ھۆشیاریی كاریگەرترین رێگەی خۆپارێزییە لە كۆرۆنا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ھۆشیاریی كاریگەرترین رێگەی خۆپارێزییە لە كۆرۆنا

 

 

 

نەخۆشیی كۆرۆنا ھەروا لە تەشەنەسەندندایە و زۆربەی كایەكانی ژیانی ئەگەر راشینەگرتبێت ئەوا ئیفلیجی كردووە. رۆژانە ژمارەی تووشبووان و قوربانییەكانی لەزیادبووندان، لەگەڵ ئەوەشدا رێكارە توندەكان كە پێشتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە گیرابوونەبەر، وردە وردە خاو دەكرێنەوە، ھەڵبەت ئەمەش دەرەنجامی ئەو پەستانە زۆرە بوو كە رێكارە توندەكان، بەتایبەت داخستنی بازاڕەكان و راگرتنی كار و كاسبی خستبوویانە سەر ژیانی تاك و ھاووڵاتیان، ئەمە نەك ھەر لای خۆمان بەڵكو لەسەر ئاستی جیھانیش ھەر وابووە.

دەشبێت ئەوە بزانین كە گەڕانەوەمان بۆ سەر كار و خاوكردنەوەی رێوشوێنە توندەكان مانای ئەوە نییە ڤایرۆسەكە نەماوە یاخود سست و لاواز بووە، ژمارە و ئاماری رۆژانەی راگەیاندنەكان و ئەوەش كە بەچاوی خۆمان دەیانبینین بەڵگەی یەكلاكەرەوەن لەسەر مەترسیداریی دۆخەكە، بەڵام خۆ ناشكرێت تا سەر ھەروا بمێنێتەوە و ژیان رابگیرێت! ئەی كەواتە چار چییە؟

چار ھەر ئەوەیە لەگەڵ دۆخەكەدا رابێین، بەڵام بە پەیڕەوكردنی وردی رێنماییە خۆپارێزییەكان و ئامۆژگاریی ناوەندە تەندروستییەكانی ھەم ناوخۆ و ھەم جیھانی كە ھەردووكیان یەك سەرچاوەی زانستییان ھەیە.

راستە مانەوە لەماڵەوە و خۆكەرەنتینەكردن، ھۆكاری سەرەكیی خۆپارێزییە لەم پەتا جیھانییە، بەڵام بێگومان ئەوەش چارەسەر نییە، بەڵكو رێكارێكی گرنگی قۆناغێكی كات-ی و تێپەڕە. بۆیە لێرەوە ئەركێكی تر دێتە سەرشانمان ئەویش ئەركی پابەندبوونە بە رێنماییەكانەوە.

سەرەكیترین ئەركی دوای كەرەنتینە و دەستپێكردنەوەی جموجووڵەكان، ھۆشیاریی تاكە لە خۆپارێزیدا. مامەڵەكردنە لەگەڵ پەتاكە بە وریایی و ھۆشیارییەوە.

رەنگە لێرەدا نموونەیەكی سادە باشتر مەبەستەكەمان روون باتەوە: كارەبا پێویستییەكی سەرەكیی ھەموو ژیانە و ناتوانرێت وەلابنرێت، لەھەموو ماڵێكدا ھەیە و بە ھەموو لایەكدا بڵاوبووەتەوە، رۆژانە مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین، بەڵام ئەگەر مامەڵەكەمان ژیرانە نەبێت تووشی چ كارەساتێك دەبین!..

ئێستا فۆكەسی ناوەندە تەندروستییەكان لەسەر خۆپارێزییە، رێگەكانی خۆپارێزییش نە ئەوەندە قورسن نەتوانین شانیان بدەینەبەر نە ئەوەندەیش دوورن دەستمان پێیانڕانەگات.. بەشێوەیەكی گشتیی رێنماییە خۆپارێزییەكان بریتین لە چەند خاڵێكی سادە و ساكار، یەكێك لەوانە (دەستشۆردن)ە.

