پەیامی ئاشتیخوازیی بۆ قیرغیزیای خۆشەویست
كوردی عربي English

اخبار رياضة المقالات اللقاءات اخبار فى صور فيديو نحن اتصل بنا
x

پەیامی ئاشتیخوازیی بۆ قیرغیزیای خۆشەویست

پەیامی ئاشتیخوازیی بۆ قیرغیزیای خۆشەویست

پەیامم بۆ گەل و حكومەت و ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتی قیرغیزیای خۆشەویست

سڵاوی خوای گەورە لەسەر هەموو ئەو بەڕێزانە بێت كە باوەڕیان بە ئاشتی هەیە. خوای گەورە ئاشتی بەرقەرار بكات بەسەر هەر كەس و گەلێكدا تامەزرۆی ئاشتییە.

خوای گەورە سۆز و بەزەیی و رێز و كەرامەت ببەخشێ‌ بە هەر كەسێ‌ پارێزگاری لە گیان و سەلامەتی بێتاوانان دەكات.

پاشان ئەی گەلی قیرغیزیای چاك و چاكەویست، من چاوم لەسەر ئەو گۆڕانكاری و رووداوانەیە كە لەلای ئێوە روودەدەن، زۆر دڵگران و ناڕەحەتم پێیان، بۆیە داواتان لێدەكەم بە ژیرمەندیی خۆتان، بە گیانی خۆشەویستی و بە دانوستانی جیددی و ئەقڵیی بگەنە چارەسەرێكی دادپەروەرانە، تا سەربەخۆیی قیرغیزیاو سەروەرییەكەی بپارێزن، رێگانەدەن چاوچنۆكان تەماعتان تێبكەن. برایانە داواتان لێدەكەم پارێزگاری بكەن لەسەر ئاشتی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەكان، هەرگیز چەك بەكارنەهێنن تیایاندا.

پاراستنی سەروەت و سامانی گشتی و تایبەت ئەركی سەرشانی هەمووتانە، پاراستنی خوێن و ناموستان ئەركی هەمووتانە، چونكە ئەم پیرۆزییانە لای خوای گەورە لە هەموو كاتێكدا قەدەغەن، ئەركی سەرشانی تەواوی خەڵكییە بە گشتی و گەلی سەربڵندی ئێوە بەتایبەتی لەم بارودۆخەدا ئەو پیرۆزییانە بڵند راگرن، هەروەك پیرۆزی كەعبەو مانگە پیرۆزەكان كە خوێنڕشتن تیایاندا حەرامە، هەروەك لە چەندین فەرموودەی راست و دروستدا هاتووە. ئێوەش خوێن و ماڵ و سامانتان لە یەكتری حەرامە، با ئیتر تاوانی كوشتن و خوێنڕشتن لەولاوە بوەستێ‌ كە ئەنجامدەرەكەی لەژێر هەر ناوێك، لە هەر جێگایەك و بە هەر بیانوویەكەوە دەستدرێژی بكات ئەوا بەر نەفرەتی خوای گەورە دەكەوێ‌، خوای گەورە دەفەرموێ‌:

(أَنَّهُ مَن قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا وَمَنْ أَحْيَاهَا فَكَأَنَّمَا أَحْيَا النَّاسَ جَمِيعًا ۚ وَلَقَدْ جَاءَتْهُمْ رُسُلُنَا بِالْبَيِّنَاتِ ثُمَّ إِنَّ كَثِيرًا مِّنْهُم بَعْدَ ذَٰلِكَ فِي الْأَرْضِ لَمُسْرِفُونَ) المائدة ٣٢

هةروةها دةفةرموىَ:

(وَمَن يَقْتُلْ مُؤْمِنًا مُّتَعَمِّدًا فَجَزَاؤُهُ جَهَنَّمُ خَالِدًا فِيهَا وَغَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَلَعَنَهُ وَأَعَدَّ لَهُ عَذَابًا عَظِيمًا) النساء ٩٣

داواتان لێدەكەم دەستبگرن بە ئاینی خوای گەورەوە، بە رێگای دانوستان كێشەكانتان چارەسەر بكەن، چارەسەرێكی یەكجارەكی و بە شێوازێكی ژیاریی، ئەمەش ئەرك و بەرپرسێتی هەمووانە، ئەوەش بزانن كە رێكنەكەوتنتان دەبێتە هۆی گەورەتر بوونی كێشەكان لە وڵاتتاندا، ئەوكاتیش دەرگای گەورەترین فیتنەگێڕی لەسەرتان دەكرێتەوە، كە رزگاربوون لێی كارێكی زەحمەت و قورس دەبێت، لەبەرئەوە بە خاتری ناوی مەزنی خوای گەورە داواتان لێدەكەم بە زووترین كات كێشەو گرفتەكانتان چارەسەر بكەن، لەپێناو بەرژەوەندی باڵای وڵاتەكەتان سازش بۆ یەكتری بكەن.

برایان و خوشكانی بەڕێزم لە وڵاتی قیرغیزیا من ئێوە باش دەناسم، چونكە پێشتر لەگەڵ شاندی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان لە كاتی شەڕی ناوخۆی نێوان قیرغیز و ئۆزبیكدا هاتینە لاتان، بە فەزڵی خوای گەورە بە ئاسانی ئاشتەوایی لەنێوانتاندا بەرپابوو، لەبەرئەوە ئێستەش ئامادەم بە خێرایی و دەست و برد بێمە لاتان و بە ئەركی سەرشانی خۆم هەستم.

خوای گەورە سەركەوتووتان بكات و باری وڵات و ژیانتان چاكبكات و بتانپارێزی لە هەر خراپەیەك.

براتان

پ. د. عەلی قەرەداغی

ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان

سەرۆكی رابیتەی خێرخوازی كوردی

أهم أخبار