خیانەت و بێباکیتان باش
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

خیانەت و بێباکیتان باش

 

تەماشاکەن ئەوەی ڕژێمی بەعسی فاشی لە ماوەی 40 ساڵی حوکمڕانیدا پێی نەکرا عەرەبی هاوردەی پێپەتی لەبیابانەکانەوە بە پاڵپشتی هێزی عەسکەرتاریەتی ئێستای عێراقی بەناو فیدراڵ دەیانەوێت ئەنجامی بدەن ئەو عێراقەی کورد پشکی سەرۆک کۆمارو 60 پەڕلەمانتارو چەندان وەزیرو گزیری تێیدا هەیە کەچی لەدوای سێ ساڵ دەربەدەری و تاڵان کردن و کوشتن و بڕینی پارێزگای کەرکوک و شەنگال و ناوچە کوردستانیەکان تازە بەتازە جووت هێزی سیاسی چاوەڕێی قەدەری لیژنەو ڕەحمەتی نەتەوە یەکگرتووەکانن بۆچارەسەری کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا یانیش چاوەڕێی لوتفی کازمی دەکەن ئەو کازمییەی گورگەو لەپێستی مەڕدایە.

هەرچەندە دەبێ خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستییە بزانێ دانوسانی ئێستای بەغداو هەرێم لەسەر پارەو نەوت و پێشمەرگەو خاڵە سنوریەکانەو دوور تا نزیک پەیوەندی بە ناوچە دابڕاوەکانەوە نیە هەرلەبەر ئەوەشە حکومەتی ئێستای عێراق و هێزە پەرتەوازەکەی ئەو هێزانەی لەڕابوردوودا لەبەرامبەر 50 چەکداری داعش دا هەڵهاتن کەچی لەئێستادا ئەوان و حکومەتەکەیان بەردەوامن لە سیاسەتی داگیرکاری و سیاسەتی تەعریب و تەرحیل و تەکزیم بەپیلان ناوەناوە لێشاوێک عەرەبی هاوردەی سودمەند لە 20ملیۆن دیناریەکان دەهێننەوە ئەو شوێنانەی پێشتر داگیریان کردبوو.

ڕاکان جبوری پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوکیش بسکەی سمێڵی دێ دەستی جووت بنەماڵەی لاکەشفەو دەزانێ ئەوان تاکێشەی نێوان خۆیان هەبێ ناپەرژێنە سەر کەرکوک و خەڵکی تر یانیش هیچ نەبێت ناکۆکیان لەسەر ئەوشارە دۆخەکە بەم شێوەیە دەهێڵێتەوە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش بیانوویان سڕکردن و کەمدەستییەو ناوبەناویش لێدوانێکی شەرمنانە دەدەن و دواتر دەچنەوە بەرگەکەی خۆیان ئەوەی دەمێنێتەوە کوردی داماوو کەساسی پارێزگای کەرکوک و دەوروبەرێتی ڕەوشی ئەوان لەئێستادا بەجۆرێکە بەدرێژایی ژیانیان دۆخێکی لەم جۆرە ڕەشیان نەبینیوە بەتایبەتی جوتیارانی گوندەکانی سنوری داقوق و خورماتوو بەجۆرێک کاتێک تۆو دەکەن دەیان کوژن و دەیان ڕفێنن بەر لە هەڵگرتنەوەی بەرووبویش کۆی دەغڵ و دان و خەرمانەکانیان دەسوتێنن و ئەگەریش هیچ لەوانە نەما هەڵدەکوتنە سەر ماڵە کانیان و گوند بەدەرو شار بەدەریان دەکەن.

شەڕو پێکدادانەکەی دوێنێی کوردو عەرەبە هاوردەکان و هێزە عێراقیەکان لە گوندەکانی سنوری داقوق و خورماتوو مشتێکە لەنمونەی ئەو خەرمانەی کە عەرەبە هاوردە 10هەزاریەکانی سەردەمی ڕژێم و 20ملیۆنیەکەی دوای ڕژێم لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە بە پاڵپشتی ڕاکان جبوری و عەسکەرتاریەتی عێراقی هاتونەتەوە ئەو گوندانەی کە پێشتر داگیریان کردبوو دەیانەوێ جارێکی دیکە ئەو زەویانەی تەنها گۆڕێکیان لەوێ نیە داگیری بکەنەوە.

سەیرەکە لەوەدایە ئەوە چەندین جارە کاری لەوجۆرە دەکرێ کەچی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو داگیرکاریە بێدەنگی هەڵبژاردووە یانیش گەر زۆری لێبکرێت بەیاننامەیەکی شەرمنانە دەکاتە خەڵاتی ئەو جوتیارانەی کەبە خوێنی خۆیان بەرگری لە خاکەکەیان دەکەن بەڵێ بەرهەمەکانی خیانەتی 16و 17ی ئۆکتۆبەر لەدوای داگیرکردنی لە سەدا 51ی خاکی هەرێم و خیانەتی بەدەستەوەدانی ئەو ناوچانە لەدوای کاڵکردنەوەی هەستی نیشتیمانی کوردستانیانی ناوچە دابڕاوەکان و قەتڵ و عامکردنی خەڵکەکەی سەرباری ڕشتنی خوێنی 1600پێشمەرگەی شەهید و بریندار لەسەر بست بەبستی ئەوخاکە دوای ئەوەی پایەکانی ڕیفراندۆمیان هەڵتەکان و هیوای سەربەخۆییان لەگۆڕنا کەچی ئەمجارەیان کەوتوونەتە گیانی خەڵک و خاکەکەیی و هەرجارەی بەناوێک پیلانەکانیان جێ بەجێ دەکەن و بەرپرسانی هەرێمیش دەستیان بەکڵاویانەوە گرتووە بانەیبات بێگومان ئەمکارەی ئێستا گەربێت و پێشی لێنەگیرێت بەدڵنیاییەوە شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەو ئاڵۆزیەکی گەورە لەوناوچانە ڕوودەداو پشکی شێری زیانەکانیش کوردو تەنها کورد دەبێت.

 

 

هه‌واڵی گرنگ