ئاسانترین ڕێگای ئاسوودەیی لە ژیاندا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئاسانترین ڕێگای ئاسوودەیی لە ژیاندا


بەگشتیی، هیچ هاوڕێیەك ئازارت لەگەڵدا دابەش ناكات، هیچ خۆشەویستێكت ناڕەحەتیت لە بری تۆ هەڵناگرێت، هیچ نزیكێكت شەونخونیی بە دیارتەوە ناكێشێت، (مەگەر دایكت بە منداڵیت، یان بڕوادارە دەگمەنەكانی ئەهلی ئیپار)، بۆیە باشترە خۆت گرنگیی بە خۆت بدەیت، خۆت لە خەمی خۆتا بیت و نازی خۆت بكێشیت.
زیاد لە پێویستیش بایەخ بە ڕووداوەكان مەدە، دڵنیابە ئەگەر شكای، كەس وەك خۆت چاكت ناكاتەوە، كە شكستت هێنا، جگە لە ویستی خۆت، كەس پشتیوانیت لێ ناكات، جگە لە خۆت كەس هەڵتناستێنێتەوە، (دووبارە مەگەر كەسە دەگمەنەكانی ئەهلی ئیپار).
چاو مەگێڕە بۆ نرخ‌و بەهای خۆت لە چاوی كەسانی تردا، لە ناخ‌و ویژدانی خۆتدا، بۆ خۆت بگەڕێ، هەركات ویژدان‌ و ناخت ئاسوودە بوو، پلەو پێگەت بەرز دەبێتەوە، جا كە خۆتت ناسی، هەرچیت پێ بڵێن، هیچ زیانێكت پێ ناگەیەنێت.
خەفەتی دونیاش هەڵمەگرە، چونكە هەمووی هی خوایە، خەفەتی ڕزق‌و ڕۆزیش مەخۆ، چونكە لای خواوەیە، داڵغەی داهاتووش لێ مەدە، چونكە بە دەستی خوایە، تەنها یەك خەم هەڵگرە: كە خوا لە خۆت ڕازی بكەیت، چونكە ئەگەر خوات ڕازی كرد، ئەویش لێت ڕازی دەبێت‌ و پەسەندی ناو خەڵكیشت دەكات‌و بە دەمتەوە دێت‌ و بێنیازت دەكات.
هەرگیز نائومێدیش مەبە لە ژیانێك كە دڵتی گریاندووە، بڵێ: ئەی خوای گەورە! لە دونیاو پاشەڕۆژ، بەخێر قەرەبووم بۆ بكەرەوە، چونكە بە كوڕنووشێك ناڕەحەتیی دەڕوات، بە دۆعایەكیش دڵشادیی دێت! خوا هەرگیز چاكەیەكی تۆی لەبیر ناچێت كە ئەنجامت داوە، هەرگیز خەمی كەسێكی لەبیر ناچێت كە تۆ بۆیت ڕاماڵیوە! هەرگیز چاوێكی گریاوی فرمێسكاویی لەبیرناچێت، كە دڵی خاوەنەكەیت خۆشكردووە!
با ژیانت لەسەر ئەم مەبدەئە بێت: چاكەكار بە، ئەگەر چاكەشت بەرامبەر نەكرێت، نەك لەبەر خەڵكیی، بەڵكو لەبەر ئەوەی خوا چاكەكارانی خۆشدەوێت.. (وأحسنوا إن الله یحب المحسنین).
تێبینی: ئەم دەقەم زووتر دابەزاندووە، لە ئەسڵدا عەرەبییەو بەندە وەرم گێڕاو نیسبەت درابووە لای ابن القیم، بەڵام بۆم نەدۆزرایەوە.

 

هه‌واڵی گرنگ