خەمى شوناسی كۆمەڵگەى کوردى لاى کێیە؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

خەمى شوناسی كۆمەڵگەى کوردى لاى کێیە؟

لەسەروبەندى گفتوگۆ و ململانێى بابەتەکانى پەیوەست بە کۆمەڵگەى کوردییەوە بەگشتى، چەندین بابەتى لاوەکى و بیروڕاى سەیر و ناواقیعى بەمەبەست و بێ مەبەست دەخزێنرێتە ناو باسەکانەوەو، هەندێ جاریش ئاوەژووکردنەوەى ڕاستییەکان و، بەلاڕێدابردنى ڕەوتى ئاسایی کۆمەڵگە بەدواى خۆیدا دەهێنێت، ئەوەش پێویستى بە هۆشیارکردنەوەى زیاتر کۆمەڵگەکەمان و، وەڵامدانەوەى خۆى هەیە، کە هەندێ جار وەک تۆمەت و قسەى نەشیاو و بگرە ناوزڕاندنیش بەدواى خۆیدا دەهێنێت..
لەو میانەدا و لەچوارچێوەى ئەو پرسەى ئێستا باڵى کێشاوە بەسەر گفتوگۆى میدیایی و سۆشیاڵمیدیا و رێکخراوەکان و بەپرسیارێتى ئایینى و پەروەردەیی کۆمەڵگادا، پرسى هێنان و ئاساییکردنەوەى بابەتى قێزەونى هاوڕەگەزخوازییە لەناو کۆمەڵگەى کوردیدا و، شاردنەوەى ئەو پرسەش لەچوارچێوەى زاراوەو بیرۆکەى (جێندەر)دا، کە پشتیوانى زۆرى ڕێکخراوەیی و نێودەوڵەتى کراوەو دەکرێت، بۆ بەرەنگارى ئەو هەوڵ و کۆششانەى دژ بە شوناس و نەریت و رەوشت و پەروەردەى خێزانەکان دەدرێت، زۆر لایەن و کەسایەتى و ڕێکخراو و بانگخواز و مامۆستاى ئایینى و، تەنانەت کەسایەتى ئایینەکانى غەیرى ئیسلامیش هاتوونەتە سەر هێڵ و، ئەو رەفتارە بە قێزەون و نەخوازراو نەک تەنها بە کۆمەڵگەى کوردستانى، بەڵکو بە هەموو مرۆڤایەتى دەزانن و دەبێت ڕێگرى لێ بکرێت...
بێگومان ئەوە بەرپرسیارێتى هەر تاکێکى هؤشيار و بەئەمەک و پەروەردەکراوى ئەم کۆمەڵگەیە، کە ڕێگرى تەواو بکات و نەهێڵێت ئەو باس و خواسە بخزێنرێتە هزر و مێشکى تاکى گەنج و گەورەو بچوکى کۆمەڵگەوە، تەنانەت ئەوانەش کە خۆیان بە رۆشنبیر و نوسەر و چالاکوان و کەسایەتى غەیرى ئایینی دەزانن و، وەک چۆن ڕازى نین و نایانەوێ مێیینە و نێرینە نزیکەکانى خۆیان لەو ڕەفتارە نەخوازراوەوە تێوەبگلێن، ئاواش نەبنە پەیژەى سەرکەوتنى ئەو هەوڵە نەزۆک و پیسانەى بەو ئاراستەیە دەدرێن..
ئیتر ئەوە پەیوەست نییە تەنها بە ئایینەوە، هەروەها پەیوەستیش نییە تەنها بە ئیسلامییەکانەوە، هەروەک پەیوەست نییە تەنها بە بانگخواز و مامۆستایانى ئایینى بەڕێزیشەوە، بەڵکو پاراستنى خێزان و دەوروبەرى ئەوە ئەخوازێت کەسێک نەمێنێ تەنها (بەڵێ)یەک بۆ کردەیەکى وا قێزەون بکات, ئیتر کاتێک زۆرێک لە تاکى کۆمەڵگە هۆشیار نییە ، یاخود ئاگادارى وەها هەوڵێک نییە و، بیسەر و بینەر و چاودێرى ئەو کەس و هێز و ڕێکخراوانە نییە کە بۆ ئەو رەفتارە نەشیاوە کار ئەکەن، ئەرکەکە دەکەوێتە سەرشانى تاک و هێزە هۆشیار و جەماوەرییەکان کە ئەو رۆڵە ببینن و، ڕێگرى گشتى و جەماوەرى لێ بکەن، ئەوەش لە ئێستادا خۆى لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتى و زاناو بانگخوازان و، ڕێکخراوەکانى داکۆکى لە چین و توێژەکانى کۆمەڵگە و، کەسایەتى و هێزە ئیسلامییەکان و رۆشنبیران و چالاکوانى ئەو بوارەدا دەبینێتەوە..
ئەو کەسایەتى و هێزانە، ئەوەندەى خەمى کۆمەڵگە ئامانجییانە و کاریان بۆ کردووەو دەکەن، ئەوندە مەبەستێکى شەخسى و سیاسییان نییە، کە هەر ئەوەش ئامانجییانە و کاریان بۆ کردووەو ئەبێ بیشیکەن، بۆ پاراستنى گەنج و لاو و مناڵانى ئەم کۆمەڵگەیە و نەهێڵن داهاتوویان بەرەو تاریکى زیاتر ببەن..
کاتێک هێزگەلێک جەماوەر و خەڵکى کوردستان دەچەوسێننەوەو، دەسەڵاتێک بێباک بووە لە دابینکردنى موچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانى ژیانیان، پێویستە لەو بابەتەدا رۆشنبیر و نوسەر و چالاکوانان دژ بەو هێزانە بێنە دەنگ و، ئەوە بکەنە خەمى خۆیان، نەک بابەتێک کە کۆدەنگى تاکى کوردى و خێزان و ئاراستەى کۆمەڵگەى بەگشتى لەسەرە، بابەتەکان بەڵاڕێدا نەبەن و، بە ئاراستەى دژ بە شەپۆل مەلە نەکەن، چونکە خەونى نەزۆک و، هەوڵى بێ ئاکام و، ژێرکەوتنە لەبەرامبەر ئەو تەوژمە جەماوەرییە بەهێزەدا..

هه‌واڵی گرنگ