كەس كاری خۆی ناكات، هەمووان ڕەخنە دەگرن
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

كەس كاری خۆی ناكات، هەمووان ڕەخنە دەگرن


تاوەكو دێت بارودۆخی ژیان لەجیهاندا قورستر دەبێت و ڕۆژانە پێویستە هاوڵاتیان كارێكی زۆر ئەنجام بدەن تاوەكو ژیانێكی گونجاو شایستە بۆخۆیان دابین بكەن، بەڵام لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان ئەوەی بەدی دەكرێت نەحكومەت نە فەرمانبەران و نەهاوڵاتیان، وەك پێویست ئەركی ڕۆژانەی خۆیان جێبەجێ ناكەن و گفتوگۆ لەسەر هەر شتێك هەبێت دەیكەن جگە لەسەرخستنی ئەركەكەی خۆیان نەبێت.
چیرۆكی كۆكردنەوەی پارە بۆ قوتابخانەكان وەك نمونەیەك وەردەگرین، لەئێستادا دەنگۆی ئەوە هەیە لەبەشێك لەقوتابخانەكاندا داوای هاوكاری ماددی لەكەس و كاری قوتابیان دەكرێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستەكانی ڕۆژانەی قوتابخانەكان، یاخود لەبەشێكی دیكە لەقوتابخانەكاندا مامۆستایان لەناوخۆیاندا پارە كۆ دەكەنەوە تاوەكو سوتەمەنی و پێداویستیەكانی دیكەی قوتابیان دابین بكەن.
سەرجەم دامودەزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بەدەست هەمان گرفتی كەمتەرخەمی حكومەت دەناڵێنن و لەماوەی چەند ساڵی ڕابردووشدا حكومەت توانیویەتی ئەو گرەوە بباتەوە كە لەڕێگای جوڵاندنی هەست و سۆزی هاوڵاتیان و سەرمایەداران بەهاوكاری ڕێكخراوەكانی بەپرسان كە داهاتەكەی لەقوتی میللەتەوە سەرچاوە دەگرێت كاروبارەكانی ڕۆژانە ڕایی دەكات كە دەبوو حكومەت خۆی سەرجەم پێداویستی دامودەزگاكانی دابین بكردایە.
ئەگەر لەسەر ئەوەی "كەس كاری خۆی ناكات، هەمووان ڕەخنە دەگرن" زیاتر بدوێین، سروشتی ژیان وایە هەر تاكێك ڕۆژانە پێویستە ئەركێكی هەبێت و ڕایی بكات تاوەكو ژیان بەردەوام بێت، لەئێستادا ئەوەی دەبینرێت و ئەوەی بەئەنجام گەیشتووە وەك پێویست ئەو كارانە ڕایی ناكرێت كە پێویستە تاك ئەنجامی بدات، لێرەدا فەمانبەران وەك نمونە وەردەگرین، دەبینین لە فەرمانگەیەكدا فەرمانبەر ئەو ئەركەی پێی سپێردراوە وەك خۆی جێبەجێی ناكات و ئەنجامی نادات بەوەش گرفت لەڕاییكردنی كاروباری ڕۆژانەی هاوڵاتیان دروست دەبێت و هاوڵاتی بێزار دەكرێت، بەڵام هەمان ئەم فەرمانبەرە وەربگرێن وەك نمونەیەكی دیكە، ئامادەیە لەسەر هەموو پرسێك قسەی خۆی بكات كە ئەوە كاری ئەو نیەو و سورە لەسەر ئەوەی ڕەخنە بگرێت لەكاتێكدا لەئەركەكەی خۆیدا سەركەوتو نیەو ئامادە نیە ئاوڕێك لەكارەكانی ڕۆژانەی خۆی بداتەوە و ئەگەر هەڵەو كەموكوڕی هەیە چارەسەری بكات و ئەگەر لەئەركەكەیدا سەركەوتوە، هەوڵی سەركەوتنی زیاتر بدات و لەو كار و پرسانە خۆی بەدوور بگرێت كە ئەركی ئەو نیە.
ئەگەر بێت و بڕوانینە كارەكانی ڕۆژانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبینین لەئێستادا زۆربەی پرۆژەكان پەكخراون و خزمەتگوزاری دامودەزگاكان بەشێكیان ڕاگیراون و بەشێكشیان وەك پێویست نین، پێویستە حكومەتی هەرێم سەرجەم پێداویستیەكانی دامودەزگاكان دابین بكات، بەڵام لەژێر هەر ناوناونیشانی جیهاوازدا بێت خۆی لەو بەرپرسیارییەتیە دووردەخاتەوەو هەست و سۆزی هاوڵاتیان و سەرمایەدارانی بەكارهێناوە تاوەكو لەڕێگای پرۆژەی خێرخوازییەوە پێداویستیەكانی ئەو دامودەزگایانە دابینبكرێت.

لێرەدا دەڵێن ئەوەی گرفتە، هەمووان ڕەخنە دەگرن، بەڵام ئامادەنین هۆكاری دروستبونی ڕەخنەكان چارەسەر بكەن، چیرۆكە چەند بارەكانی حكومڕانی لەهەرێمی كوردستاندا دەهێنینەوە، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا تاوەكو ئێستا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیانی هاوڵاتیان قورستر دەبێت و پرۆژەو خزمەتگوزاریەكان و هەلی كار لەكار كەوتون، بەڵام هەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانن ئامادەبون درێژە بە بەردەوامی ئەو كارەساتانانە بدەنەوە، ئەگەر نا لەیەك ڕۆژدا كەپێی دەتورێت ڕۆژی دەنگدان دەتوانن ئەو دەستانە لەحكومڕانی دووربخەنەوە كە درێژەپێدەری ئەو كاپوسانەیە كەبەسەر هاوڵاتیاندا دەیهێنن.
پێویستە تاك (بەرپرسانی حكومی، حزبی، فەرمانبەران و كاسبكاران...هتد) ئەو ئەركەی پێی سپێردراوە یاخود ئەو كارەی ئەنجامی دەدات لەكاتی دیاری كراوی خۆی و وەك پێویست بەڕێوەی ببات و دووربكەوێتە لەهەر هۆكارێك كە كەموكوڕی لەئەركەكەیدا دروست دەكات، ئەوا لەئەنجامدا كۆمەڵگا بەرەو پێشدەڕوات و بەوەش ژیانێكی باشتر بۆ سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگا دابین دەكرێت و ئەو وڵاتە دەبێتە نمونەیەكی جوان و بە پێشەنگی دەمێنێتەوە.

 

 

هه‌واڵی گرنگ