«ژیان لەپاش کۆرۆنا»
كوردی عربي English

اخبار رياضة المقالات اللقاءات اخبار فى صور فيديو نحن اتصل بنا
x

«ژیان لەپاش کۆرۆنا»

«ژیان لەپاش کۆرۆنا»

چمکێک لە ئەرکی مرۆڤایەتی

-----------------------------------------

بێگومان دەسپێکردنەوەی ژیانی ئاسایی پاش ئەو چەند هەفتەو مانگە لە سەردەمی بڵاوبونەوەی (ڤایرۆسی کۆرۆنا) ،چێژێکی تایبەتی دەبێ..

خۆ حەشاردان لەماڵ و ترسان لە ڤایرۆسێکی بێڕەحم و مەترسیدار ،کارێکی ئاسان و ئاسایی نیە ، داخستنی قوتابخانەو ناوەندەکانی دیکەی خوێندن و مزگەوتەکان و فەرمانگەکان و بەتاڵبوونیان لە ملێونان خەڵک نەئاسایی و 

نە دڵخۆشکەرە.

داخستنی بازاڕو دوکانەکان و ڕاگرتنی کارو کاسبی هەزاران کەس و بێدەرامەتبونیان ، 

نە ئاسانە و نە خۆشە.

بێبەشبوونی خەڵک لە گەشت و سەیران لە بەهارێکی تەڕو سەوزدا ،مایەی نیگەرانیە.

بەڵام سەرباری ئەو هەموو زەرەرو زیانە داراییەو سەرباری ئەو ترس و حاڵەتە دەروونیەو ئەو دابڕانە کۆمەڵایەتیە، سوپاس بۆ خوای میهرەبان خەڵکی وڵاتی ئێمە تا ئێستا، تاڕادەیەکی زۆرباش پارێزراوو سەلامەتن و بە پشتیوانی خواش هەر بەسەلامەتی و خۆشی لێی دەرباز دەبین.

ئەوەی گرنگە لێرەدا بەبیری خۆم و هەمولای بهێنمەوە ،ئەوەیە کە پاش تەواوبوونی ( کۆرۆنا) پێشبینی دەکرێ ژیان چێژێکی دیکەی ببێ ، مرۆڤەکان لەهەندێ ڕووەوە فۆرمات و نوێ ببنەوە، هەروەهاڕەنگە زۆرێکمان تێڕوانینەکانمان بۆ زۆر پرس و شت بگۆڕێ ، بڕیارە تائەندازەیەکی باش تێگەیشتبین کە مرۆڤ چەندە بەتوانایەو بەدرێژایی سەدان ساڵ و بگرە زیاتریش، لەسەر ئەم زەویە چەندە داهێنانی زانستی و تەکنۆڵۆجی کردوەو چەندە ئەزمونی بەرهەمهێناوەو کەڵەکەکردوە، بەڵام هێشتا لەخەم دەرنەچوەو لاوازەو لەبەردەم ڤایرۆسێک واتە ( دروستکراوێکی میکرسکۆبی) دا، تا ڕاددەیەک دەسەوسان و دەستە پاچەیە..

« يريدالله ان يخفف عنكم وخلق الانسان ضعيفا». النساء 28

لە هەمانکاتدا هەموو ئەو زانیاری و زانستەشی کەهەیەتی ، هەریەکسانە بە ناوەڕۆکی دەقێکی مەلەکوتی « ويسألونك عن الروح،قل الروح من امر ربي وما أوتيتم من العلم الا قليلا ».

الإسراء 83.

بۆیە گرنگە مرۆڤەکان لەیەک کاتدا هەم بەخۆیاندا بچنەوەو باشتر خۆیان بناسن و ئاست و پێگەی خۆیان بزانن و هەمیش زیاتر هەوڵبدەن بۆ بەدەسهێنانی زانست و دەسکەوتی پزیشکی زیاترو گەورەترو تۆکمە کردنی زیاتری سیستمی تەندروستی وڵاتەکانیان و سیستمی بەرگری مرۆڤەکان و دواجار گەورەتر کردنی ڕۆڵی مرۆڤایەتی لە سەر زەوی ..

خاڵێکی تر کە گرنگە هەمومان پاش کۆتاییهاتنی کۆرۆنا بیزانین و بیکەین ،ئەوەیە کە تاژیان لەسەر زەوی مابێ ، کێشەکان نابڕێنەوەو پەتاو نەخۆشی و ڤایرۆس و پەکتیریاش هەردەبن و چەن بارە دەبنەوە..

بۆیە دەبێ ئێمەش جددیتر و کاراتر بجوڵێینەوە و زیاتر ئاگامان لەخۆمان و دەوروبەرمان بێت و هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ دەوروبەرمان بکەین و دەرفەتی ڕزگاربوونمان لەو پەتایە باشتر بقۆزینەوە بۆ ئاسودەکردنی ویژدانمان و ئەنجامدانی ئەرکەکانمان بەرامبەر یەکترو بەرامبەر خوای خۆمان.

لەکۆتاییدا بە پێویست و گرنگی دەزانم بڵێم ،ئومێد وایە دوای تەواوبونی کۆرۆنا مرۆڤایەتی بەگشتی سەردەمێکی نوێ لە ژیانی لێبوردەیی و پێکەوە هەڵکردن دەس پێ بکات و دەس هەڵگرێت لە سەرەڕۆیی و پیلان داڕشتن بەرامبەر یەکتر..

دەبێ هێزە گەورەکانی دونیا لە جیاتی بەهەدەردانی ملیارەها دۆلار لە پێشبڕکێ و کێبڕکێ ی چەکی وێرانکەرو تەکنۆلۆجیای سیخوڕی و خۆسەپاندن بەسەر یەکدا ، پێشبڕکێی گەورەیان بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوەی سەرزەوی و داهێنانی دەسکەوتی زانستی و تەکنۆلۆجیای بەسوود بۆ مرۆڤایەتی بێ .. 

لە هەمانکاتدا کارێکی باشە کە ئێمەی مرۆڤەکان بەگشتی ، زیاتر پارێزگاریی لە ژینگەکەمان بکەین و پەڕە بە نەریت و کەلتورە جوانەکان بدەین و بەشێک لە داب و نەریتە خراپەکانیش بەیەکجاریی وەلاوە بنێین ،یان کەمکەینەوە .. بۆ ئەوەی ئەرکی خۆمان و دەوروبەرمان سووکتر کەین و یەکلا بینەوە بۆ کارو ئەرکی بەسوودترو چێژێکی باشتر لە ژیانی دوای کۆرۆنا وەربگرین.

أهم أخبار