دوێنێتان لە بیرە؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دوێنێتان لە بیرە؟


هەر هەموو سەركردەكانی كورد تەمەنێكیان لە ئاوارەیی و دەربەدەری بەسەربردوە، زۆربەیان تامی ژێردەستەیی و جۆرێك لە بێ ئیرادەیی و زۆرێكیشیان نەبونیان بینیوە، چەندینجار لەلایەن نەیارانەوە لە ئاوارەیدا سوكایەتیان پێكراوە، ساڵانێك خوازیاری گەڕانەوەبون بۆ خاكی نیشتمان گەر لە سایەی كەمێك سەروەریشدابووە! بەڵام وائەمڕۆ بونەتە سەردەستە و فەرمانڕەوای نیشتیمانەكەتان، نازانم چۆن دڵتان دێت ئاوا سوكایەتی بە خاك و خەڵكی خۆتان بكەن، هەزار مەخابن! خۆزگە كەمێك بیری ئاوارەیی و دەربەدەری و نەبونی ژێردەستەیی لای نەیارەكانتان بكردایەتەوە، گەركەمێك وەفاتان هەبوایە دەبونە گەردی ژێرپێی خەڵكی و دەبونە بیلبیلەی چاوی میللەتە خێرلەخۆ نەدیوەكەی خۆتان، دەبوو هەر بەڕاستی خاك و ئاوی نیشتیمانتان وەك گەوهەر و كەوسەر ببینیایە، خۆزگە هەموو پیرۆزیەكانی نیشتیمانتان نەدەكردە قوربانی كورسیەكەی ژێرتان، خۆزگە لە كورسی گەورەتردەبوون!
بەڵام دیسان هەزار جا مەخابن نەیارەكانیشمان هێندەی ئێوە سوكایەتیان نە بەخەڵك و نەبەخاك و نەبە ئاڵای كوردستان نەكردووە!
تاكی كوردی لە سایەی زوڵمی نەیارەكانیدا هەستی بە جۆرێك لە شكۆ دەكرد، بەڵام لە سایەی دەسەڵاتی ئێوەی سەركردەدا هەست بە بێ شكۆیی دەكات! 
بۆیە دەڵێم بیرێك لە دوێنێتان بكەنەوە و قەدری ئەمڕۆتان بزانن، لەدوبارە بونەوەی مێژوو بترسن، هەرچەند دەزانم ئەگەر جارێكیتریش لێتان تێك بچێت ئەوا هەرگیز پەنا بۆ ئەو مێژووە ڕەشەی دوێنێتان نابەنەوە، بەڵكو لە سایەی ئەو سامانە زەبەلاحەكەی كە بەنادادی كۆتانكردۆتەوە ڕێی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا دەگرنەبەر و جارێكیتر میللەت دەدەنەوە دەست قەدەرێكی ڕەش و چارەنوسێكی نادیار.
بۆیە لێتان دەپرسم ئەرێ ئێوە دوێنێتان لەبیرە؟

هه‌واڵی گرنگ