هەفتەی داهاتوو لە هەولێر سیستەمێكی نوێ جێبەجێ دەكرێت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هەفتەی داهاتوو لە هەولێر سیستەمێكی نوێ جێبەجێ دەكرێت

 

كوردیو - تایبەت

ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد و رایگه‌یاند، له‌ سنووری سه‌نته‌ری شار و سه‌رجه‌م قه‌زاكانی دیكه‌ی سنووری پارێزگای هه‌ولێر، له‌كاتژمێر (12)ی شه‌و تاوه‌كو (5) به‌یانی، سه‌رجه‌م بازاڕ و دوكان و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی بۆ خزمه‌تی هاوڵاتییان كراوه‌ن داده‌خرێن، جگه‌ له‌ ده‌رمانخانه‌كان.

ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر لە خاڵی 4ی بریارەكانیدا ڕایدەگەیەنن كەوا سه‌باره‌ت به‌بازگه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر به‌سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر، سیسته‌مێكی بۆ پشكنین و چۆنیه‌تی هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی ده‌یانەوێت بێنه‌ هه‌ولێر داڕشتووه‌ و له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوودا ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردن.

بەپێی زانیاریەكانی كوردیو لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو سیستەمێكی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئەویش هەر هاوڵاتیەك لە پارێزگاكانی دیكەوە بێتە ناو هەولێر لەپێناو سەلامەتی هەموان و وەك هەنگاوێكی خۆپارێزی، ئەو كەسە بۆ ماوەی 48 كاژێر كەرەنتین دەكرێت.

هێمن قادر وتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی هەولێر ڕاگەیاند: لە بڕیارێكی نوێدا هاتووە هەر كەسێك سەردانی هەولێر بكات و دانیشتوی پارێزگاكانی دیكە بێت بۆ ماوەی 48 كاتژمێر كەرەنتین دەكرێت و ئەگەر هاتوو پشكنینەكانیان پۆزەتیڤ دەرچو و دەركەوێت هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە لە نەخۆشخانەكانی هەولێر دەخەوێندرێن.

جێگەی باسە ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: قەدەغەی هاتووچۆی نێوان هەولێر و پارێزگاكانی دیكە بەداخراوی دەمێنێتەوە تەنها ئەو حاڵەتانە دەتوانرێت هاتوچۆی بەهۆوە بكرێت كە لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دیاریكراون.

لە ئێستادا لە شاری هەولێر ٦٨٩٨٨ پشكنینی كۆرۆنا ئەنجامدراوە و لە پشكنینەكان ٢٢٨٨ هاوڵاتی تووشبووی كۆرۆنان و ٤٩ هاوڵاتیش گیانیان لەدەستداوە.

 

هه‌واڵی گرنگ