چەمک و خواستی گۆڕانکاری هەمیشە یەک مانا هەڵدەگرێت کە تەندروست بێت ئەویش لە خراپەوە بەرەو باش. بهدرێژایی مێژوو سروشت و مرۆڤ له گۆڕاندا بووە، زۆر جار بێ ئهوهی ههست پێبکرێت، زۆر جاریش به بەرنامە و پلانی پێشوهخته ئهو گۆڕانکاریه ئهنجام دراوە.
ئەگەر وەک کوردی باشوور تەماشای بارودۆخی ئێستای میللەتەکەمان بکەین، هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی گۆڕانکاری ئەرکێکی هەنووکەیی و پێویستە، چونکە بەدرێژایی حکومڕانی کوردی لەساڵی ۱۹۹۲ تا ئێستا پارتی و یەکێتی پینەو پەڕۆی هەموو ئەو کێشەو ئاریشانەیان کردووە کە بەرۆکیان گرتووین.
بەئێستاشەوە ئهوهی قسهی لهسهر دەکرێت لەبری ئەوەی بارودۆخەکە باش بکەن، خراپتری دەکەن، تا لە ئەنجامدا ئەم خراپ بوونە کە پێچەوانەی چەمکی گۆڕانکاری تەندروستە بە لاڕێدا دهبرێت و سەرەنجام دهبێته نهریت و بهشێک لهو کۆمهڵگایه و دهربازبوون لێی ئاستهم دهبێت.
خواستی خەڵک لەسەر چەمکی گۆڕانکاری، واته گۆڕان شێوازی دهسهڵات و سیستهمی بەڕێوەردن . ئەگەر چی میللەت بەجارێک داوای باشکردنی ئەم بارودۆخە دەکات کە لەسایەی یەکێتی و پارتی تووشی بووە، بهڵام ههنگاوهکانی ئەو دوو حزبە بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی بهپێچهوانهی خواستی خەڵکە.
لەوڵاتانی دونیادا بەتایبەت ئەوروپا، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ سیستم و حکومڕانی و خزمەتگوزاری بەرەو پێشکەوتن و گۆڕانکاری دەڕوات، هەموو ئەمانەش لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکدایە، بەپێچەوانەوە لە کوردستان هەتا ساڵەکان زیاتر بژمێرین ، بەڵام بەرەو دواوە دەگەڕێینەوەو لەبری ئەوەی حکومەت خەڵک بژێنێت، حزبەکان وایان لەخەڵکی کردووە کە حکومەت بژێنن.
لەئێستادا، لەسەروبەندی گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لەعێراقدا، پێویستە کورد بەیەک دەنگ و بەیەک دەست داوای گۆڕانکاری ڕیشەی بکات لەم سیستمەی ئێستا کە حکومڕانی پێ دەکرێت، دەبێت خەڵک لە خەوی غەفڵەت ڕابچڵەکێت، چیتر میللەت پینەو پەڕۆی یەکێتی و پارتی قبوڵ نەبێت، چونکە زۆر جار لێرەو لەوێ دەبیستین، (ئەم میللەتە هێندە بێدەنگە هەر یەکێتی و پارتی قابیلە)، دەبێت فشار دروست بکرێت کە حکومەت دان بەشکستی خۆیدا بێنێت، ئەو چاکسازییەی دەستی پێکردوە، گیرفان بڕینی موچەخۆرانی شایستەی تێدا نەبێت، دەبێت هەموو حزبەکان بە هەماهەنگی، بەرژەوەندی میللەت لەبەر چاو بگرن، دەبێت بۆ کارێک ئەنجامیاندا، ڕاوڕاوێژ یان ڕاپرسی بە هاوڵاتیان بکرێت تا هاوڵاتیان بڕیار لەسەر ئەنجامەکان بدەن نەک بەتەنها دووحزبی دەسەڵات لەبەرژەوەندی خۆیان بڕیار دەربکەن و دوایش بە چاکسازی پێمانی بفرۆشنەوە، دەبێت شکۆ بۆ نوێنەری حەقیقی میللەت بگەڕێتەوە کە پەرلەمانە، گوێ لە خواست و پرسیارو بەدواداچوونی پەرلەمانتارەکان بگیرێت.
ئەگەر واز لەقسە نەهێنێن و هەوڵ و کاری جدی بۆ گۆڕانکاری نەکەین، بێگومان داهاتوومان لە ڕابردوومان باشتر نابێت بگرە زۆر خراپتریش دەبێت.