شتێكی سەیر لەسەر مەریخ روویداوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

شتێكی سەیر لەسەر مەریخ روویداوە

 

 

زاناكان دەڵێن: لەكاتی خۆرگیراندا لەسەر ڕووی مەریخ شتێكی سەیر ڕوویداوە، مانگەكانی مەریخ جیاوازن لەو مانگەی كە پاشكۆی زەوییە، بە شێوەیەك فۆبۆس كە یەكێكە لە مانگەكانی مەریخ و گەورەترینیانە زۆر لە هەسارەی مەریخەوە نزیكە، ئەوەش وایكردووە كە بە شێوەیەكی ستوونی لەگەڵ هێڵی كەمەرەیی هەسارەكەدا هەموو ڕۆژێكی مەریخی سێ جار بە دەوری ئەو هەسارەیدا بسووڕێتەوە، ئەمەش وا دەكات كە خۆرگیران لەسەر ڕووی هەسارەكە زۆرتر بێت لەوەی لەسەر زەوی ڕوودەدات.

مانگی فۆبۆس بەبەردەم خۆردا دەڕوات، بەڵام تەواو خۆر داناپۆشێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زۆربەی كاتی مەریخی خۆرگیرانی بازنەیی یان نیمچە خۆرگیران ڕووبدات، لەبەر ئەوەی فۆبۆس بە خێرایی دەجووڵێت، خۆرگیران لەسەر ڕووی مەریخ (30) چركە زیاتر ناخایەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا دۆزەرەوەی (Mars InSight) توانی شتێكی سەیر لەسەر ڕووی ئەو هەسارەیە تۆمار بكات.

ئەو شتە سەیرەش ئەوەیە لەكاتی خۆرگیرانەكەدا كە بە هۆی مانگی فۆبۆسەوە ڕوودەدات، میلی پێوانەكاری بوومەلەرزەكان كە ئامێرێكە لە دۆزەرەوەكە بەستراوەو بەمەبەستی تۆماركردنی جووڵەی خاكی مەریخ و چاودێری چاڵاكی بوومەلەرزە، زۆر بە ئاستەم بەرەو یەك ئاراستە دەڕوات، كە ئەمەش شتێكە زانایانی سەرسامكردووە.

ماوەیەكە زانایانی پەیمانگەی جیۆفیزیای سەربە پەمانگای فیدراڵی تەكنەلۆژی زیوریخ بەتەواوی سەرقاڵی توێژینەوەن لەو زانیارییانەی كە لە دۆزەرەوەی (Mars InSight) ەوە پێیاندەگات بۆئەوەی بزانن داخۆ ئەو كاریگەرییانەی كە خۆرگیران لەسەرزەوی جێیاندەهێلێت هەمان شتن لەسەر ڕووی مەریخیش ؟؟

(سیمۆن شتالەر) زانای بوومەلەرزەزان دەڵێت: كاتێك خۆرگیران لەلای خۆمان ڕوودەدات، ئامێرەكان دەتوانن نزمبوونەوەی پلەكانی گەرماو هەڵكردنی بایەكی خێرا هەست پێبكەن، بەشێوەیەك بەرگە هەوای زەوی لە شوێنێكدا سارد دەبێتەوەو پاڵ بە هەوای ئەو ناوچەیەوە دەنێت بۆ دوور.

(Mars InSight) چەند ئامڕازێكی هەستەوەری پلەكانی گەرماو بای لێبەستراوە، بەڵام لە كاتی تێپەڕبوونی فۆبۆس بەبەردەم خۆردا هیچ گۆڕانكارییەكی لە بەرگەهەوا تۆمار نەكردووە، بەڵكو بەپێچەوانەوە پشێوییە جەوییەكان و پلەی گەرمای بەرگەهەواو پەستانی هەوا لەگەڵ خاكەكەدا وەك خۆیان بوون، لەگەڵ ئەوەدا خانە خۆرییەكان (خانە كارۆتیشكییەكان كە ئامێرێكە ڕاستەوخۆ وزەی خۆر دەگۆرێت بۆ وزەی كارەبایی) پرۆسەی تێپەربوونەكەیان تۆماركردووە، لە ڕاستیشدا گەر خانەكان ئەوەیان نەكردایە شتەكە دەبووە جێگەی سەرسوڕمانی زاناكان، چونكە فۆبۆس دەتوانێت (40%) ی تیشكی خۆر بشارێتەوە.

