سه‌رۆكایەتی پەرلەمان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سه‌رۆكایەتی پەرلەمان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە هێرشەكانی وڵاتی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند: ئیدانەی شەهیدبوونی ئەو هاووڵاتیانە بە هۆی هێرش و پەلامارەكانی توركیاوە دەكەین.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

 


سەبارەت بە هێرشەكانی وڵاتی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیاندراوەكەیە:

شەهیدبوونی چەندین هاووڵاتی سنوری پارێزگای دهۆك بەهۆی دوایین هێرش و پەلاماری سەربازی توركیاوە ئیدانە دەكەین ،كە لە چەند رۆژی رابردوودا بە هۆی هێرش و پەلامارەكانی سوپای توركیا بۆ سەر هێزەكانی پارتی كرێكاران (پەكەكە)لە ناوچە سنورییەكان ، چەندین هاووڵاتی هەرێمی كوردستان بوونە قوربانی و شەهید بوون.

وێڕای ئیدانەكردنی شەهیدبوونی ئەم هاووڵاتیانە بە هۆی هێرش و پەلامارەكانی توركیاوە، پرسەو سەرەخۆشی زۆری خۆمان ئاراستەی كەسوكاری شەهیدەكان دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین، پێمان وایە بەئەزموونی سەرجەم ئۆپەراسیۆن و شەر و لەشكركێشی و پەلاماری چەكداری رابردوو، هیچ پرسێك بەشەڕ و رووبەرووبوونەوەی سەربازی چارەسەر ناكرێت و بەردەوامی خوێن رشتن لە هەر لایەكەوە بێت، ئاشتی زیاتر دوور دەخاتەوەو كۆسپی زیاتر بۆ دیموكراسیەت و چارەسەری پرسی كورد لە توركیا دروست دەكات.

پشتیوانی تەواوی خەباتی مەدەنی و دیموكراسی و پەرلەمانین بۆ چارەسەری پرسی كورد و كۆتایی هێنان بە شەرو كوشتار و لەشكركێشی و بوونە هۆكاری گیان لە دەستدانی خەڵكی سڤیل و سوتانی رەز و باخ و وێرانبوونی دێهاتەكانی هەرێمی كوردستان، داواكارین هیچ وڵات و هێزو لایەنێك خاكی هەرێمی كوردستان و سنورەكانی بۆ هێرش و پەلامار و لەشكركێشی و تۆپباران و كەوتنەوەی قوربانی لە ناو خەڵكی مەدەنی هەرێمەكەمان بەكارنەهێنێت.

پشتیوانی ئەوەین هەرێمی كوردستان پەیوەندیەكی بەهێزی دۆستانەی لەگەڵ توركیا و ئێران و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە هەبێت لەسەر بنەمای رێزگرتن لە بەرژەوەندیە هاوبەشەكان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانی وكەلتوریەكان.

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان

١٩/٦/٢٠٢٠

 

هه‌واڵی گرنگ