لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەنووسییدا
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەنووسییدا

ئەمڕۆ ٣/ ٥ لە ساڵنامەی نەتەوە
یەکگرتووکاندا ،ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەنووسییە..
ساڵانە لەم ڕۆژەدا un و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان ئاهەنگ و سیمینار سازدەکەن و جەخت لەسەر ڕێزگرتن لەئازادی ڕۆژنامەنوسیی و مافی ڕۆژنامەنوسان دەکەنەوە ..
دەیان ساڵە پیشەی ڕۆژنامەنوسیی نازناوی ( دەسەڵاتی چوارەم) ی پێ بەخشراوە ، چونکە لەوڵاتانی پێشکەوتودا ڕۆژنامەنوسیی کارلێک و کاریگەریی بەرچاوی لەسەر دەسەڵاتی حوکمڕانی هەیە . بەرپرسەکان ودەزگا حکومیەکان لەژێر چاودێری ڕۆژنامەنوسان و مێدیاکاندان و لەقەڵەم و دەنگی ڕۆژنامەنوسان دەترسن ..
ئەوە ڕۆژنامەو ڕۆژنامەنوسان بوون لە (ڤێتنام) پەردەیان لەسەر تاوانەکانی سوپای ئەمریکا هەڵماڵی ، هەرڕۆژنامەو ڕۆژنامەنوسان بوون ڕیسواییە گەورەکانی وەک (واتەرگێت ) یان بە گەلی ئەمریکاو جیهان ناساند .
مێدیاو ڕۆژنامەنوسان بوون لەڕێگەی وێنەو ڕاپۆرتەکانیانەوە، تاوانی گەورەی کیمیابارانی (هەڵەبجە) و (کۆڕەوی ملێونی خەڵکی باشوری کوردستان) یان بەدونیا گەیاند ..
لەپاش ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ وە ڕۆژنامەگەریی و مێدیا لەهەرێمی کوردستاندا، بەردەوام لەفراوانبوون و گەشەکردندایە ،بەتایبەتی لەڕووی چەندێتی و ئاسۆییەوە ، بەڵام لەڕووی چۆنیەتی و ستونیەوە ،بەداخەوە بێخەوش و کەم و کورتی نیە ، هێشتا لەحاڵەتی هەڵچون و داچوندایە و پێویستی بەوەیە پەیامەکەی بەهێزو پێزتر بکرێ و جۆرێک لەئۆقرەیی و هاوسەنگی بەخۆیەوە ببینێت .
گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئەم کارە ، حیزبەکان و ناکۆکی نێوان حیزبەکانە ، کەهەرخۆشیان لەپشت ئەو فراوانبون و گەشەکردنە ئاسۆییەی مێدیاو ڕۆژنامەگەریین لەکوردستاندا.
لەهەرێمی کوردستان ،ڕۆژنامەنوس هێشتا لەژێر هەژمونی حیزب و کاراکتەرە حیزبیەکاندایە ، بۆیە ڕۆژنامەنوسی پیشەیی سەربەخۆو پرۆفیشناڵ ،هێشتا ژمارەیان زۆرکەمە .
سۆشیاڵ مێدیا ئەمڕۆ کاریگەریی لە کەناڵە تەقلیدیەکان زۆرترە ، سوپایەک لە کاراکتەری نێو ئەم تۆڕانە ٢٤ کاتژمێر لەکاردایە .
باشیش دەکەن و خراپیش ، لەڕوخسارو ناوەڕۆکیشدا ،کەمتر ڕەچاوی پێوەرو دیسپلینە پیشەییەکان دەکەن ، کەمتریشن ئەوانەی گوزارشت لەخواستی ڕەوای خەڵک و کێشەکانیان دەکەن ، چونکە حیزبە گەورەکان بەربەست و ئاستەنگن و زۆربەی کاراکتەرەکانیان خستۆتە ژێرکاریگەریی خۆیانەوەو بەبەرنامە شەڕی خۆیانیان پێدەکەن .
لە ٣ ی مایسی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەنوسییدا پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنوسانی قەڵەم ئازادو پەیامداری کوردو جیهان دەکەم .
هیوادارم ئەم دەسکەوتە مەزنەی مرۆڤایەتی ،لەپێناو مافی ڕەوای گەلاندا بەکاربێت و ڕۆژنامەنوسان وەکو پێشەنگ ،نوێنەرایەتی دەنگە ئازادو ڕزگاریخوازەکانی گەلان بکەن ، بەتایبەتی لە (کوردستان و لەفەلەستین ) کە دوو گەلی مافخوراوی ستەم لێکراون لەڕۆژهە ڵاتی ناوەڕاستدا..
سڵاو لەو ڕۆژنامەنوسانەی کە داکۆکی لە مافەکان و لە بەها باڵاکان دەکەن ، سڵاو لەو مێدیاکارانەی کە بەهۆی دژایەتی ستەم و ناعەدالەتی داگیرکاری دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانەوە ، کرانە ئامانج و بوون بەقوربانی ،یان لەکونجی زیندانەتاریکەکاندا ژیان بەسەردەبەن .
بەرزو گەشەدار بێت پەیامی مرۆڤدۆستانەی ڕۆژنامەنوسیی و ڕۆژنامەنوسان

هه‌واڵی گرنگ