چیرۆكی گیان لەدەستدانی ئەو گەنجەی ماوەت بزانە كە دوای 14 كاتژمێر لەپێكانی لەلایەن فرۆكەیەكەوە، تەرمەكەی دۆزرایەوە
كوردی عربي English

News SPORT OPINION INTERVIEWS PHOTO GALLERY VIDEO GALLERY ABOUT
x

چیرۆكی گیان لەدەستدانی ئەو گەنجەی ماوەت بزانە كە دوای 14 كاتژمێر لەپێكانی لەلایەن فرۆكەیەكەوە، تەرمەكەی دۆزرایەوە


دوێنێ یەكشەممە تەرمی گەنجێكی تەمەن 35 ساڵان لە باخی گوندێكی قەزای ماوەت لە سنوری سەفرە دۆزرایەوە كە بەرپرسانی ناوچەكە دەڵێن لە لایەن فڕۆكەی توركیاوە كراوەتە ئامانج، وە خێزانەكەی دوای تێپەڕبوونی چواردە كاتژمێر بە مەرگی كوڕەكەیان زانیوە.

قوربانییەكە ناوی محەمەد حاجی سەعیدە، گەنجێكی تەمەن 35 ساڵە، ژیانی هاوسەری پێكنەهێناوە و خەڵكی گوندی گەڵاڵەی شارباژێرە.

چەند كەسێكی نزیك لە خێزانەكە كە داوایانكرد ناویان بڵاونەكرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریكایان ڕاگەیاند، ڕۆژی شەممە محەمەد لەگەڵ خێزانەكەیدا چوونەتە باخەكەیان كە چەند كیلۆمەترێك لە گوندی سەفرەوە دوورە، دوای تەواوبوونی كار خێزانەكەی دەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی، بەڵام محەمەد بەمەبەستی تەواو كردنی چەند كارێك لە ناو باخەكەیاندا دەمێنێتەوە و بڕیاردەدات بۆ ڕۆژی دواتر بگەرێتەوە بۆ سلێمانی.

بەڵام شەو "فڕۆكەی توركی" لە خانووی باخی ماڵی محەمەد دەدات و بەو هۆیەشەوە گیان لەدەست دەدات و بە هۆی دووری باخەكەشیان لە ناو گوندەكە، خێزانەكەی دوای 14 كاتژمێر بە تۆپبارانەكە دەزانن، كە بە هۆیەوە محەمەد گیانی لەدەستداوە.

ئەمشەویش لە مەراسیمێكدا تەرمی محەمەد سەعید، كە بە قسەی شایەتحاڵەكان تەنها دەستەكانی لە دوای هێرشەكە بەجێماون، لە گۆڕستانی كەڵەكن لە شاری سلێمانی بەخاكسپێردرا.

كامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت ڕاگەیان: " شەوی شەممە لەسەر یەك شەممە كاتژمێر 11 ڕووداوەكە ڕوویداوە لە دۆڵی شۆرێ كە نزیكەی 8 بۆ 10 كیلۆمەتر لە سەنتەری گوندی گەڵاڵەوە دوورە. ماڵەكە لەسەر ڕەز و باخی خۆیان خانوویان كردووە. ئەو ڕۆژە تا ئێوارە سەرجەم خێزانەكە لەوێ بوون. بەڵام گەنجەكە ماوەتەوە چونكە هەندێ كاری باخداری ماوە قەرار بووە تەواوی بكات ئیتر سەعات 11 بەهۆی بۆردومانەكەوە شەهید دەبێت. بەڵام ڕۆژی دواتر شوانەكان دەچنە خانوەكە ئینجا دەزانن دەنگێك كە شەوی ڕابردوو گوێبیستی بوون تۆپ باران بووە، دواتر دەزانن كاك محمد لەوێ شەهید بووە."

قائیمقامی ماوەت لە بارەی هۆكاری كوشتنی گەنجەكەی ماوەت دەڵێت، "ئەم خێزانە سڤیلن و كاسبی ماڵی خۆیانن و ماڵێكی ناسراون كە باوكیان بە محمد پیرۆز بەناوبانگە و خەریكی كار و كەسابەتن."

وتیشی، "هیچ بارەگایەكی ئەو هێزە چەكدارانە لەماڵی محەمەد نزیك نەبوون، شاخی ئاسۆس پەكەكەی لێیە بەڵام دوورن، دواتر پەكەكە ئەم بارەگایەنە بەكار ناهێنن بەڵكو لە ژێر ئەرزدان. هیوادارم ڕێكخراوەكان بێنە سەر خەت بۆ بەرگریكردن لەم خوێنە بە ناحەق ڕژاوانە."

In case you missed it