قایم نەکردبوو، مەفرەزەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی کە پێکهاتبون لەخەڵکی کەلارو هەڵەبجەو هەورامان ، لەگەڵ مەفرەزەیەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گەیشتنە سەریان و بەتوندی و خێرایی لێیان هاتنە دەست و یەکێک لەتانکەکانیان سوتاند و دەستیان بەسەر تانکەکەی تردا گرت و زریپۆشەکەش کەژمارەیەک چەکداری موجاهیدینی نێو هەردوو تانکەکەشی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو ، لەکاتی پاشەکشەدا بەرەو خوار بۆ دواوە ، لەنزیک (قەڵای شێروانە) لەلایەن مەفرەزەیەکی بزوتنەوەی ئیسلامیەوە کە لەکەمیندا بوون بۆیان ، کرایە ئامانج و تێک شکێنراو لەئەنجامی شەڕێکی ڕووبەڕوی خێرادا ، هەموو چەکدارەکان کوژران و بەمەش هێرشەکە هەرچەندە ژمارەیەک شەهیدو برینداری لێکەوتەوە ، بەڵام بەشکستی موجاهیدین کۆتایی هات و تانک و هێزەکانی دیکەشیان ،کە لەباشوری کەلار خۆیان مەڵاس دابوو ، کشانەوە بۆ دواوە بەرەو جەلەولاو دیالە.

هه‌واڵی گرنگ