جارێكیتر شتالەر دەڵێت: كاتێك فۆبۆس لەبەردەم خۆردا دەبێت، تیشكی خۆر دەگاتە خانەخۆرییەكان، بەڵام كارەبایەكی كەمتر بەرهەم دێنن و دەتوانرێت پێوانەی ئەو كەمبوونەوەیە بكرێت كە بە هۆی فۆبۆسەوە دروست بووە.

ئەو دەڵێت: ئەوەی بەلامانەوە سەیر بوو كە هەردوو پێوانەی موگناتیسی و پێوانەی كارەبایی ڕێكن لەگەڵ خوێندنەوەكاندا بە شێوەیەك لەكاتی خۆر گیرانەكەدا پێوانەی بومەلەرزەكان كەمێك لارە بۆ یەك لا.

لەمبارەیەشەوە (سیمۆن شتالەر) دەڵێت: پێشبینیی ئەو پێوانەی بوومەلەرزەیەمان نەدەكرد، ئەوە ئاماژەیەكی نائاساییە، لەگەڵ ئەوەی ئەو لار بوونەوەیەش زیاد لە پێویست كەمە.

ئەو زانایە ڕوونیدەكاتەوەو دەڵێت: ئەوەی تا ئێستا بۆمان ڕاڤەكرابێت ئەوەیە كە ئەو جووڵەیە بە هۆی هێزی ڕاكێشانی فۆبۆسەوە بووە، هەمان شێوەی ئەو كاریگەرییەی مانگی زەوییە كە داكشان و هەڵكشان دروست دەكات، بەڵام هەرزوو ئەوەمان بە دوور زانی.

شتالەر دەڵێت: بە كۆی دەنگ ئەو بۆچوونەمان ڕەتكردەوە، چونكە ئەگەر وابوایە دەبوو ئەو ئاماژەیە ماوەیەكی زیاتر بمایەتەوەو لەگەڵ هەر سوڕانەوەیەكی فۆبۆسدا بەردەوام بووایە نەك بە تەنها لە كاتی خۆرگیراندا.

بەپێی بابەتێكی بڵاوكراوەی كەشتی نووح، دواتر زاناكان هۆكارێكی تریان بۆ ئەوە دیاریكرد كە بریتی بوو لە نزمبوونەوەیەكی كەمی پلەی گەرما لەسەر ڕووی هەسارەی مەریخ كاتێك فۆبۆس بەبەردەمی خۆردا تێپەڕیوەو ئەمەش دەبێتە هۆی ساردكردنەوەی سەر ڕووی مەریخ و بە شێوەیەكی نایەكسان خاكەكەی تێكدەچێت و ئەمەش دەبێتە هۆی لاربوونەوەی بوومەلەرزە پێوەكە.

لە لایەكی ترەوەو بەپێی چەند توێژینەوەیەكی پێشتر زانایانی گەردونی پێشبینی دەكەن لە ماوەی (30 – 50) ملیۆن ساڵی داهاتوودا مانگی فۆبۆس خۆی بكێشێت بە هەسارەی مەریخدا ئەمەش نەك بە تەنها كار لەسەر ڕووی هەسارە سوورەكە دەكات، بەڵكو كاریگەری لەسەر بەشە ناوەكییەكانی ئەو هەسارەیەش دروست دەكات.

 

هه‌واڵی گرنگ