یاری لووتكە ئیسپانیا و بەرازیل لەبێرنابیۆ كۆ دەكاتەوە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

یاری لووتكە ئیسپانیا و بەرازیل لەبێرنابیۆ كۆ دەكاتەوە

 

یارییەكی لوتكەیی دۆستانە، ئامادەكاری بۆ دوو پاڵەوانێتی جیاواز لە سانتیاگۆ بەرنابیۆ بەرازیل و ئیسپانیای خاوەن ماڵ كۆدەكاتەوە.

ئەمە دووەمین یاری دۆستانەی بەرازیل دەبێت بەسەرپەرشتی دۆریفال جۆنیۆری راهێنەری نوێ پاش ئەوەی لە یاری یەكەم لە وێمبڵی بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر بردنەوەی بەرامبەر بە ئینگلتەرا بەدەستهێنا.

ئەم راهێنەرە هەوڵ دەدات بەرازیل بۆ ئاستی راستەقینەی خۆی بگەرێنێتەوەو ئاستی تیپەكە بەرز بكاتەوەو وەك جاری جاران بەرازیل ببێتە مایەی مەترسی بۆسەر هەموو تیپەكان.

بەرازیل خۆی بۆ كوپا ئەمەریكای داهاتوو ئامادە دەكات كە بریارە لە هاوینی داهاتوو لە وڵاتی ئەمەریكا ئەنجام بدرێت و لە كۆمەڵەی چوارەم شان بەشانی كۆڵۆمبیا و پاراگوای و جامایكا یاری دەكات.

بەرازیل بەر لە كوپا ئەمەریكاش دوو یاری تری دۆستانە بەرامبەر بە هەڵبژاردەكانی ئەمەریكا و مەكسیك ئەنجام دەدات.

ئەوەی تایبەتە بە هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە چەند رۆژی رابردوو لە یارییەكی دۆستانە بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر بە كۆڵۆمبیا دۆرا، ئێستاش ئەم تیپە نایەوێت توشی دۆرانی دووەمی لەسەریەك بێت هەرچەندە ئەركیشی ئاسان نیە.

ئیسپانیا خۆی بۆ یۆرۆی داهاتوو ئامادە دەكات و لە كۆمەڵەی دووەم شان بەشانی كرواتیا و ئیتاڵیا و ئەلبانیا یاری دەكات.

هەرچەندە گومان هەبوو لە بەشداریكردنی رۆدری هێرناندێزی یاریزانی مانچستەرسیتی لەگەڵ ئیسپانیا، بەڵام راهێنەری هەڵبژاردەكە لویس دی لافۆنتی دووپاتیكردەوە بەهۆی كارێكی تایبەتی خێزانی لە تیپەكە دابرا، بەڵام ئێستا ئامادەیەو بەشداری لە یارییەكە دەكات.

ئەمە یەكەمین یاری دۆستانەی نێوان هەردوو تیپە ئەنجام دەدرێت، پێشتر شەش جار بەرامبەر یەكتری یارییان كردووە، پێنج جار لە جامی جیهانی بووەو جارێكیش لەیاریكۆتایی جامی كیشوەرەكان بووە.

بەرازیل لە چوار یاری براوە بووەو ئیسپانیاش لەیەك یاری و لە یەك یاریش بەرامبەر بوونە،ئیسپانیا 90 ساڵە بەرامبەر بەرازیل براوە نەبووە، بردنەوەكەی لە مۆندیالی 1934 بووە، دواین بردنەوەی بەرازیلیش بەرامبەر ئیسپانیا بۆ یاریكۆتایی جامی كیشوەرەكانی 2013 دەگەرێتەوە كاتێك بەرازیل بە سێ گۆڵی بێ بەرامبەر براوە بوو، بەرازیل 13 گۆڵی لە ئیسپانیا تۆمار كردووە، لەبەرامبەردا پێنج گۆڵی لێ تۆمار كراوە.

 

هه‌واڵی گرنگ