ئەمڕۆ سێشەم بەپێی نووسراوێكی محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان كە ئاراستەی وەبەرهێنی شارەكان كراوە و تێیدا هاتووە، بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەرێمی كوردستان كە لە چوارچێوەی رەشنووسی دابەزاندنی دەسەڵاتە دیاریكراوەكان لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە، چەند دەسەڵاتێك بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەبەرهێنان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دادەبەزێنرێت.
لە نووسراوەكەدا باس لەوەش كراوە، دەسەڵاتی وەرگرتنی رەزامەندیی لایەنە پێوەندیدارەكان و پێداویستیی بەدەستهێنانی و مۆڵەتی پڕۆژە، دەدرێت بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەبەرهێنان، دواتریش بە مەبەستی وردبینیكردنی مامەڵەكە، پێویستە فۆرمی مۆڵەت بە پڕكراوەیی رەوانەی دەستەی وەبەرهێنەران بكرێت و لە ماوەی 14 رۆژدا ئەگەر دەستەكە هیچ تێبینییەكی لەسەر نەبوو، بە رەزامەندی ئەژمار دەكرێت.
ئەوەیش بۆ وەبەرهێنانی شارەكان ڕوون كراوەتەوە، لە بەشێكی تری بڕیارەكەدا ئاماژەی بەوەش كراوە، پێدانی مۆڵەتی كۆتایی و واژووكردنی مۆڵەتی كۆتایی پڕۆژەی وەبەرهێنان، دەدرێت بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەبەرهێنان لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان.