دھۆک...منداڵێك لە نهۆمی چوارەمی نەخۆشخانەیەك دەكەوێتە خوارەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دھۆک...منداڵێك لە نهۆمی چوارەمی نەخۆشخانەیەك دەكەوێتە خوارەوە

 

 

بەهۆی كەوتنە خوارەوەی لە نهۆمی چوارەمی نەخۆشخانەیەكی ئەهلی، بەر لەوەی نەشتەرگەری زراوی بۆ بكرێت، گیانی لەدەستدا.

(سیدرا جەبار) ی تەمەن (6) ساڵ لەگەڵ دایك و پورێكیدا لە ژوورێكی نهۆمی چوارەمی نەخۆشخانەی ڤەژینی تایبەت لە دهۆك چاوەڕێی وادەی نەشتەرگەری بووە، لە پەنجەرەیەكی ژوورەكەوە‌ كەوتۆتە خوارەوە.

(جەلال خدر) مامی منداڵەكە رایگەیاندووە، ئەو پەنجەرەیە هیچ موحەجەرە یان كەتیبەیەكی نەبووە، بۆیە كاتێك پەنجەرەكەی كردۆتەوە یەكسەر كەوتۆتە خوارەوە.

ئەو خێزانە لە بنكەی پۆلیسی خەبات لە دهۆك سكاڵایان دژی نەخۆشخانەكە تۆماركردووە.

خێزانەكەی سیدرا خەڵكی گوندی خۆشابای ئێزیدی نشینن لە ناحیەی ئەلقوش لە دەشتی نەینەوا، دوو برای هەیەو باوكی كرێكارە.

(رەمەزان نەسرەددین) بەڕێوەبەری كارگێڕی نەخۆشخانەی ڤەژین لە دهۆك بۆ كەركوك ناو وتی، ئەو منداڵە بۆ نەشتەرگەری زراو هێنرابووە نەخۆشخانە، پێش نەشتەرگەرییەكە لەگەڵ دایك و كەسێكی تردا لە ژورێكدا بوون، لەوكاتەدا چۆتە سەر قەنەفەو لە پەنجەرەكەوە زۆر خۆی نەوی كردووەو كەوتۆتە خوارەوە.

سیدرا دوای كەوتنە خوارەوەی دەستبەجێ گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە دوای (30) خولەك گیانیلەدەستداوە.

بەوتەی لێپرسراوەكەی نەخۆشخانە ئەوان لە رووداوەكە بەرپرسیار نین، چونكە نازانین ئەو كاتەی منداڵەكە لەگەڵ دایكی و خزمەكەیدا بوون لەو ژوورەدا چی رویداوە، یان بۆچی ئەوان رێگریان نەكردوەو رێگەیانداوە كچەكە لەو پەنجەرەیە نزیكبێتەوە.

هەروەها دەڵێت ژورەكانی نەخۆشخانە هەموو پێداویستییەكانی تێدایە، لەنێویاندا فێنككەرەوە، بۆیە پێویست بە كردنەوەی پەنجەرە ناكات، پێمانوایە رووداوەكە قەزاو قەدەر بووەو خەتای ئێمەی تێدا نییە، دۆسیەی گیانلەدەستدانی ئەو منداڵە لای هێزە ئەمنییەكانەو لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێت.

سەرچاوەیەكی لە پۆلیسی دهۆكیش رایاگەیاندووە، بەبڕیاری دادوەر پەڕاوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە، بەڵام هێشتا دەرەنجامی بەدواداچوونەكان دیارنین هۆكاری رووداوەكە نەخۆشخانەكە بوون یان كەسوكاری قوربانییەكە.

 

هه‌واڵی گرنگ