سەرۆکی ئهنجوومهنی وەزیرانی عێراق یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، هاوکارییەکانیان بۆ ئامادهكردنهوهی ئهو بانکەکانه كە مەرج و ڕێکارەکانی ئەمریکا لهسهریان جێبهجێكراوه دووپاتکردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لەراگهیهندراوێکدا بڵاویانكردوەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئهنجوومهنی وەزیران لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە واشنتۆن پێشوازی لە وەلی ئادێیمۆ، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکاو شاندی یاوەری، بە ئامادەبوونی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کرد.
ئاماژەیان بەوەی كرد، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باسیان لە بوارەکانی هاوکاری نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، لە بواری دارایی، بانکی و بوارە ئابوورییەکان بە گشتی، و ئەو هەنگاوانەی کە حکومەت دەستی پێکردووە بۆ چاکسازی لە کەرتی دارایی و بانکیدا.
ئەوەشیانخستوەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆكرا لهسهر بەردەوامی هاوکاری لەبارهی چاکسازی دارایی و بانکی، هەروەها ئەگەری هاوکاری لە ئامادهكردنهوهی ئەو بانکانەی کە لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە خراونەتە ژێر ڕێکاری تایبەتەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە پابەندبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکان، ئهویش بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق.
ئەوەشهاتووە هەروەها جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ستایشی ئەو ڕێوشوێنانەی حکومەت گرتووەتەبەر بۆ بەدیهێنانی چاکسازییە ئابوورییەکان و هەوڵەکانی لە وەبەرهێنانی وزەی گونجاو كرد، هەروەها ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی عێراق بۆ کاراکردنی کاری بانکە عێراقییەکان و کردنی گواستنەوەی دارایی لە ڕێگەی بانکە پەیوەندیدارەکانەوە، کە گەیشتە 80%ی کۆی گواستنەوەکان بهرز نرخاند.