وەزارەتى ناوخۆى عێراق ڕایدەگەیەنێت، ژن و مێردێک دەستگیركران کە دوو کچەکەى خۆیان کوشتووە.
رووداوەکە لە کۆمەڵگەى نیشتەجێبونى زەهرا لە قەزاى بارتێلاى پارێزگاى نەینەوا روویداوە.
بەپێى راگەیەنراوى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، لە ژێر چاودێری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا و دواى وەرگرتنى رەزامەندى دادوەر سەبارەت بە دەستگیرکردنى تۆمەتبارانى رووداوێکى کوشتن، ژن و پیاوێک کە هاوسەرى یەکترین دەستگیرکران.
ئاماژ بەوەش دراوە“ئەو ژن و مێردە، دوو کچى خۆیان کوشتووە کە یەکێکیان تەمەنى 7 ساڵە و ئەوەى تر تەمەنى سێ ساڵە
باس لەوەش كراوە بەپێى لێکۆڵینەوەکانى پۆلیس دواى 24 کاتژمێر لە لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە بکوژى ئەو دوو خوشکە، دایک و باوکیانن و بە هاوکارى کوڕێکیان ئەو کارەیان کردووە.
ئەوەش خراوەتەروو، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، دایک و باوکەکە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و هۆکارەکەشیان بۆ کێشەی خێزانى و ئالودەبوونیان بە خواردنەوەى کحولییەکات گەڕاندووەتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە،دایک و باوکەکە دەستگیرکراون و بەپێى مادەى 406 لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.