ئەمرۆ خولی عێراق گڕ دەگرێت ، شورتە و قوەجەویە رووبەرووی یەكتردەبنەوە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەمرۆ خولی عێراق گڕ دەگرێت ، شورتە و قوەجەویە رووبەرووی یەكتردەبنەوە

 

یاریگای شەعب میوانداری یاری لوتكەی گەڕی 25ی خولی ئەستێرەكانی عێراق دەكات كاتێك یانەی شوڕتە رووبەرووی قوەجەوییە دەبێتەوە.

ركابەرییەكی بەهێز لە نێوان هەردوو یانەی هەیە، شورتە خاوەنی 55 خاڵە لە 24 یاری پێشەنگی یانەكانی خولەكەی گرتوە ئەم یانەیە لەدواین گەڕ لەگەڵ نەفت بەرامبەر بوو دوو خاڵی گرنگی لەدەستدا ، زنجیرە سەركەوتنە یەك لەدوای یەكەكەی وەستا كە خۆی لە شەش یاری دەبینیەوە.

شورتە چەند گەڕێكە پێشەنگی وەرگرتوە، ئەگەر لەم یارییەدا براوە نەبێت دوورنیە لەگەڕەكانی داهاتوو جارێكی تر پێشەنگی یانەكان بۆ قوەجەوییە چۆل بكاتەوە.

شورتە بە تۆمار كردنی 49 گۆڵ بەهێزترین هێڵی هێرشبەری هەیە،20 گۆڵیشی لێ تۆمار كراوە شەشەمین بەهێزترین هێڵی بەرگری لەخولەكە هەیە.

كەرار عامری یاریزانی شورتە دوای بەرامبەر بوونیان لەگەڵ نەفت لەگەڕی رابردوو رایگەیاند هەوڵ دەدەین بەرامبەر قوەجەوییە ئەنجامەكە قەرەبۆ بكەینەوەو لە پێشەنگ دووربكەوینەوە.

هاشیم رەزای ئەندامی دەستەی كارگێری یانەی شورتەش رایگەیاند بیركردنەوەی ئێمە لەسەر یاری قوەجەوییەیە و دەمانەوێت بردنەوە تۆمار بكەین.

هەرچی یانەی قوەجەوییەیە پلەی دووەمی ریزبەندی گرتوەو خاوەنی 52 خاڵەو بەجیاوازی سێ خاڵ لە شورتە دوورە بەڵام یارییەكی دواخراوی هەیە، قوەجەوییە لەدواین گەڕ بردنەوەی بەرامبەر بە كەربەلا بەدەستهێنا، ئێستاش بەشێوەیەكی باش بۆ ئەم یارییە ئامادە كاری كردووەو بە یاری وەرز ناوی دەبەن.

قوەجەوییە لەم یارییەدا لە توانای عەلی جاسم بێ بەش دەبێت بەهۆی بەشداریكردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق لە یارییەكانی جامی ئاسیای خوار تەمەن 23 ساڵان كە ئێستا لە قەتەر بەرێوە دەچێت.

جەوییە بە تۆمار كردنی 45 گۆڵ دووەم بەهێزترین هێڵی هێرشبەری هەیە لە خولەكە، 19 گۆڵیشی لێ تۆمار كراوە پێنجەم بەهێزترین هێڵی بەرگریشی هەیە.

جەوییە خاوەن چەندین یاریزانی بە توانایە لەوانە ئەیمەن حوسێن گۆڵكاری خولەكە و ئیبراهیم بایش و چەندانی تر.

رەزاق فەرحانی یاریدەدەری راهێنەری یانەی جەوییە دڵخۆشە تیپەكەی لەگەڕی رابردوو لە كەربەلای بردەوەو بروای وایە ئەم ئەنجامە كاریگەری لەسەر یاری شورتە دەبێت بۆ ئەوەی بردنەوە تۆمار بكەن.

موهەنەد عەبدولرەحیمی هێرشبەری جەوییەش دەڵێت:"تۆپی پێ دابەزین و هەڵبەزینی تێدایە، سوپاسی هاندەران دەكەین ئارامیان گرت، بەڵێنیان پێ دەدەین لەیاری شورتە براوە دەبین و دەگەڕێینەوە پێشەنگ و ركابەری بردنەوەی نازناوەكە دەكەین".

یاری چوونی نێوان هەردوو یانە بەیەكسان بوون بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هاتوە،لەم وەرزە شورتە 17 بردنەوەو چوار بەرامبەر بوون و سێ دۆرانی هەیە، هەرچی جەوییەیە 15 بردنەوەو حەفت بەرامبەر بوون و یەك دۆرانی هەیە.

 

هه‌واڵی گرنگ