نەخۆشخانەی كەركوك وەفاتنامەی هاوسەرەكەی نادەنەوە موحەمەد جەباری
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

نەخۆشخانەی كەركوك وەفاتنامەی هاوسەرەكەی نادەنەوە موحەمەد جەباری

 

 

(نەبیل حەمدی بوشناق) بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك بەڵێندەدات لە ماوەی هەفتەیەكدا وەفاتنامە بۆ هاوسەرە كۆچكردوەكەی مامۆستا (موحەمەد جەباری) دەربكات.

ئەو بەڵێنەی بەڕێوەبەری تەندروستی دوای ناڕەزایی مامۆستا (موحەمەد) هات بەهۆی پێنەدانی وەفاتنامەی هاوسەرەكەیەوە، هەرچەندە نزیكەی چوار مانگ بەسەر كۆچی دواییدا تێدەپەڕێت.

نەبیل حەمدی بۆ كەركوك ناو وتی، پرسی دواكەوتنی وەفاتنامەكە پەیوەندی بەوەوە هەیە، ئەو كەیسە كێشەی یاسایی تێدایەو لە دادگایە، (16) كەیسی تریش بەهەمان شێوە كێشەیان هەیە، بۆ نموونە ناشتنی تەرمی مردوەكانیان لەسەر راسپاردەو ئاگاداری پزیشكی دادوەری نەبووە، ئەمەش لە یاسای ئێمەدا وەفاتنامەی پێنادرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، (نەبیل حەمدی) جەختیكردەوە لەوەی لە سەردانی ئەم مانگەیدا بۆ لای وەزیری تەندروستی عێراق، پرسی ئەو وەفاتنامانەی وروژاندووە، من لێرەوە بەڵێنی ئەوە دەدەم، تا یەك هەفتەی تر وەفاتنامەكەیان ئامادە دەكەین و پێیاندەدەین، هەرچەندە ئەوان پێشێلكارییان كردووە، بەڵام ئێمە لەڕوی مرۆییەوە ئەو كارەیان بۆ دەكەین.

دەركردنی وەفاتنامە بەتایبەت ئەگەر كەسەكە لە نەخۆشخانە مردبێت و دۆسییەكان ئامادەبن، قورس نییە و لە ماوەی 24 كاتژمێر بۆ 48 كاتژمێر تەواودەبێت.

(موحەمەد جەباری) ئەو مامۆستایەی لە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك بە قەرەوێڵەی هاوسەرە كۆچكردوەكەیەوە كەلەپچەكرا، وتی، وا نزیكەی چوار مانگە بە بەردەوامی داوا لە ئیدارەی نەخۆشخانەی كەركوكی گشتی دەكەم وەفاتنامەی هاوژینەكەم پێبدەنەوە، بەڵام دەستی دەستیم پێدەكەن.

كێشەی گەورەی من لەئێستادا وەفاتنامەكەیە، هاوژینەكەم مردووەو مافی سەرەتایی خۆمە وەفاتنامەی هەبێت، پەرلەمانتاران، فەرمانگەی تەندروستی، ئیدارەی كەركوك و تەنانەت نووسینگەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش داوای لە نەخۆشخانەی كەركوكی گشتی كردووە، بەڵام ئەوان گوێ بەهیچ كەس نادەن.

مێژووی دۆسیەكەی (موحەمەد جەباری) دەگەڕێتەوە بۆ (12) ی تەمموزی ئەمساڵ، كاتێك لەسەر دابینكردنی ئۆكسجین بۆ هاوسەرەكەی كە توشبووی كۆرۆنا بوو، لەگەڵ كارمەندانی نەخۆشخانەی گشتی كەركوك بووە دەمەقاڵێی و لەوكاتەدا ئامێرێكی پزیشكی تایبەت بە هەناسەدانی شكاندووە، بەوهۆیەوە پۆلیس رووبەڕووی وەستانەوە، دەستگیریان كردو ئەشكەنجەیاندا.

دوای رۆژێك، وەك لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەردەكەوێت؛ (موحەمەد كەریم فەقێ جەباری) ی تەمەن (43) ساڵ، بە قەرەوێڵەی هاوسەرەكەیەوە (مونا ئیسماعیل) (44) ساڵ‌ كەلەپچە كرا، رووداوەكە بە گیانلەدەستدانی مونا بە بەرچاوی مامۆستا موحەمەدەوە كۆتایی هات.

روداوەكەو بەتایبەت بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكە هەر زوو ناڕەزایی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەدواداهات، (موحەمەد جەباری) سكاڵای تۆماركردو لەگەڵ پێكهێنانی لێژنەیەكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەفسەرێك و سێ پۆلیسی بنكەی قۆرییە دەستگیركران.

دۆسییەی هەر چوار تۆمەتبارەكە رەوانەی دادگای سەربازی موسڵ كران و لە ئێستادا بە كەفالەت و تا رۆژی دادگاییكردن ئازادن.

 

 

هه‌واڵی گرنگ