سەركردەكانی دوای ڕاپەڕین و نەهامەتی میلەتێك !
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سەركردەكانی دوای ڕاپەڕین و نەهامەتی میلەتێك !

بە درێژایی مێژوی گەلان هەموو شۆڕش و گەلێك و دەسەڵاتێكی سیاسی و حكومی پێویستی بە سەركردەی سیاسی و حكومی و جەنگی لی هاتوو و گەل ویست دەبێت بۆ ئەوەی میلەتەكەی بگاتە كەناری ئارامی و لە سایەیدا تاكەكان لە ژێر ئەو سولگە سیاسیەی كە سەركردەكان ڕابەڕایەتی دەكەن ئازاد و یەكسان بن ، لە وانەیە گەلی كورد پێچەوانەی زۆرێك لە وڵاتان بەختی بەو جۆرە سەركردانە نەبوبێت تا ئێستا ! .

لە هەرێمی كوردستان پێش ڕاپەڕین كۆمەڵێك سەركردەی شۆڕشگێڕ و چەك بەدەست بە دیار كەوتن كە دروشمی سەربەخۆیی كوردستان و داوای مافە ڕەواكانی میلەتێكیان دەكرد كە چەندین ڕۆڵەی بۆتە قوربانی و خوێنێكی زۆری بەخشیوە .

ئەوەی دەمان هەوێت لێرەدا باسی بكەین ڕۆڵ و دەستكەوتی ئەو گروپە سەركردە سیاسیەیە كە لە دوای ڕاپەڕین دەوری سەرەكیان لە نمایشە سیاسیەكانی ساحەكە هەبووە .

ئاخۆ لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 ئەو گروپە سەركردەیەی كورد كام دەستكەوت و خۆشگوزەرانی و هیوا و ئاواتیان بۆ گەلە چەوساوە و خێرلەخۆ نەدیوی سەدەیەك هێناوەتە بوون (ئاخۆ نەبوونەتە هۆی زیاتری بارگرانی ئەو میلەتە ؟).

لە دوای ڕاپەڕین كە پێویست بوو ئەو گروپە بە یەكگرتوویی و تۆكمەیی ناو ماڵی خۆیان بڕیارە چارەنوس سازەكان بدەن و نەبنە كارتی دەستی وڵاتانی زلهێز و دابەش نەبن بەسەر وڵاتە دراوسێكاندا و ئەجێندای ئەوان جێ بەجێ نەكەن ، خەونی گەلێك بێننەدی كە ساڵانێك باپیرانیان خوێنیان بۆ بەخشیوە بەڵام ئەوان دەستیان كرد بە شەڕی برا كوژی و خوێنی كورد بە دەستی كورد ڕژا و چەندین ساڵ لەسەر عینادی و ویستی پۆست و دەستكەوتە شەخسیەكانیان خەون و پێشكەوتوویی میلەتیان دواخست و دواتر لەسەر مێزی وڵاتان بە تۆقەیەكی سەحراوی و قاقایان كردە خەڵات بۆ كوژراوانی شەڕی ناوخۆ و ئاشت بوونەوە ، هەرێمیان بەسەر دوو زۆن دابەش كرد كە ئێستاش ئاسارەكەی زیاتر تۆخ دەبێتەوە و تێزابی دواكەوتوویی و نا تەبایی و دوو بەرەكیی دەكەنە قورگی میلەتێكی خێر لە خۆ نەدیوو .

دوای ئەوە دانوستان و ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی نوێی عێراق دەستی پێ كرد ، لەوێشدا ئەو گروپە سەركردەیە نەیان توانی ڕۆڵێكی باش و دەستكەوت بۆ خاك و میلەتەكەیان بهێننەوە، جگە لەو دەستكەوتە شەخسی و پۆستە سیادیانەی درا بە خۆیان و خانەوادەیان،بە شێوەیەك دەست بەرداری كۆمەڵێكی زۆر لە ماف و خاك و دەستكەوتە بەدەست هاتوەكانی میلەت بوون.

