لە موسڵ 4 نەخۆشخانە بۆ كۆڕۆنا دروست دەكرێت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لە موسڵ 4 نەخۆشخانە بۆ كۆڕۆنا دروست دەكرێت

 

 

وەزارەتی تەندروستی عێراق دوو نەخۆشخانە بە تێچووی كەم لە ناوشاری موسڵ دروستدەكات و مەرقەدی حوسێنییەش لە كەربەلا، بڕیاریداوە بە بنیاتنانی دوو ناوەند بۆ پاڵپشتی كەرتی تەندروستی لە روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنادا.

(حەسەن موحەمەد تەمیمی) وەزیری تەندروستی لە سەردانێكیدا بۆ پارێزگای نەینەوا، داوایكرد پەلە بكرێت لە بنیاتنانی دوو نەخۆشخانە بە تێچوویەكی كەم لەگەڵ تاقیگەیەكی تایبەت بە پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تەمیمی رونیكردەوە ئەو دوو نەخۆشخانەیە یەكێكیان لە بەری راست و ئەویتریان لە بەری چەپی موسڵە.

هەروەها ئاشكرایكرد، هەوڵدەدەن بودجەی پێویست بۆ تەندروستی نەینەوا دابینبكەن بە ئامانجی روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا جگە لە دابینكردنی دەرمان و ئامێری هەناسەدانی دەستكرد.

وەزیری تەندروستی وتی ئەوان لە رێكارەكانی خۆپارێزی و هۆشیاری بەردەوامدەبن تا هاوڵاتیان خۆیان لە ڤایرۆسەكە بپارێزن و رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری بكرێت.

بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە نەینەوا لە كاتێكدایە، ژێرخانی تەندروستی پارێزگاكە هێشتا وێرانەیە، بەهۆی شەڕی چەند ساڵەی داعشەوە.

مەرقەدی حوسێنییە لە كەربەلا، بڕیاریداوە بە بنیاتنانی دوو ناوەندی تەندروستی بۆ شاری موسڵ، لە هەردوو بەری راست و چەپ.

ئەو بڕیارە دوای ئەوەهات شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ هۆزو عەشیرەتەكانی نەینەوا، بە سەردانێك گەیشتنە كەربەلاو لەگەڵ عەبدولـمەهدی كەربەلائی، نوێنەری مەرجەعیەتی باڵای شیعە كۆبوونەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی ئەنجوومەنەكە؛ ئەو دوو ناوەندە تەندروستییە بۆ پاڵپشتی هەوڵەكانی روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنایەو دوای ئەو پەتایەش بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پزیشكی بە هاو‌ڵاتیان سودی لێوەردەگرن.

(حوسێن رەزا مەهدی) سەرۆكی بەشی پرۆژە ئەندازیاریی و هونەرییەكان لە مەرقەدی حوسێنییە وتی تیمێكیان دەچنە موسڵ بۆ وەرگرتنی زەوی تەرخانكراو بۆ دوو ناوەندی تەندروستی و دواتر راستەوخۆ نەخشەی پرۆژەكە دادەنێن تا بنیاتنانی دەستپێبكەن.

ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە نەینەوا گەیشتۆتە هەزارو (722) كەس، لەو ژمارەیە (882) یان چاكبوونەتەوەو (57) هاوڵاتی هەڵگری ڤایرۆسەكە گیانیانلەدەستداوە.

 

هه‌واڵی گرنگ