هەڵبژاردنی پێشوەختە و دۆخی قەیرانەكان لەعێراق!
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هەڵبژاردنی پێشوەختە و دۆخی قەیرانەكان لەعێراق!

 

عێراقی نوێ یا عێراقی دوای 9-4-2003 تا ئێستا چوار خولی هەڵبژاردنی بەخۆوە بینیووە دوای ئەوەی كە 15 - ئۆكتۆبەری ساڵی 2005 گەلانی عێراق لەڕاپرسیەك دا دەنگیان بەدەستوری هەمیشەیی كە [ 9852291 نۆمیۆن هەشت سەد و پەنجاو دوو هەزار و دووسەد و نەوەد و یەك كەس دەنگیان دا .. كە 7742916 دەنگی بەڵێ كە ڕێژەی 78.59٪ بوو ، 2109374 دەنگی نەخێر كە ڕێژەی 21.41٪ ]
ئاشكرایە كە مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی 6 - 6 - 2021 دیاریكردووە بۆ وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران كە دەكاتە خولی پێنجەمی نوێنەران ئەم كارەش یەكێكە لە كارنامەكەی مستەفا كازمی كە لەماوەی ساڵێكدا دەبێت لەعێراق هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات.

لەڕووی دەستوریەوە دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردن لەدەسەڵاتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران نیە بەڵكو لەدەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆماری عێراقە ...ئایا سەرۆ كۆمار ئەو وادەیەی كە سەرۆك وەزیران دیاریكردووە دەكاتە بڕیاری كۆتایی! یا وادەكە دەگۆڕێت؟ ئەمە دەكرێت لەڕۆژانی داهاتوو وەڵامەكەی ببینین . لەكاتێكدا سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێخۆشحاڵی خۆی بەبڕیارەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەربڕی .... ئایا ئەم پشتگیریەی موزایەدەی سیاسی و ڕاكێشانی ڕای گشتی دەنگدەری شەقامی عێراقیە یا پشتگیریەكی تەواوە بۆ باشتركردنی دۆخی سیاسی و ئابوری بەئاراستەی دۆخی چاكسازی و خزمەتگوزاری و دابینكردنی هەلی كار بۆ لاوان لە عێراق!

لەڕووی كاتەوە دوو خاڵ ئاماژە پێ دەدەین:

یەكەم: ئەو وادەیەی كە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەستنیشانی كردووە بۆ پرۆسەیەكی هەڵبژاردن گونجاونیە كە لەكاتێكی گەرمادا لەهەر پارێزگایەك ملیۆنان دەنگدەر دابەش دەبن بەسەر بنكەكانی دەنگدان بەمەبەستی دەنگدان ڕوو لە بنكەكانی دەنگدان دەكەن .... بۆیە مانگی شەش بۆ زۆرێك لە پارێزگاكانی عێراق بەتایبەت بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق نەگونجاوە و پلەی گەرما زۆر بەرز دەبێت، بۆیە گونجاوترین كات بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ وڵاتی عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە باشترین كات بریتیە لە مانگی 3یا4 یا مانگی 9یا10 یە كە كەش و هەوا لەبار دەبێت و پلەی گەرما بەرز نابێت بەهۆی ئەوەی هەردوو كاتەكە ئاماژەمان پێدا دەكەونە وەرزەكانی بەهار و پاییزی ساڵەوە و بنكەكانی دەنگدان بریتی دەبن لە قوتابخانەكان كە زۆرینەیان ئامێری فێنكەرەوەیان تێدا نیە تا ڕادەیەك نابێتە گرفت.

