خۆشنووسەكەی قورئان، (14) جار هەموو قورئانی نووسیوەتەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

خۆشنووسەكەی قورئان، (14) جار هەموو قورئانی نووسیوەتەوە

 

 

(شێخ عوسمان تەها) ساڵی (1934) لەشاری حەلەب لەدایكبووەو باوكی پێشنوێژو وتارخوێن بووە، لەباوكیەوە فێری خەتی (روقعە) بووە، زۆربەی كاتەكانی مەشقی دەكرد لەسەر خۆشنووسی، باوكی پێی وت: كوڕم گرنگی بدە بەخوێندنەكەت با خۆشنووسیت وەك هیوایەتێك بێ، خۆناتەوێ‌ ببیت بە (حافز عوسمان) كە قورئانی نووسیوەتەوە.

ئەمە زیاتر حەزی نووسینەوەی قورئانی لا دروست كرد، ساڵی (1964) لێسانسی لەشەریعەی ئیسلامیدا تەواو كرد لە سوریاو پاشان دیبلۆم عامی تەواوكرد لە كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی دیمەشق ساڵی (1965) و لە ساڵی (1973) مۆڵەتی خۆشنووسی لەخۆشنووسی پایەبەرز (حامید ئامەدی) وەرگرت.

ساڵی (1970) لەسەر داوای وەزارەتی ئەوقافی سوری یەكەم قورئانی بۆ نووسین، پاشان كە خانەنشین بوو ساڵی (1988) لەسەر داوای وەزارەتی ئەوقافی سعودی چووە مەدینەو بەفەرمانی (شا فەهد) گرێبەستیان لەگەڵ كردو لە (كۆمەڵگەی شا فەهد بۆ چاپی قورئان) كاری كرد، ساڵی (1988) بووە ئەندامی لێژنەی پێشبڕكێی خۆشنووسی كە سێ‌ ساڵ جارێك لە ئیستەنبوڵ دەكرێت.

(14) جار قورئانی بەهەموو ریوایەتەكان نووسیوەتەوە لەماوەی نزیكەی پەنجا ساڵداو هەر قورئانێك نزیكەی دووساڵ و نیوێكی بردووەو نزیكەی سێ‌ سەد ملیۆنی لێ چاپ كراوە، جا لەبەر ئەوەی لەقورئان حاڵی دەبێت، كاتێك دەست دەكات بەنووسین كەمێشكی لای هیچی تر نەبێ جگە لەو ئایەتانەی دەینووسێت و ئاگای لەدەوروبەری نامێنێت، تەنانەت كەسێك بێت و بچێت یان ژوورەكەش بگوێزێتەوە ئەم هەستی پێناكات.

كاتێك كەئایەتەكانی خۆشیەكانی بەهەشت دەنووسێت تەفاعول دەكات لەگەڵیانداو حەز ناكات تەواوببن، كەئایەتەكانی سزاو دۆزەخیش دەنووسێت عەرەق دەكاتەوەو دڵ و دەستی ئەلەرزن و زۆر لەخۆی دەكات نووسینەكەی باش دەربچێت، بەشێوەیەكیش دەنووسێت كەكۆتایی لاپەڕە كۆتایی ئایەت بێت.

خۆی قەڵەمی خۆشنووسی دروست دەكات و مەرەكەبیش لەبەریتانیاوە دەهێنێت، هەرچی نووسیوە بەدەستی بەدەستنوێژەوە نووسیوونی، بەیانیەكیان دەچێتە سەر كارەكەیی و دەیەوێت بنووسێت، (شێخ عەلی حوزەیفی) شی لا دەبێت، هەرچی دەكات قەڵەمەكەی نانووسێت، هەڵیدەوەشێنێت و پاكی دەكاتەوەو مەرەكەبی تێدەكاتەوە بێسوود دەبێت، هەردووكیان سەرسام دەبن، شێخ حوزەیفی دەڵێ‌ با ئەو پەنجەرانە دابخەین، دایدەخەن هەر نانووسێت، دوایی بیری دێتەوە دەستنوێژی نیە، دەچێت دەستنوێژ دەگرێت و دێتەوە دەستدەكات بەنووسینی (الله نور السماوات والارض مثل نوره كمشكاة ...) قەڵەمەكە رێكوپێك دەنووسێت كەئەمەش یەكێكە لەبەسەرهاتە سەیرەكانی ژیانی لەخزمەت قورئاندا.

 

هه‌واڵی گرنگ