چۆن لە قسەكردن لەبەرامبەر خەڵك ناترسی ؟؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

چۆن لە قسەكردن لەبەرامبەر خەڵك ناترسی ؟؟

 

 

ترس لە قسەكردن لە ‌بەرامبەر خەڵك یەكێكە لە جۆرە دیارەكانی ترسی كۆمەڵایەتی، سەرەتا بە ترسێكی كەم دەست پێدەكات و بەچارەسەرنەكردنی ئاستی ترسەكە زیاترو توندتر دەبێت، زۆرێك لە كەسەكان ناتوانن بەرامبەر خەڵك قسە بكەن، ترسیان هەیە لە خەڵك و ئەو قسانەی دەیكەن، هۆكارەكانیش زۆرن و جۆراوجۆرن، بەڵام بە پێداگیری و ورە بەرزی تاكەكە دەتوانرێت بەسەریدا زاڵببیت و ترسەكە نەهێڵدرێت، ئێمە لەم بابەتەدا (9) خاڵ وەك رێنمایی و چارەسەری باس دەكەین كە هاوكارن بۆ كەمكردنەوەو زاڵبوون بەسەر ئەو ترسە.

1. زانیاری هەبوون لەسەر ئەو بابەتەی قسەی لەسەر دەكەیت؛ هەوڵبدە باش لە بابەتەكە تێبگەی كە دەتەوێ قسەی لەسەر بكەیی و زانیاری پێویستت دەربارەی هەبێت، زیاتر گرنگی بە بابەتەكە بدە، سەرەتا تاكو لێڕادێیت لەوانەیە هەڵەش بكەیت و لە بابەتەكەش دەربچیت، بەڵام هەوڵبدە بەخێرایی بێیتەوە سەر باسەكەت، كاتێك پرسیارێك لەسەر ئەو بابەتە لێدەكەن، راستەوخۆ وەڵامەدەوە، كەمێك بوەستە كەمێك بیر لە پرسیارەكە بكەوە، ئەو كات وەڵام بدەوە.

2. رێكخستن؛ پێش ئەوەی دەست بەقسەكردن بكەی، ئەو زانیارییانەی پێویستە لەلات هەبێت رێكیان بخە بە شێوەی نووسراو، دەنگی یان وێنەیی، ئەمە یارمەتیدەرە بۆ زاڵبوون بەسەر بابەتەكە.

3. هەوڵبدە، هەوڵبدە، هەوڵبدە؛ پێش ئەوەی دەست بەقسەكردن بكەی لە پێش خەڵك، هەوڵبدە لەلایەن ئەو كەسانەی لێیان ئاسوودەیی چەندجارێك بابەتەكە پێشكەش بكەی، هەوڵبدە قسەكانت تۆمار بكرێـن بە دەنگ و رەنگ، بۆ ئەوەی دواتر پێیاندا بچیتەوە، هەروەها داوا لە بەشداربووەكانیش بكە پرسیارت لێبكەن.

4. بڕوات بە سەركەوتنی خۆت هەبێت؛ وا خەیاڵ بكە كە تۆ بابەتەكەت پێشكەش كردووە و تیایدا زۆر سەركەتوو بوویت، ئەم بیركردنەوە ئەرێنییە یارمەتیدەرێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی بڕوات بەخۆت زیاتر ببێت، بتوانیت بەسەر هەستە نەرێنییەكانتدا زاڵببیت، بەمەش كۆتایی بە ترسەكەت دەهێنیت.

5. هەندێ هەناسەی قووڵ هەڵكێشە؛ پێش ئەوەی بچیتە شوێنی قسەكردن چەند هەناسەیەكی قوڵ هەڵمژە، خۆت ئارام بكەوە، هەروەها لەو كاتانەی قسەش دەكەی هەناسەدانت ئاسایی بكە.

6. تەركیز لە بابەتەكەت بكەوە نەوەك ئامادەبووان؛ ئەوە بزانە كە ئەو خەڵكەی هاتوون بۆ گوێگرتن بۆ وەرگرتنی زانیاری نوێ هاتوون، چاویان لەسەر شێوازی جەستەو قسەی تۆ نییە، كەواتە تۆش ئەمە لە مێشكی خۆت لابدە، تەركیز لەسەر زانیارییەكان بكە، ئەو كات ترسەكانت كەمتر دەبێتەوە.

7. ماوە ماوە بێدەنگ ببە؛ هەوڵمەدە هەموو زانیارییەكان وەك تۆمارێكی رادیۆیی یان كاسیەتێك لەدوای یەكترەوە ریز بكەی، هەوڵبدە ماوە ماوە دەرفەت بەخۆت بدەی بۆ ئەوەی بتوانی سیستەمی هەناسەدانت رێكبخەیتەوەو هەناسەیەك هەڵمژی، هەروەها ئەم ماوەو كاتە دەبێتە هۆی ئەوەی كە بەشداربوو گوێگرەكانیش زانیارییەكان زیاتر تۆمار بكەن و لە زانیارییەكان ورد ببنەوە.

8. دان بەسەركەوتنی خۆتدا بنێ؛ پاش ئەوەی كە لە قسەو وتارەكەت تەواو بوویت، یەكسەر دان بەوە دابنێ كە تۆ سەركەوتووبوویت، دەتوانیت بە گونجاوی قسەكان بكەی، هەرچەندە زۆر نموونەیش نەبێت، بەڵام مەكەوە رەخنە گرتن لەخۆت و قسەكانت، تەنیا هەڵەكانت لەبەرچاو بیت بۆ ئەوەی بۆ جاری داهاتوو باشتری بكەیت.

9. بەدەستهێنانی پاڵپشتی و چارەسەری؛ ئەگەر زانیت ئاستی ترسەكەت زۆرە، بۆتە هۆی بێزاركردنت و لەكارەكانت دووری خستویتەوە، ئەوا پێویستە سەردانی پسپۆڕانی دەروونی بكەیت، بۆ ئەوەی بەرنامەی چارەسەری و رێنماییت بۆ دابنێن، ئەم چارەسەرییە لەلای كەسانی پسپۆڕو شوێنە پسپۆڕییەكان دەبێت وەك سەنتەرو رێكخراوە پسپۆڕییە دەروونییەكان یان پزیشكی دەروونی، لەم شوێنانە هاوكاری باش دەكرێت بۆ دانانی بەرنامەكانی چۆنییەتی زاڵبوون بەسەر ترسەكەو چارەسەركردنی.

(دانا سەلام – بەڕێوەبەری رێكخراوی رێنمایی)

 

 

هه‌واڵی گرنگ