دووەم : هەروەك ئاشكرایە ئەگەر لەم بەروارەدا كە دیاریكراوە ببێتە بڕیاری كۆتایی و پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زۆر نەگونجاوە و زیانی گەورە لەپرۆسەی پەروەردە و وەزارەتی پەروەردە دەدات چی بۆ عێراق و چی بۆ هەرێمی كوردستان چونكە مانگێك یا بیست ڕۆژ لانی كەم لەلایەن كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە دادەنرێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لەكاتێكدا مانگی 5 وادەی تاقیكردنەوەی پۆلە ناكۆتاییەكانی وەزارەتی پەروەردەی تێدا بەڕێوە دەچێت لەعێراق و هەرێمی كوردستان .
سەرەتای مانگی 6 یش دەستپێكردنی وادەی تاقیكردنەوەكانی پۆلە كۆتاییەكانی نۆی بنەڕەتی كەدەكاتە پۆلی سێی ناوەندی بۆ عێراق و دوانزەی ئامادەیی كە دەكاتە پۆلی شەشی ئامادەیی بۆ عێراق بەجیاواز لەم ساڵی خوێندنی2019-2020 بەهۆی تێكچوونی وادەی خوێندن بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا19وە.
لەڕووی دەستووریەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دوو ڕێگا هەیە :
یەكەم : گەیاندنی داواكارییە بەدەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەكەیان و پاشان بە واژۆی [ 3/1 ] ئەندامانی ئەنجومەنەكە.
دووەم : داواكاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دوای پەسەندكردنی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە .
لەكاتێدا بریاری كۆتایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لەدەسەڵاتی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەراندایە كە دەتوانن بەدەنگی زۆرینەی رەها [ 50 + 1 ] بریارەكە تێپەرێنن .... لەدوای تێپەراندنی بریارەكە حكومەتی سەرۆك وەزیرانی ئێستا واتە حكومەتەكەی مستەفا كازمی دەبێتە حكومەتی كاربەڕێكەر و پێویست دەبێت لەسەری لەماوەی [60 ] ڕۆژدا پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدات.
لێرەدا چەند پرسیارێك دێتە ئاراوە ...
ئایا مستەفا كازمی دەتوانێت لەو ماوەی كە لەبەردەست ماوە هەناوی كردەیی بەئاراستەی چاكسازی لەبواری سیاسی و ئابوری بنێت كەخزمەت بە دۆخی ناهەموار و كەمی خزمەتگوزاری لەعێراق بدات وەكو كەمی كارەبا و دابینكردنی هەلی كار و ڕەخساندنی بواری دامەزراندن كە داخوازی لەپێشینەی عێراقیەكانە؟ تا شەقامی دەنگدەری عێراقی دڵنیا بكاتەوە تا ڕوحی متمانەیان بەدەنگدان بێتەوە بەر و بچن دەنگی خۆیان بدەن و نوێنەری خویان بۆ ئەندامێتی خولی پێنجەمی نوێنەران هەڵبژێرن!
ئایا سەرۆك وەزیران دەتوانێت لەژێر ناوی لیستێكی هەڵبژاردن دا لیستی زۆرینە بەدەست بهێنێ و بۆ چوار ساڵ و بێ منەتانە دووبارە بچێتەوە سەر كورسی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتی دوو ڕووبارەكە؟
ئایا وڵاتی عێراق لەژێر سایەی ئەم سێ سەرۆكایەتیە كە هیچ كامیان خاوەنی لیستی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران نین
دەتوانن كۆمسیۆنێكی بێ لایەنی كارا و تۆمارێكی پاك و بێگەردی دەنگدەران دادەنێن! تا پرۆسەی هەڵبژاردن بەدوور بێت لە گزیكاری و ..هتد .
سەرەڕای ئەوەی كە ئەم هەڵبژاردنەی داهاتوو بڕیار وایە بازنەكانی هەڵبژاردن زیاتر بكرێت و لەسەر ئاستی هەموو قەزاكان لەچوارچێوەی پارێزگاكان دا بكرێنە یەك بازنەی هەڵبژاردن و خۆیان نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن؟
ئایا قەوارە سیاسیەكان و لیستەكانی هەڵبژاردن هەر لە ئێستاوە لەسەر ئاستی بازنە وردەكانی هەڵبژاردن قارەمانی ساختە بونیاد نانێن بۆ چاوبەستن لەدەنگدەر!؟
ئایا دەنگدەری عێراقی و كوردستانی و دەنگدەری شیعە و سونە و كوردی هێندە بەرچاو ڕوون دەبن و سوود لەهەڵە و ئەزمووونی شكستخواردووی چوار خولی پەرلەمانی وەردەگرن تا نوێنەری باش و گونجاو هەڵبژێرن یا هەر بەچاویلكەی حیزبیەوە دەنگدەدەن.
لەكۆتای دا ئایا هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێتەهۆی چاكسازی ڕیشەیی و خۆشبەختی بۆ تەواوی عێراقیەكان بەهەرێمی كوردستانیشەوە دێنێتەدی!؟
یا كۆمەڵێك بەرپرس و پەرلەمانتار بە موجەیەكی زەبەلاح خانەنشین دەكات و كۆمەڵێكی دیكەی دەخاتە سەر كورسی! نوقتە سەری دێڕ.

 

هه‌واڵی گرنگ