لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودابڕیار لەسەر میكانیزم و چۆنێتی دابەشكردنی مووچە دەدرێت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودابڕیار لەسەر میكانیزم و چۆنێتی دابەشكردنی مووچە دەدرێت


دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/8/12 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبویەوە لە كۆبونەوەكەدا نەتوانرا بریارلەسەر دابەش كردنی مووچەی فەرمانبەران بدرێت حكومەتی هەریم رایدەگەیەنێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودابڕیار لەسەر میكانیزم و چۆنێتی دابەشكردنی مووچە دەدەین.

دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە"لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی كوردستان و ئەنجامی پرۆسەی گفتوگۆی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی كرا."


ئاماژەش بەوە كراوە "ئەنجومەنی وەزیران لە كاتێكدا هەوڵەكانی شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گەڵ حكومەتی فیدراڵی بە باشی هەڵدەسەنگێنێ، بەجۆرێك حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بیانوویەكی دەستووریی و قانونی و دارایی نەهێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و لە پێناو دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ، هەموو مەرجەكانی حكومەتی فیدراڵی كە لە چوارچێوەی دەستووردان قبوڵ كردووە، بەڵام بەداخەوە حكومەتی فیدراڵی زیاتر لە سێ مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەك وەك مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت كە ئەمەش وای كردووە حكومەتی ھەرێم، نەتوانێت شایستەی دارایی مووچەخۆرانی خۆی خەرج بكات ، بەم هۆیەوە دۆخ و گوزەرانێكی نالەبار بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم دروست بووە، سەرەڕای ناھەمواریی بارودۆخی تەندروستی. ئەمەش لە كاتێكدایە كە بە پێی یاسا بەركارەكانی عێراق، ھەرێم ھاوشێوەی بەشەكانی دیكەی عێراق، مافی خۆیەتی ئەو بەشە مووچەیەی كە بۆی خەرج دەكرا وەریبگرێت و پێویستە جیاوازی لە نێوان ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عێراق نەكرێ لە خەرجكردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران كە ئەمەش دەستووری عێراق وەك بنەما جێگیری كردووە."


ئەنجومەنی وەزیران لەراگەیەنراوەكەدا ئماژەی بەوەشداوە"بۆیە ئەنجومەنی وەزیران بە تووندی نیگەرانیی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەو هەڵوێستە نەرێنییەی حكومەتی فیدراڵی دەردەبڕێت و داوا دەكات بە دەنگ هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بێت و كێشەكان لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكات و ڕێز لە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگرێت و پابەندبوونە دەستوورییەكانی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات. ئەنجومەنی وەزیران لە ھەمانكاتدا ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەری كێشەكان بە شێوەیەكی بنەڕەتی لە چوارچێوەی دەستوور دووپات دەكاتەوە و شاندی باڵای دانووستانكاریشی ڕاسپارد درێژە بە دانووستانەكان بدەن لە پێناوی گەیشتن بە ڕێكەوتن بە تایبەتیش كە لە ماوەی ڕابووردوو ھەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێكردنی پابەندییە دەستووریەكانی لە بواری نەوت و دارایی و ئەوە بەرپرسیارێتی حكومەتی فیدڕاڵیە لە بەرامبەردا ماف وشایستەی دارایی ھەرێم ڕانەگرێت. هەروەها داوا لە سەرۆك كۆماری عێراق و وەزیر و نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات كە داكۆكی لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەن. "


ڕاشیگەیاندوە"ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لە سەرەتای حەفتەی داهاتووەوە بڕیار لە میكانیزم و چۆنێتی دابەشكردنی مووچە بدات بۆ ئەوەی دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت بە پێی ئەو توانا داراییەی لە بەر دەستە."


لەكۆتایی راگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە"ئەنجومەنی وەزیران هەروەها هەردوو وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد ، بەداواداچوون بۆ گرفت و كێشەی دەروازە سنوورییەكان بكەن لە پێناو ڕێگریكردن لە هەر سەرپێچی و كارێكی نایاسایی كە لەو دەروازانە ئەنجام بدرێت."

 

هه‌واڵی گرنگ