بۆ نێوماڵی كوردی ڕێك ناخەنەوە؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بۆ نێوماڵی كوردی ڕێك ناخەنەوە؟

كورد لە مێژە ووتویەتی : برا لە پشت برا بێت مەگەر قەزا لەلای خودابێت.


تەواوی سەرۆك حیزب و كادیرانیان وكەسانی ڕۆشن فیكرو سیاسی و ئەكادیمی و تەنانەت خەڵكی ئاسایی یەكخستن و ڕێكخستنی نێو ماڵی كوردی وپتەو بوونی ڕیزەكانی كورد لە ئێستا دا لە هەموو كاتێك زیاتر بە زەروورەت دەزانن ، بە چەشنێك لە هەریەكێكیان بپرسی بە جۆرێك وەڵامت ئەداتەوە كە تاكە ڕێگە و دەلاقە و مەنفەزێك لە ئێستادا، تاكو لەبەرامبەر نەیارەكانمان و لەبەردەم ووڵاتانی زلهێز پێگەمان بە هیز بێتەوە ، تاكو قورسایی ڕابردوومان بۆ بگەڕێتەوە بریتیە لە ڕێكخستنی نیو ماڵی كورد، كەچی نەمان بینی هیچ یەكێك لە سەرانی كورد لە ئێستاو تەنانەت لەماوەی (27) ساڵی حوكم ڕانی هەرێم - كە زیاتر قسە لەسەر ئەم قۆناغە دەكەین - بە شێوازی كردارەكی كار لەسەر ئەم پرسە بكات و لەلایەن خۆیەوە دەست پێبكات .
لە ئێستەش دا كە لە بەردەم هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داین و بڕیارە لە (12/5/2018) ئەنجام بدرێت بە تەواوەتی ئەم پەرتەوازەییە دەبینرێت . 
پرسیارەكە لیرەدا ئەوەیە كە هەمووتان بە زەروورەتی دەبینن ئیدی بۆچی دەست پێناكەن و ئەو ماڵە پەرتەوازەیە ڕێك ناخەنەوە ؟.
هەرچەندە ئەو پرسە ڕەهەندێكی مێژوویی هەیە و هەر لە كۆنەوە و لەسەر دەمی میرنشینە كوردیەكان و پێشتریش بەو دەردەوە ناڵاندوومانە ، بەڵام ئێمە لێرەدا بە قوڵایی ئەو مێژوەدا ناچینە خوارەوەو بەڵكو هەندێ لە هۆكارو فاكتەرەكانی لە ئێستادا دەخەینە ڕوو كە لەم چەند خاڵەدا كورتی دەكەمەوە:
1. بەرژەوەندی حیزبی پێش بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی .
بەسەرنجێكی كورت بەنێو (27) ساڵی تەمەنی حوكمڕانی لە هەرێم و هەتاكو ئەم ساتە وەختە بۆمان دەردەكەوێت كە حیزبە دەست ڕۆیشتوەكانی كورد لەدەرەوەو لە ناوەوەی هەرێم هێندەی لە بەژەوەندی تەسكی حیزیی كاریان كردووەو دڵسۆزییان هەبووە بۆ بەهیزكردنی پیگەی حیزبەكەیان و ئۆرگانەكانی حیزبەكەیان هێندە لە خەمدانەبوون و دڵسۆزیان نەبووە بۆ پرسە گرنگە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان ، لە ساڵی (2003) و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی فاشت كورد جارێكی دی عیراقی لەگەڵ هیزە عیراقیەكان پێكهێنایەوەو دواجار دەستور بۆ عێراقێكی فیدراڵ نوسرایەوەو ماددەی (140) وەك ماددەیەكی دەستوری تایبەت بە كەر كووك و ناوچە دابڕێنراوەكان چەسپێندرا ، ئەم هێزە كوردیانە لەگەڵ ئەوەی كە پۆستی سەرۆك كۆماریان لە دەستدا بوو جگە لە چەندین پلەو پۆستی تر لە ئاستی باڵا ئێستەشی لە گەڵ دابێت نەیانتوانی ئەم ماددەیە یەك هەنگاو لە جێبەجێ كردن نزیك بكەنەوە ، ئەمە جگە لەوەی بە قودرەتی قادرو بەهۆی دروست بوونی داعش و داگیر كردنی بەشێك لە عێراق لەلایەن ئەم گروپەوە ئەم ناوچانە هاتنەوە ژێر دەستی حكومەتی هەرێم ، بەڵام بە دەخەوە لەبەرناكۆكی و بەرژەوەندی خۆیان لە ماوەی یەك شەو و رَۆژدا و لە (16) ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو ئەم ناوچانەیان لە دەست دایەوە ەو كەوتنەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراق كەمەزەندە دەكرێت بە نزیكەی (%51) ی خاكی هەرێم .
