لە یارییەکی هەفتەی 30ی خولی رەوشەنی سعودیە لە یاریگای ئەووەل پارک نەسڕ بە سەرکردایەتی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بە نیو دەرزەن گۆڵ لە وەحدەی بردەوە.
لە تایمی یەکەم نەسر بەسەرەتایەكی بەهێز دەستی پێكرد و كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە خولەكەكانی 5 و 12 بە دوو گۆڵ یانەكەی پێشخست، شەش خولەک دواتر ئۆتاڤیۆ مۆنتێرۆی گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد ، پێش کۆتایی هاتنی نیوەی یەکەمیش سادیۆ مانێ گۆڵی چوارەمی تۆماركرد.
لە تایمی دووەمدا، لە خولەکی 52 جارێكی تر كریستیانۆ گەڕایەوە و سێیەم گۆڵی خۆی و پێنجەمی نەسڕی لە یارییەكەدا تۆمار كرد، لە خولەکی 88یش محەممەد فتیل گۆڵی شەشەمی تۆمارکرد و کۆتایی بە کەرنەڤاڵی گۆڵەکانی نەسڕ هێنا.
بەم ئەنجامەش یانەی نەسڕ 74 خاڵی هەیە و لە پلەی دووەم جێگیرە، وەحدەش بە 32 خاڵ لە پلەی 12ی ڕیزبەندی دەبینرێ.