کۆستی بەناو ئەنفال وقڕکردنی نەتەوەیەک
كوردی عربي English

News SPORT OPINION INTERVIEWS PHOTO GALLERY VIDEO GALLERY ABOUT
x

کۆستی بەناو ئەنفال وقڕکردنی نەتەوەیەک

بەشی کۆتایی

لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق و لەگەڵ ئەوەی پێویست بوو حكومەتی عێراقی فیدراڵ داوای لێبوردن لەگەلی كوردبکات و پۆزش بۆ وێرانكاریەكان بهێنێتەوە.
بەو پێیەی ئەوان هەنوكە جومگەکانی دەسەڵاتی كۆنی تاوانبارێكییان لەبەردەستدایه.
کەچی بەداخەوە نەك هەر ئەوەش نەكرا بەڵكو بەردەوام خودی ئەم حکومەتەش لەبری هەڵگرتنی نازو قەرەبووکردنەوەی کەس و کاری ئەنفال و کیمیاباران و شەهیدان هه ڕەشە بووە بۆ سەرجەم ماف و داخوازییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهه نگیەکانی گەلی کوردستان و زۆرجارانیش بەردەوام بوونە لەسەر هەمان ئەو کاولکاری و ترس و تۆقاندنەی ڕژێمە یەک لەدوایەکەکانی حکومەتی عێراق و ئەوەی پێیان کرابێت لە تەعریب و تەرحیل و تەحشید درێغیان نەکردووە.
داگیرکردنی کەرکوک لەدوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرو بڕینی بودجەو موچەو قوتی کوردستانیان و بنکەنووخستنی ماددەی 140
و هەوڵدانی بەردەوام بۆ لاوازکردنی پێگەو سەنگ وقورسایی هەرێمی کوردستان مشتێکە لە نمونەی هەموو ئەو خەرمانەی حکومەتی ئێستای عێراق کەبەردەوام بێ باک بووە لەبەرامبەر مافەکانی گەلی کورددا.

بەمانایەکی دی سیاسەتی (ترحیل و تبعیس و تعریب) بەناوێکی ترو لەژێر پەردەو کەنوویەکی تردا بەردەوامی هەبووە

ئەوە لە کاتێکدا میللەتی کوردو هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتایبەتی لە شەڕی داعش داو دوای کەوتنی موسڵ و ئەنبارو شوێنەکانی دی و ەوتنە دەست داعش.
لەومیانەدا هەرێمی کوردستان بە هه زاران عەرەبی ئاوارەیان لە شوێنە جیاوازەکانی عێراق گرتەخۆو بەڕێزەوە داڵدەو خزمەتیانکردن و مامەڵەی هاوڵاتیەکی کوردستانیان لەگەڵدا کراو دەکرێت.

بەجیاوازی دۆستەكانی كوردو هەموو ئەوانەی كە هاوخەمی بۆ سەرجەمی مەینەتییەكانی گەلی كورد دەردەبڕن بەو پێیەی ئەوانیش پشكی قوربانییەكانی داگیركاری و كاولكارین.

سەرباری هەموو ئەمانە کەمتەرخەمی و خەمساردی دەسەڵاتی کوردی لەبەرامبەر کەس و کاری ئەنفال و هێنانەوەی ڕوفات و ئێسک و پروسکی ئەنفال و بە مەنهەج نەکردنی کەیسی ئەنفال لەپرۆگرامەکانی خوێندنداو یانیش کەمتەرخەمیان لەبەرامبەر پێداگیری بەجینۆساید ناساندنی کەیسی ئەنفال لە عێراق و ووڵاتانی دەرەوەش دا
ڕاستیەکی هێندە تاڵ و ڕوون و ئاشکرایە، زیاتر لەهەر شتێکی دی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال ئازار دەدات.
فرمێسکی تیمساحی ئەوان هێندەی تر کەس و کاری ئەنفالی بێ ئومێد کردووە.
بێمنەتی و کەم بایەخیان تەواوی نەوەکانی پاشماوەی ئەنفالی توڕەو بێ ئینتیمای نەتەوەیی کردووە .