2. بوونی عینادی سیاسی و خود پەسەندی و نەبوونی متمانە لە نێوانیاندا .
یەكێكی تر لە هۆكارەكانی یەك نەخستنی نێوماڵی كورد ئەوەیە كە ئەم حیزبانە هیچیان متمانەیان بە یەكتری نییە، هەر حیزبەو بە جۆرێك لە جۆرەكان لە كەمیندایە بۆ شكاندن و بچوكردنەوەی ئەوی دی و دەیەوێت هەیمەنەو ئەجێندای خۆی بەسەر ئەویدیدا فەرز بكات ، خۆ ئەگەر حیزبیك پرۆژەیەكی بەهێزی پێ بێت بۆ بەرەو پێش چوونی پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان حیزبەكەی تر رەفزی دەكات چونكە پرۆژەكە هی خۆی نییە ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە هەر یەكێكیان بەردەوام لە هەوڵی لەناو بردن وبچوكردنەوەی ئەویدیدایە بە شەڕ بێت یان بە هەر ڕێگەیەكی دی ، دیارترین بەڵگەش لەسەر ئەمە شەڕی براكوژی نێوان دوو زلهێزەكەی كوردستان بوو لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو .
3. پاشكۆیەتی و كەوتنە ژێر هەیمەنەی ووڵاتانی ئیقلیمی و زلهێزەوە.
هەمیشە كوردان هێندەی شاگەشكە وخۆش حاڵبوون بە دەستی دەركی و تەنازولیان بۆیان كردووە نیو هێندە لە خەمی ڕێكخستنی نێوماڵی خۆیان نەبوون ، هەمیشە بە جورئەت بوون بۆ تەنازول كردن بۆ ووڵاتانی ئیقلیمی ، دڕدۆنگ بوون بۆ تەنزول كردن بۆ یەكتری ، لەسەدەی ڕابردوو لەسەروبەندی سەركەوتنی خومەینی بەسەر ڕژێمی شا لە ئێران سیاسیەكانی كورد لە كوردستانی عێرق پێشبركێیان بوو بۆ خۆ تەسلیم كردن بە ئێرانیەكان و بەدناو كردن وشكاندنی یەكتری لەلایان ، لە كتێبی (پەنجەكان یەكتری دەشكێنن) كە دیوی ناوەوەی خەباتی كورد دەخاتەڕوو لە نێوان ساڵانی (1979 - 1983) كەلە نوسینی بەڕێز(نەوشیروان موستەفا ئەمین)ە لە لاپەڕەی (22 ، 23) باس لە سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بەسەر ڕژێمی شا دەكات و باس لە حاڵی كورد لەو سەردەمەدا دەكات دەڵێت: (( یەكێتی و پارتی بە خوێنی سەر یەكتری تینووبون هەردوولایان لەلای ئێرانیەكان هەوڵی ئەدا ئەوی دی بەدناو بكات ، زۆری نەخایاند لایەنی سێیەمیش كە حسك بوو پەیدابوو ، ئەوانیش درێغییان نەكرد بۆ بەدناو كردنی هەردوو لایەنی ناكۆك لای ئێرانییەكان )) پاشان دەڵێت: ((ئەگەر ڕێكخراوە كوردیەكانی عێراق لەلای ئێرانیەكان دژی یەكتری قسەیان نەكردایە و نهێنیەكانی یەكتریان بۆ ئێران ئاشكرا نەكردایە و بەدەنگێكی یەكگرتوو داواكانیان بخستایەتە بەردەمیان بیگومان ڕێزی كوردی عێراق زیاتر دەبوو ...... بەڵام پارتی بۆ ئەوەی باوەڕی كاربەدەستانی ئێران بە دەست بهێنی خۆی خستە خزمەتی ئێرانە وە)). 
