مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زيرانى كاتى عێراق، له‌و ماوه‌يه‌ى ده‌سه‌ڵاتى گرتۆته ده‌ست، پلانى گۆڕانكارى و ئه‌نجامدانى چاكسازى له چه‌ند سێكته‌ر و جومگه‌يه‌كى سه‌ره‌كى و هه‌ستارى حكومه‌تى عێراقى ئاشكرا كردووه، به‌ڵام له هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و هه‌نگاوانه‌ى ده‌يه‌وێت هه‌ڵيانگرێت، يان هه‌ڵگرتوون، پشتى به هێزى ئه‌منى و سه‌ربازى به‌ستووه.
سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق كه‌به پێى ماده‌ى (78)ى ده‌ستورى هه‌ميشه‌يى وڵات، به‌رپرسى راسته‌وخۆى جێبه‌جێكردنى سياسه‌تى گشتى ده‌وڵه‌ته، هه‌روه‌ها فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه چه‌كداره‌كانه، هه‌ر به‌پێى ئه‌م ماده‌يه‌ش وه‌ك ياساناسان و شاره‌زايانى ده‌ستوريى ده‌ڵێن، ده‌سه‌ڵاتێكى فراوانى دراوه‌تێ كه چۆنى بوێت گۆڕانكارى له سياسه‌تى گشتى و ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن بكات.
كابينه‌كه‌ى كازمى ده‌ستى داوه‌ته چه‌ند كارێك، حكومه‌ته‌كانى پێشخۆى ئه‌وه‌يان نه‌كردووه، له نمونه‌ى دۆزينه‌ى ئه‌و موچه‌خۆرانه‌ى زياد له موچه‌يه‌كيان هه‌يه، و بڕينى موچه‌ى ئه‌و زيندانيانه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى وڵات نيشته‌جێن و پاره‌ى ئه‌م وڵاته ده‌به‌نه ده‌ره‌وه‌وه، هه‌روه‌ك ئێستا كازمى به بيانووى ئه‌وه‌ى زۆرێك له پۆسته باڵا و تايبه‌ته‌كانى عێراق، به‌بێ ئه‌وه‌ى به په‌رله‌ماندا تێپه‌ڕن و متمانه وه‌رگرن، دامه‌زراون پڕكراونه‌ته‌وه، ده‌يه‌وێت گۆڕانكارى له زۆرێك له پۆسته باڵاكانى حكومه‌تدا بكات، هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌شى لێداون، ده‌ركردن و خانه‌نشين كردنى هه‌ركه‌سێك له لێپرسينه‌وه‌ى ياسايى نايانپارێزێت.
له تازه‌ترين هه‌نگاو و بڕياريدا، سه‌رۆك وه‌زيران داواى له سه‌رجه‌م پارێزگاكان كردووه، كه نابێت پۆسته باڵاكانى پارێزگاكان، به‌تايبه‌ت هه‌ريه‌كه له پۆسته‌كانى به‌رێوه‌به‌رى گشتى (په‌روه‌رده، ته‌ندروستى، به‌وه‌رهێنان) و ياريده‌رى پارێزگار نابێت، به‌بێ ره‌زامه‌ندى خودى خۆى گۆڕانكارييان تيادا بكرێت، ئه‌وه له كاتێكدايه، گۆڕانكارى هه‌ر پۆستێكى تريش له پارێزگاكاندا له‌به‌ر نه‌بوونى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، ده‌بێت به ئه‌ميندارێتى گشتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيراندا تێپه‌ڕێت.
بێگومان بۆ زۆرێك له‌و گۆڕانكارى و چاكسازييانه‌ى كازمى به‌نيازه بيانكات، دامه‌زراوه سه‌ربازى و ئه‌منى و هه‌واڵگرييه‌كان به‌كارده‌هێ،ێت، بۆ نمونه كازمى ليژنه‌يه‌كى باڵاى بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى كارى پارێزگاره‌كان درووستكردووه، سه‌رۆكى ئه‌و ليژنه‌يه‌ش وه‌زيرى ناوخۆى عێراقه، دروستكردنى ئه‌و ليژنه‌يه مايه‌ى نيگه‌رانى پارێزگار و حزبه‌كانيانه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى زياتر ئه‌وانى نيگه‌ران كردووه، ئه‌وه‌يه سه‌رۆكى ليژنه‌كه كه‌سێكى سه‌ربازى و ئه‌منييه، له‌جياتى ئه‌وه‌ى له‌لايه‌نى ئيدارى و هونه‌رييه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنيان بۆ بكرێت.
