سوودە گرنگەكانی زەنجەبیل به‌ به‌ڵگه‌ى زانستى بزانە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سوودە گرنگەكانی زەنجەبیل به‌ به‌ڵگه‌ى زانستى بزانە

زەنجەبیل، كە رووەكێكی گوڵدارە و لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا گەشەی كردووە، لە نێو تەندروستترین بەهاراتەكانی سەر ئەو هەسارەمان دادەندرێت، بەشێوەیەك سەر بە خێزانێكی گەورەی رووەكەكانە كە "زەردەچوو و هێل"یش لە خۆدەگرێت.

لێرەدا 10 سوود لە سوودەكانی "زەنجەبیل" دەخەینەڕوو كە بە توێژینەوەی زانستیی و ژمارەیەك لە توێژینەوە پزیشكییەكان پشتیوانی لێكراوە.

1. دژی سەرمابوون و ئەنفلۆنزایە

بەكارهێنانی"زەنجەبیل" بە جۆرەها شێوە لە پزیشكیی كلاسیكی و جێگرەوەدا، مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە، لەوانەش"زەنجەبیل" لە دژی ئەنفلۆنزا و سەرمابوون بەكارهێنراوە.

بەگوێرەی توێژینەوەكان، "زەنجەبیل" كاریگەری بەهێزی دژی هەوكردنەكان و دژە ئۆكسانی هەیە. بۆ نموونە، لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ كەمكردنەوەی سترێسی ئۆكساندن كە بەهۆی بوونی بڕێكی زۆر لە رەگە ئازادەكان "فری رادیكەڵ" لەناو لەشدا بەرهەمدەهێندرێت.

2.چارەسەری هێڵینج هێنان دەكات

واپێدەچێت "زەنجەبیل" بۆ چارەسەركردنی هێڵینج هێنان زۆر كاریگەر بێت، بەشێوەیەك بۆی هەیە یارمەتیدەر بێت بۆ سووككردنی رشانەوە لەو كەسانەی كە نەشتەرگەرییە جیاوازەكان ئەنجامدەدەن، یان ئەو بارودۆخەی كە پەیوەندیدارە بە چارەسەری كیمیایی.

چەند دیراسەیەك ئاماژە بەوە دەكەن كە "زەنجەبیل" بۆی هەیە زیاتر كاریگەر بێت كاتێك هێڵێنج هێنانەكە پەیوەندیدار بێت بە سكپڕی لە ئافرەتاندا، بەتایبەتی هێڵینج هێنانی بەیانیان كە دووچاری ئافرەتانی سكپڕ دەبێتەوە.

3. یارمەتی دابەزینی كێشی لەش دەدات

بە گوێرەی ئەو توێژینەوانەی كە لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵان ئەنجامدراون، "زەنجەبیل" رۆڵ دەبینێ لە دابەزینی كێشی لەشدا، "ریڤیوی" ئەو توێژینەوانەی تا 2019 لەو بوارەدا ئەنجامدراون، گەیشتۆتە ئەو دەرەنجامەی كە تەواوكەرەكانی "زەنجەبیل" بەشێوەیەكی زۆر كەڵەكەبوونی چەورییەكانی لە كەمەرە و كلێنجە كەمكردۆتەوە.

 

توێژینەوەیەكیش كە لە ساڵی 2016 لەسەر 80 ئافرەتی قەڵەو ئەنجامدراوە، ئەوەی دۆزیوەتەوە كە "زەنجەبیل" لەوانەیە هەروەها یارمەتی كەمكردنەوەی "پێنوێنی بارستایی لەش BMI" و ئاستی هۆرمۆنی "ئەنسۆلین" لە خوێندا بدات.

4.هەوكردنی جومگەكان كەمدەكاتەوە

توێژینەوەكان كە "ریڤیو"یان بۆ كۆمەڵێك لە توێژینەوەكانی تایبەت بەمە كردوە، ئەوەیان دۆزیوەتەوە كە ئەو كەسانەی "زەنجەبیل" یان بۆ چارەسەركردنی هەوكردنی جومگەكان بەكارهێناوە، بەشێوەیەكی زۆر ئازار و پەككەوتنییان كەمبۆتەوە.