رێكخراوی تەندروستیی جیھانی پێمان دەڵێت: بۆ ماوەی بیست چركە دەستەكانمان بە ئاو و سابون یاخود ھەر مادەیەكی پاكژكەرەوە بشۆین و جوان دەست و پەنجەمان ھەڵگڵۆفین. كارێكی تابڵێت ئاسان و سادە. لێرەدا تەركیز خراوەتە سەر بیست چركە، چونكە ئەم ڤایرۆسی كۆڤید-19یە كە لە شێوەی تاجێكی دڕكاویدایە و ئەم دڕكانەی چینێك چەوریین و بەھۆی سابون و مادە پاكژكەرەوەكانەوە دەتوێنەوە و لەناودەچن، ئیدی ڤایرۆسەكە ئەو رووە چەورەی نامێنێت و ناتوانێت لەسەر لەشی مرۆڤ بمێنێتەوە. زانست سەلماندوویەتی كە بۆ تواندنەوەی نووكە چەورەكانی ڤایرۆسەكە بە ئاو و سابون دەبێت 20 چركە دەستمان بە باشی بشۆین. بۆیە پێویستە ھۆشیاریی ئەوەمان ھەبێت كە ناوبەناو یاخود ھەركاتێك دەستمان بەر تەنێكی رەق كەوت یاخود گومانی ئەوەمان ھەبوو كە رەنگە ڤایرۆسەكە بەر دەستمان كەوتبێت، راستەوخۆ بۆ ماوەی 20 چركە دەستەكانمان بە ئاوی گەرم و سابون بشۆین.

خاڵێكی تری خۆپارێزی، رێگرییە لە دەرپەڕینی ھەر لیك و پرژەیەكی دەمولووت لەكاتی پژمین و كۆكین-دا، ئەمەیش بە بەكارھێنانی دەسڕ یاخود ھەر پارچە قوماشێكی پاكژ و یان بەرگرتنی دەم و لووت بە قۆڵ و باسك. ئەمەیش لەبەر ئەوەیە كە سەلمێنراوە پرژە و شلەكانی دەم و لووت كاریگەرترین ھۆكاری گواستنەوەی ڤایرۆسەكانن.

خاڵێكی تریش دووركەوتنەوەیە لە دەستبردن بۆ رووخسار و دەم و چاو و لووت كە زۆر جار مرۆڤ بێویستی خۆی ئەم كارە دەكات. ھەروەھا دووركەوتنەوەیە لە شوێنە قەرەباڵغەكان و ھێشتنەوەی ماوەی لانیكەم مەترێك لەنێوان خۆت و كەسی بەرامبەردا.

ئەمانە كۆمەڵێك رێنمایی تەندروستین بۆ خۆپارێزیی لە تووشبون بە نەخۆشیی كۆرۆنا كە ھەتا بڵێیت سادە و ئاسانن، ئەگەرچی ھیچ شتێك بۆ پاراستنی ژیان قورس نییە!.. ئەمانە مەگەر بۆ كەسانێك زەحمەت بن كە (ڤایرۆسەكەیان بەلاوە فشەبێت!!)، ئەگەرنا تۆزێك ھۆشیاریی بەسە بۆ ئەوەی ھەموو كەس بتوانێت جێبەجێیان بكات.

خۆ ئەگەر بە پەیڕەوكردنی ئەم خاڵانەشەوە ھەر ھەستتكرد پلەی گەرمیی لەشت لەئاستێكی نائاساییدایە و كۆكە و پژمەی زیاد لە پێویستت ھەیە و ھەست بە ئازار و لەشداھێزران و ماندووبوونێكی بێ ھۆ دەكەیت، ئەوا پێویستە راستەوخۆ خۆت كەرەنتینە بكەیت و پەیوەندیی بە ناوەندە تەندروستییەكانەوە بكەیت.

 

هه‌واڵی گرنگ