له چه‌ند رۆژى رابردوودا كازمى باسى چاكسازى كردنى له يه‌كێك له سێكته‌ره هه‌ره گرنگه‌كانى وڵات و شاده‌مارى ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى حزب و لايه‌نه‌كان كرد، ئه‌ويش ده‌روازه سنورييه‌كانه، بۆئه‌وه‌ش پلانى هه‌يه، هێزى دژه تيرۆرى عێراق بنێرێته ده‌روازه‌كانى بۆ كۆنترۆڵ كردنى، ئه‌و نيازه‌ى سه‌رۆك وه‌زيران وايكردووه، ئه‌و لايه‌نانه‌ى پشكيان له داهاتى ده‌روازه‌كاندا هه‌يه، به هه‌ستيارييه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخه‌دا بكه‌ن، زۆرجاريش به‌وه تۆمه‌تبارى بكه‌ن، ده‌يه‌وێت ناكۆكى بخاته نێوان هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى و ده‌زگاى دژه تيرۆرى عێراقه‌وه.
پرسێكى تر‌ى كه هيچ سه‌رۆك وه‌زيرانێكى عێراقى به‌لاى نه‌ڕۆيشتووه، زياد له‌وه‌ش خۆيان لێبه‌دوور گرتووه و گوێيان لێخه‌واندووه، ئه‌گه‌رچى به‌ڵێنى چاره‌سه‌ر كردنيانيش داوه، پرسى هێرش و په‌لاماره چه‌كدارى و موشه‌كييه‌كانى ناوچه‌ى سه‌وز و باڵوێزخانه و نێرده ديبلۆماسييه‌كانه، كازمى به‌توندى له‌پاڵ ئه‌م پرسه‌دا وه‌ستاوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش نه‌يارى سه‌ربازى و چه‌كدارى بۆ دروست كردووه، به‌ڕشكاويش پێيان وتووه، كارێك كه تا ئێستا هيچ سه‌رۆك وه‌زيرانێك خۆى نه‌كردۆته خاوه‌نى تۆ بۆت نييه، ببيته له‌مپه‌رى “موقاوه‌مه‌ى هێزه بيانييه‌كان له وڵات”، بۆ ئه‌وه‌ش مسته‌فا كازمى له‌پاڵ هه‌وڵى دانوستان و ناردنى په‌يام و داواكارى بۆ ئه‌و لايه‌نانه گۆمانى ئه‌وه‌يان لێده‌كرا كه له‌پشت ئه‌و هێرشانه‌وه بن، هاوكات هێزى ده‌زگاكانى هه‌واڵگرى و ده‌ژتيرۆرى به‌كارهێنا، به‌پێى ئه‌و زانيارييانه‌ى له ئێستادا به‌رده‌ستن، فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه چه‌كداره‌كانى عێراق، به‌نيازه له ئاينده‌دا هاوشێوه‌ى په‌لاماره‌كه‌ى به‌ره‌يانى رۆژى هه‌ينى رابردوو، هه‌ڵمه‌تێكى تر‌ى هه‌ڵكوتانه سه‌ر و ده‌ستگيركردنى ئه‌و هێز و گروپه چه‌كدارييانه گومانى هێرشه موشه‌كييه‌كانيان له‌سه‌ر ده‌ست پێبكاته‌وه، ئه‌وه‌ش ديسانه‌وه كازمى و كابينه‌كه‌ى ده‌خاته‌وه به‌رده‌م ئه‌گه‌رێكى تر‌ى ململانێى توندى سياسى و ره‌نگه سه‌ربازيش.
هه‌رچه‌نده كازمى كاتێك ده‌سه‌ڵاتى گرته ده‌ست په‌تاى كۆرۆنا عێراقى ماندوو كردبوو، له هه‌موو وڵاتانيشدا له هه‌لومه‌رجى كاره‌ساتدا هێزى سه‌ربازى به‌كار ده‌هێنن، بۆ به‌ده‌مه‌وه بوونى ئه‌و كاره‌ساتانه، به‌ڵام حكومه‌تى عێراقى ئه‌گه‌رچى هێشتا ئه‌وه‌ى رانه‌گاياندووه، كه په‌تاى كۆرۆنا له كۆنترۆڵ ده‌رچووه، كازمى وه‌ك ئه‌وه‌ى متمانه‌ى به جومگه‌كانى خواره‌وه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى نه‌بێت، فه‌رمانى به هێزه‌كانى ده‌ژتيرۆر كردووه، به‌ده‌م نه‌خۆشخانه‌و ناوه‌نده ته‌ندروستييه‌كانه‌وه بن، پێداويستى ته‌ندورستى بگه‌يه‌ننه ناوه‌نده‌كانى ته‌ندروستى و نه‌خۆشخانه‌كانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا به‌تايبه‌ت له پارێزگاكانى خوارووى عێراق، هه‌روه‌ك هه‌ر ئه‌مڕۆ فه‌وجه سه‌ربازييه‌كانى بۆ پارێزگارى كردنى ناوه‌نده ته‌ندروستييه‌كان و ستافه ته‌ندورستييه‌كان راسپارد.