لە ڕوی دیبلۆماسی و مامەڵە لەگەڵ وڵاتانیش ئەوەندەی كاریان لەسەر خانەوادە و خودی خیان كردوە و بۆ بازرگانی و دەستكەوتەكانی خۆیان خەمی وڵات و بەرەو پێشبردن و خستنە كەنارێكی ئارامیان نەبووە.

ئێستا ئەو گروپە سەركردەیە وەك سەرەتای دوای ڕاپەڕین كەوتونەتە شەڕی یەكتری و میلەتیان تووشی نەهامەتی و دواكەوتوویی و هەژاری زیاتر كرد كە بە هۆی ئەو كێشە سیاسیانەی دروست بوون لە ئەنجامدا میلەتێك نان و ئازادی و بژێوی لێ گیراوەتەو و كەوتۆتە نێوان چەندین بەرەوە كە یاری دەكەن بە چارەنوسی میلەت . ئەو گروپە سەركردەیە باوەڕیان بە دەمەزراوەیی و سیستەماتیك لە كاری سیاسی و حكومی و دیبلۆماسی نییە بە عاقڵیەتی شاخ حكومی میلەت دەكات بە جۆرێك وەك دوكانێك لە دەزگا شەرعی و دامەزراوەكانی وڵات دەڕوانن كە بەرژەوەندی و دەستكەوتی خودی یان كەوتە مەترسیەوە ئەوا دای دەخەن.

ئەو گروپە سەركردەیە لە كۆتایی نمایشی سیاسیاندا نمونەیەكی نوێیان لە سیاسەت داههێنا كە داخستنی دەرگابوو بە ڕووی یەكتریدا و بە شێوەیەك كێشەكان گەیشتونەتە هێڵەكانی كۆتایی لە ئەنجامی ئەو عینادی و بەرژەوەندی و بوغزەی كە چەندین ساڵە لە ناخیاندایە بەرامبەر بە یەكتری ،بەو هۆیەوە میلەت كە باپیرانیان چەندین ساڵە خەبات بۆ سەربەخۆی كردووە ئێستا نەوەیەك دروست بووە كەباوەڕی بە سەربەخۆی و كیانی سیاسی و دەوڵەتێك نییە كە ئەو گروپە سەركردەیە ڕابەڕایەتی بكەن ، چونكا نمونەیەكی جوان و دڵخۆشكەریان نەداوەتە ئەو نەوە نوێیەی كە باپیرانیان بە هیوای دەوڵەتی سەربەخۆ خوێنیان بەخشیوە ، لە ئەنجامی ئەو بێ هیواكردن و نمونە نا دروستانەی كە چەندین ساڵە نمایشیان كردووە بۆ میلەتەكەیان .

لە كۆتایدا جیهانی ئەمرۆ لەو دەموچاوە تەقلیدی و ناشازانە بێ زار بووە كە ماوەیەكی درێژ سەركردایەتی وڵات دەكەن بە عاقڵیەتی شاخ.

ئەگەر بمان هەوێت دۆخەكە باش بێت و هیوا بگەڕێنینەوە بۆ بێ هیواكان و ئینتیمای خاك و نیشتیمان بۆ نەوەی نوێ دروست بكەین و هەناسەیەكی ئارام بۆ دایكی شەهیدانی نیو سەدە خەبات بگەڕێنینەوە ، پێویستە ئەو دەموچاوانەی لە دوای ڕاپەڕین گشت كایەكانی سیاسەت و حكومەت و وڵاتیان قۆرخ كردووە واز لە بەرژەوەندی شەخسی خۆیان و خەمی میلەت و بژێوی گەلەكەیان لە پێش دەستكەوتە خانەوادەییەكانیان بێت .

یان ئەواتا گەل بە هۆشیاری و بە شێوازی مەدەنی و دروست سزای بێ باكی و نا دروستی سیاسەتیی لە مێژینەیان بدات كە كەشتی هەرێمیان لە زۆنكاوێكی شوم و ئالۆَزدا هێشتۆتەوە.

 

 

 

هه‌واڵی گرنگ