لە مامۆستایانی ئاینیەوە فێربن
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لە مامۆستایانی ئاینیەوە فێربن


لەسەرەتای دروستبونی مرۆڤایەتیەوە مرۆڤ بەهۆی ململانێكانی ژیانەوە بەردەوام كەوتۆتە هەڵەوەو زۆرجار بەهۆی ئەو هەڵانەوە كە لەئەنجامی هەڵەتێگەیشتنەوە یاخود هەڵە گەیاندنەوە ڕوبەڕوی بوەتەوە ناچار دەبێت پۆزش بهێنێتەوە.
لێرەدا گرنگە هەموو تاكێكی كۆمەڵگاكان لەهەر سەردەم و قۆناغێكی جیاوازدا بێت بەتایبەت ئەو كەسانەی كە چاویان لەسەرە وەك كەسانی بەرپرس و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان و كەسانی دیاری ناو كۆمەڵگا، زۆر ووریا بن و لەكاتی بینین یاخود بیستنی ڕوداوێكدا تاوەكو وەك خۆی لە ڕاستیەكە نەگەن ڕایی خۆیان لەسەر نەڵێن و نەكەونە هەڵەی گەیەنەرەكەوە كە دەكرێت هەڵەیەكی نەزانانە نەبێت بەڵكو بەرنامە بۆ داڕێژراو بێت و ئامانێجكی لەپشتەوە بێت.
ئەگەر هاتو تاك یاخود كەسایەتیەكان بە دوای ڕاستیەكەدا نەڕۆیشتن و وەك خۆی لێی نەگەیشتن و ڕایی خۆیانیان لەسەر ووت ئەوا دەكەونە تەڵەكەوەو ناچار دواتر كە وشە كەوتەزار دەكەوێتە شارێك و ئەو كات وەك مێژوو دەنوسرێتەوە.
جالێرەدا گرنگ ئەوەیە مرۆڤی مەرد و خاوەن وویژدان نەهێڵێت ئەو هەڵەیەیی كەتێیكەوتوە و بەسەریدا تێپەڕێت و پۆزشی بۆ بهێنێتەوەو لەكوێدا پێویست بوو ئامادەبێت قەرەبووی هەڵەكەی بكاتەوە.
لێرەدا نمونەیەكی مامۆستا غەریب پێنجونێ ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان وەك نمونە دەهێنمەوە، لەدوای ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەهەرێمی كوردستان قسەوباسەكان لەسەر وەرگرتنی نزیكەی 49 ملیۆن دینار كەوتەزار و ئەو مامۆستا ئاینیە لەكاتی ئەو مشتومڕانەدا لەپەرلەمانی كوردستان بەزەرفێكەوە دێتەدەر و كەسێكیش فیشەك دەنێت بە تاریكیەوە و وێنەیەكی دەگرێت و دواتر لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوی دەكاتەوە بە پاساوی وەرگرتنی 49 ملیۆن دینارەكە.
قسەكە لێرەدایە، تەنها بڵاوكردنەوەی ئەو وێنەیەو لەژێر ئەو تۆمەتەدا چیرۆكەكە كۆتای نایەت بەڵكو چەندین كەس و كەسایەتی دەكەونە داوی ئەو هەڵەیەوە و دواتر هەڵە لەسەر هەڵە دەڕوات، تاوەكو كار دەگاتە ئەوەی مامۆستایەكی ئاینی لەوتاری هەینیدا ئەو پرسە دەوروژێنێت و دواتر بۆی دەردەكەوێت كە كەوتۆتە داوی ئەو هەڵەیەوە وەك پیاوێكی مەرد و هەڵگری ناو ناونیشانەكەی خۆی لە هەولێری پایتەختەوە بەرەو پێنجونێنی سەر سنور بەڕێدەكەوێت و دەچێتە ماڵی ئەو ئەندام پەرلەمانەو پۆزش دەهێنێتەوە و داوای لێبوردن دەكات...
كەواتە لێرە و لەو مامۆستا ئاینیەوە پێویستە فێربین، كاتێك بەهەڵەیەكدا ڕۆیشتن نەهێڵێن ئەو هەڵە یاخود ئەو هەڵەتێگەیشتنە بەسەرماندا تێپەڕێت و لەشوێن و كاتی خۆیدا پۆزش بهێنینەوە و دان بەهەڵەكەماندا بهێین، جا بەو كارە ئەو كەسە بچوك نابێتەوە بەڵكو پێی گەروە و ناودار دەبێت و لەبەرامبەر زوڵملێكراوەكەو هاوڵاتیان و خوداشدا وویژدانی ئاسان ئاسوودە دەبێت.

 

هه‌واڵی گرنگ