سەردەمێكی نوێ بەڕێوەیە لەتەمەنی گۆی زەوی
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سەردەمێكی نوێ بەڕێوەیە لەتەمەنی گۆی زەوی

 

 

ئەمە جۆرێكی نوێیە لە پیسبوونی ژینگە كە ڕووبەڕووی گۆی زەوی دەبێتەوە بەهۆی مرۆڤەوە، پیس‌ بوون بە ڕووناكی ناسروشتی..!

گۆی زەوی تەمەنی پترە لە (4.5) ملیار ساڵ، بەدرێژایی تەمەنی گۆی لە ڕۆژدا نیوەی گۆی زەوی ڕووناك و درەوشاوە بووە بەهۆی ڕووناكی و تیشكی خۆر، نیوەكەی تری كە شەو بووە تەواو تاریك بووە، جگە لەهەندێ ڕووناكی سروشی وەكو مانگ و ئەستێرەكان یان ئاگری سروشتی، هەروەها ڕووناكی بروسكە جاروبار لێرەو لەوێ، هەموو ئەمانە ڕووناكیەكی زۆر كەم و سنوردار بڵاودەكەنەوە لە دیوە تاریكەكەی گۆی زەوی.

بەڵام سەرهەڵدانی مرۆڤی نوێ و دۆزینەوەی ئاگر وردە وردە سەردەمێكی نوێی دروستكرد لەسەر گۆی زەوی، تاوەكو دۆزینەوەی كارەباش بەر لە پتر لە سەدو پەنجا ساڵ كاریگەرییەكە هێشتا زۆر سنورداربوو، لە ساڵی (1879) ی میلادی (تۆماس ئەدیسۆن) بۆ یەكەم جار گڵۆپی داهێنا، لە سەرەتا بەهۆی گڵۆپ و پێویستی ڕووناككردنەوەی ماڵەكان و شارەكان بوو كاتێك كتوپڕ خواست لەسەر دروستكردن و بەرهەمهێنانی كارەبا زۆر زیاتر بوو.

لە ئەمڕۆدا هەموو شوێنە نیشتەجێبووەكانی سەر ڕووی زەوی لەشەودا بە گڵۆپ ڕووناك دەكرێتەوە، وێنەی گۆی زەوی ئەگەر لە ئاسمانەوە تەماشا بكرێت لەشەودا بەتایبەتی لە سەد ساڵی ڕابردوو بەتەواوی گۆڕاوەو پڕ بووە لە پەڵەی ڕووناكی، هەر بوونەوەرێكی زیرەكی تری خاوەن شارستانی ئەگەر تا دووری نزیكەی سەد ساڵی تیشكی هەبێت و توانای چاودێریكردنی گۆی زەویان هەبێت، ئەوا لە ڕێگەی ئەو ڕووناكیەی لەشەودا دروستی دەكەین دەزانن چاڵاكی ناسروشتی بەڕێوەیە لەسەر هەسارەكەمان.

ئەم ڕووناكیە دەستكردەی شەوان لەسەر ڕووی زەوی جۆرێكی ترە لە پیسبوونی ژینگە كە پێی دەووترێت پیسبوونی ژینگە بەڕووناكی یان وردتر بڵێین بە ڕووناكی دەستكرد، سیستەمی ژینگەیی گۆی زەوی واتە تێكڕای زیندەوەران بە ڕووەكەكان و زیندەوەران بەشێوەیەك ڕاهاتوون كە ژینگەو دەوروبەریان لەشەودا تاریك بێت، لە ئێستادا گەلێك لەو زیندەوەرانەی پشت بەتاریكی شەو دەبەستن بۆ ئەنجامدانی زیندە چاڵاكیەكانیان ڕووبەڕووی مەترسی و لەناوچوون دەبنەوەو ژمارەیان لەكەمبوونەوەدایە، تا ئێستا نازانین مەترسیە درێژخایەنەكانی ئەم كارەی ئێمە چی دەبێت، بەڵام لەئێستادا لەوە دڵنیاین كە ئەمەش جۆرێكی ترە لە تێكدان و وێرانكردنی ئیكۆسیستەمی گۆی زەوی لەپێناو و خۆشی و خۆشگوزەرانی خۆمان.

لەئەمڕۆدا ئێمەی مرۆڤ بەبەردەوامی تێكڕا 24 تێرا وات كارەبا بەرهەمدەهێنین لەسەرتاسەری جیهان، ئەو بڕە دەكاتە 24 ملیۆن مێگاوات، بۆ ئەوەی مەزەندەی ئەو بڕە بكەن پێویستە بزانن هەموو هەرێمی كوردستان بە بەردەوام پێویستی تەنیا بە نزیكەی 5 بۆ 6 هەزار مێگاواتە لە ووزەی كارەبا.

لوقمان حەوێز – تێكساس

 

هه‌واڵی گرنگ