لیژنەی نەوت و غاز: زەحمەتە نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێی توركیاوە هەناردە بكرێتەوە
كوردی عربي English

News SPORT OPINION INTERVIEWS PHOTO GALLERY VIDEO GALLERY ABOUT
x

لیژنەی نەوت و غاز: زەحمەتە نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێی توركیاوە هەناردە بكرێتەوە

كوردیو
 
لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت،"زەحمەتە نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێی توركیاوە هەناردە بكرێتەوە". 
 
ڕۆژنامەی (الصباح)ـی عێراقیی ڕایگەیاندووە،"لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی عێراق, بەنیازە ئەمڕۆ بانگهێشتنی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت بكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێی توركیاوە".
 
بەهادین نووری ئەندامی لیژنەكە ڕایگەیاندووە،"دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێی توركیاوە قورسە, بەهۆی ئەوەی ئەنكەرە داوای سڕینەوەی پارەكانی ئەستۆی دەكات, وێڕای ئەوەی هەرێم داوا لە ناوەند دەكات شایستەی كۆمپانیا نەوتییەكان بدات, ئەو دوو پرسەش قابیلی جێبەجێكردن نییە".
 
ئاماژەی بەوەش داوە،"لیژنەكەیان لەگەڵ وەزیری نەوت تاوتوێی دۆزینەوەی جێگرەوە دەكات بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم, كە لە ساڵی رابردووەوە وەستاوە و عێراق بەهۆی ئەوەوە ڕووبەڕووی زیانی زۆر بووەتەوە".
 
لای خۆیەوە, پسپۆڕێكی بواری نەوت و وزە ڕایگەیاندووە،"بڕیارەكەی دادگای پاریس لەبارەی بەنایاسایی ناساندنی هەناردەی نەوتی كوردستان لەڕێی توركیاوە, قەرەبووی (1)ملیار و (500) ملیۆنی داوە بەسەر ئەو وڵاتەدا, ئەنكەرە دەیەوێت بە ڕێگای جۆراوجۆر خۆی لەمە بدزێتەوە".
 
لە سەردانەكەی ئەم دواییەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق باس لە هەناردەكردنەوەی نەوت كراوە دوای چارەسەركردنی ناكۆكییەكان, ئەوەش لەكاتێكدایە هەرێم داوای شایستەی كۆمپانیا نەوتییەكان لە بەغداد دەكات لەبەرامبەر گێڕانەوەی داهاتەكانی گومرگ و باج و داهاتەكانی تردا.

In case you missed it