4. متمانە بوون بە بەڵێن و پشتیوانیەكانی ووڵاتانی ئیقلیمی و زلهێز وپشت گوێ خستنی پشتیوانی نێو خۆیی.
لەسەرو بەندی پێش ڕیفراندۆم و بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی كوردستان لە (25) سێپتێمبەری ساڵی ڕابردوو ، سەرجەم لێدوانەكانی سەرۆكی ماوە بەسەرچووی هەرێم بە چەشنێك بوو ئەوەی لێ دەخوێندرایەوە كە هەندێ لە ووڵاتانی ئیقلیمی و زلهێزەكان بەتایبەت ئەمریكاو ئیسرائیل و توركیا بەڵێنی پشیوانی ریفراندۆم و دانپێدانانی مافی گەلی كوردییان بە بارزانی داوە، ئەم پاڵپشتیە دەرەكیانە وای لە بارزانی و حیزبەكەی كرد كە بە دەست هێنانی پاڵپشتی ناوخۆ یی و یەك ڕایی پارتە كوردیەكان بۆ ئەم پرسە گرنگەپشت گوێ بخات و گوێ بۆ ڕای ئەو حیزب و ڕۆشنبیرو كەسە ئەكادیمیانە نەگرێت كە ڕای پێچەوانەیان هەبوو ، بەڵام دواجار دوای بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و دروستكردنی فشار لەسەر هەرێم لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ، یەك ووڵات نەبوو پشتیوانیمان لێ بكات ، هەر بۆیە دوای هەوڵێكی زۆری سەرانی حكومەتی هەرێم لە دەرەوە بۆ بەدەست هێنانی پشتیوانی بۆ ریفراندۆم ، دواجار بێ ئاكام و بە دەستی خاڵی گەڕانەوەو ، بەتەواوەتی و بەناچاری تەسلیمی حكومەتی ناوەند بوونەوە. 
5. وونكردن و فەرامۆش كردنی ستراتیژە ڕاستەقینەكە .
بەشێك لەحیزبەكان و بە تایبەت دووپارتی دەسەڵات وەختێ كەوتن بەسەر نازو نیعمەتی كورسی و كولێرەو سەیارەی مۆدیل بەرزو پاڵاوگەو بیرە نەوت و زەوی بە دۆنم .....هتد ، ئیدی ئەو ستراتیژە سەرەكییەی كە بۆی هاتبون كە بریتی یە لە ڕزگار كردنی تەواوی خاكی كوردان و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی ، لەبیر خۆیان بردەوەو فەرامۆشیان كرد ، لەكاتێكدا باش ئەوە دەزانن كە یەكخستنی نێوماڵی كورد یەكێكە لە هەرە هۆكاری گرنگ بۆ گەیشتن بەو ئامانج و ستراتیژە ،كەچی ئەم بەرژەواندیانە وای لێ كردوون بەرچاویان تاریك بێت و نەیبینن ، بۆیە لە جێی دروستكردنی هێزێكی نیزامی تۆكمە بۆ پاراستنی خاكی هەرێم هاتن لەبەرپاراستنی بەرژەوەندیەكانیان هیزەكانی (70) و (80) یان دروست كرد .

هه‌واڵی گرنگ