لەسەر مووچەی مانگی چوار، ئەمڕۆ حكومەتی كاربەڕێكەر كۆدەبێتەوە
كوردی عربي English

News SPORT OPINION INTERVIEWS PHOTO GALLERY VIDEO GALLERY ABOUT
x

لەسەر مووچەی مانگی چوار، ئەمڕۆ حكومەتی كاربەڕێكەر كۆدەبێتەوە


ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی موچەی مانگی نیسان و گەڕاندنەوەی پێشینەكانی بانكە پسپۆڕییەكان و چەند تەوەرێكی دیكە كۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوار شەممە، حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوەو بڕگەی یەكەمی تایبەتە بە گفتوگۆكردن لەبارەی ڕاپۆرتی ھاوبەشی وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانكار سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ مووچەی مانگی نیسان و داڕشتنی میكانیزمی پێویست بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بواری داھاتەكان و بە بانكیكردنی پێدانی مووچە، بەگوێرەی دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ گفتوگۆ دەكرێت.

لەبڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە دوو خاڵ گفتوگۆ دەكرێن كە بریتین لە چەند پێشنیارێك تایبەت بە ئاسانكاریی گەڕاندنەوەی پێشینەكانی بانكە پسپۆڕییەكان لای ھاووڵاتییان وەكوو: خانووبەرە، كشتوكاڵی، نیشتەجێبوون، پیشەسازی، گەشتوگوزار، ھاوسەرگیری، ھەروەھا قەرزی بانكە بازرگانییەكان و ڕێژەی سوودی بانكیی ئەم قەرزانە و ڕێكارەكانی وەرگرتنەوەیان بەپێی یاسای چاكسازی.

لە بڕگەی سێیەمدا دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی پەیڕەوی پۆلێنكردنی بەڵێندەران و دانان لە لیستی بێبەشكردن لە بەشداربوون، تاووتوێ دەكرێت.

In case you missed it