بەجۆرێک ئەوان لەئێستادا زیاتر لەهەر کەس و حکومەتێکی دی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانن و بێنازی قوت و موچەو زەوی و ئاوو کارەباو تەناتەت ژینگەیەکی جوانی ناحیەو شارو شارۆچکەکانیانن.
سەرباری هەموو ئەمانەش دەبێت میللەتی کورد لەبیری هەوڵدان بۆ دووبارە نەبوونەوەی کارەساتی ئەنفال و کیمیاباراندا بێ و نەیەڵێ جارێکی دی مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە.
پێویستە یادەوەرییە تاڵەكانی لەیادنەچێ و بیرەوەریەكانی لەمێژوودا تۆمار بكات بۆئەوەی دۆست و دوژمن لەیەكدی جیابكاتەوەو بەدەهۆڵ و زۆڕنای هەموو كەس هەڵنەپەڕێت.
هەروەها پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد لەوە دڵنییا بن كە تاهەنوكەش لەخۆمان زیاتر هیچ كەسی دی دۆست و هاوخەمی میللەتی كورد نییە.
بۆیە پێویستە یادەوەریە ناخۆشەكانی نمونەی ئەنفال و كیمیاباران و كارەساتی شەنگال و کەرکوک زیاتر بەهێزو یەكویست و یەكڕیزمان بكات.
وەزیاتر پاكداوێن و پاكدەست و راستگۆمان بكات بەجۆرێك چی دی رێگەنەدەین نێو ماڵی كورد خۆرەی لە بار بردنی دەستكەتەكان و لەگۆڕنانی خەونەكان بێت.
وەزیاتر خۆنەویست و كورسی نەویست و دیكتاتۆر نەویستمان بكات.
ئەگەرنا دیكتاتۆرەكان و پاوانخوازەكان بەجۆرێكی دی هەر بەردەوامەو هەڕەشەی ناوەكی و دەرەكیش زرواسایە بەجەستەی كوردەوەو چاوەڕێی هەل و دەرفەت دەكات.
بۆیەئەوە ئێمەین كە رێگای ئەو دەرگایە نەدەین و بزانین لەكێی دەكەینەوەو لەسەر كێشی دادەخەین.

ماوەتەوە بڵێین پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان هەرچی پێیان دەكرێ درێغی نەكەن لەبەدەمەوە چوون و هاوكاریكردنی كەس وكارو پاشماوەكانی ئەنفال.
دەستەبەری سەرجەمی كەم و كوڕی و کێشەو داواکاریەکانیان بکەن.
تاوەکو ئەوانیش جارێكی دی بگەڕێنەوە نێو كۆمەڵگەو برەو بەژیانسازی خۆیان بدەن و لەو یادەوەرییە تاڵەی هەیانە لەرووی دەروونی و جەستەییەوە كەمێك ئارامی و خۆش نودیان بۆ بگەڕێتەوە.
دەبێت بەجۆرێك گەرەنتی لەحكومەتی عێراقی ئێستا وەربگرن كە ئەم بەجینۆسایدەی میللەتی كورد دووبارە نەبێتەوەو چیتر چڕنوكییان نەچێتە جەستەی شەكەت و ماندووی گەلی کوردەوەو بەكردار بیسەلمێنن كەهاوبەشی خەمی هەموو ئەو كارەساتە جۆربەجۆرانەن كە كراوەتە سەرمان .
دەبێت هەمووان بزانن ئەوەی هەیە بەرهەمی خوێن و فرمێسکی قوربانیانی ئەنفال و کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەو هەموو ئەو كارو خەباتانەی دیکەی میللەتی کوردە کەوا ئەمێستای ئەفراندووە، کەچی بەداخەوەهەردوو حکومەت تاهەنوکە مامەڵەیەکی بێباکانەیان لەگەڵ کەیسی ئەنفال و قوربانیان دا کردووە دوور لەسڕینی فرمێسک و گەرمکردنەوەی ئاهو حەسرەت و کۆتاییهێنان بە چاوەڕوانیە پڕوکێنەرەکانیان.

 

In case you missed it