توێژینەوەیەكی دیكە لە ساڵی 2011 گەیشتۆتە ئەوەی كە تێكەڵەی "زەنجەبیل و مستەكە و دارچین و كونجی" لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ كەمكردنەوەی ئازار و رەقبوون لەو كەسانەی كە بە دەست هەوكردنی جومگە لە ئەژنۆوە دەناڵێنن.

5.رێژەی شەكر لە خوێندا دادەبەزێنێت

لە توێژینەوەیەكدا كە لە ساڵی 2015ەدا لەسەر 41 بەشداربوو ئەنجامدراوە كە شەكرەیان هەبووە، خواردنی دووگرام زەنجەبیل رۆژانە بە رێژەی سەدا 12 رێژەی شەكریان لە خوێندا دابەزیوە.

هەروەها "زەنجەبیل" بەشێوەیەكی گەورە "هیمۆگلۆبین" باشدەكات، ئەوەش نیشانەیەكە لە ئاستەكانی شەكری گونجاو لە ناو خوێندا بۆماوەیەكی دوور و درێژ.

6. چارەسەری قەبزی دەكات

ئەوەی جێگای گرنیكیی پێدانە ئەوەیە كە "زەنجەبیل" بەتاڵكردنی گەدە خێرا دەكات، لە یەكێك لە توێژینەوەكانیش كە لە ساڵی 2011ەدا ئەنجامدراوە، كەپسوولی "زەنجەبیل" درایە ئەو كەسانەی كە بە دەست قەبزییەوە دەیانناڵاند، لە ماوەی 12 خولەكەدا گەدەیان بەتاڵ بۆتەوە.

7. ئازارەكانی سووڕی مانگانە لە ئافرەتان كەمدەكاتەوە

لە توێژینەوەیەكدا كە ساڵی 2009 ئەنجامدراوە، 150 ئافرەت لە سێ رۆژی یەكەمی سووڕی مانگانەیاندا "زەنجەبیل"یان خواردوە، بەهۆیەوە بەشێوەیەكی كاریگەر ئازارەكەیانی كەمكردۆتەوە.

8. دابەزینی رێژەی كۆلیسترۆل

لە توێژینەوەیەكدا كە لە ساڵی 2018ەدا لەسەر 60 كەس ئەنجامدراوە كە بە دەست زیادبوونی رێژەی چەوری لەناو خوێندا دەیانناڵاند، 30 كەس لەوانە كە رۆژانە هاڕاوەی "زەنجەبیل"یان خواردوە، لە ماوەی 3 مانگدا بە رێژەی 17.4 ئاستی كۆلیسترۆلی خراپ لە خوێنیاندا كەمیكردوە.

9.پاراستن لە لە شێرپەنجە

لە توێژینەوەیەكدا كە 28 رۆژ بەردەوامبوو لەسەر ئەو كەسانەی كە مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی "كۆلۆن و رێكە"یان لەسەر بووە، دوای ئەوەی رۆژانە دوو گرام لە بەرهەمەكانی"زەنجەبیل"یان خواردوە، بەشێوەیەكی گەورە گەردیلە ئاماژە پشتیوانیكەرەكانی هەوكردنی "كۆلۆن"یان كەمبووەتەوە.

 

10. فرمانەكانی مێشك باش دەكات

هەندێك لە توێژینەوەكان كە لەسەر ئاژەڵەكان ئەنجامدراون، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە دژە ئۆكسانەكان و پێكهاتە چالاكەكانی "زەنجەبیل" لە رووی بایۆلۆجییەوە، بۆیان هەیە رێگری بكەن لە وەڵامدانەوەی هەوكردنەكان كە لەناو مێشكدا روودەدەن.

هەروەها هەندێك بەڵگەش هەن كە "زەنجەبیل" بۆی هەیە راستەوخۆ یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزكردنی فرمانەكانی مێشك.

ئامادەكردن محسین حسێن

سەرچاوە: سكای نیوزی عەرەبی

 

هه‌واڵی گرنگ