منداڵ بوونەوەرێكی لاوازەو بەردەوام پێویستی بە هاوكاری خێزان و ژینگەیەكی ئارام هەیە، بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەلایەنی دەروونی، بەڵام جیابوونەوەی دایك و باوك لە یەكتری دەبێتە هۆی تێكدانی ژینگەی خێزانی و زەرەرمەندبوونی منداڵ بە پلەی یەكەم، چونكە منداڵ تەنها لە باوەشی دایك و باوك هەست بە ئاسودەیی و دڵنیایی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەكات.
بۆیە لەهەر كاتێكدا بنچینەی خێزان لێكترازا دایك و باوك لەیەكتری جیابوونەوە منداڵ دەبێتە قوربانی نەمانی پەیوەندی نێوان دایك و باوك، لەهەمان كاتدا بێبەش دەبێت لە سۆزو خۆشەویستی و باوەشی پرسۆزی دایك یان باوك، چونكە لەئەنجامی جیابوونەوە منداڵ لەگەڵ دایك دەژیت یان لەگەڵ باوك دەژیت بەپێی مەرجەكانی دوای جیابوونەوە لەیەكتری، كەواتە منداڵ دەبێتە قوربانی و زەرەرمەندی یەكەم بەهۆی جیابوونەوەی دایك و باوك، لەئەنجامی ئەمەشدا منداڵ تووشی خەمۆكی و گۆشەگیری و لاوازی ئەقلی و مەعریفی دەبێتەوە.
زۆر لە توێژینەوەكان گرنگی دەدەن بە جیاوازی لە نێوان منداڵی خێزانی جیابوویەوە خێزانی ئاسایی بۆ ئەوەی بزانن جیابوونەوە چ كاریگەرییەكی نەرێنی هەیە لەسەر منداڵ بەشێوەیەكی گشتی لە قۆناغە جیاجیاكانی ژیانی، بۆ نموونە بێبەشبوونی منداڵ لە سەرپەرشتی باوانی هۆكارێكی گرنگە بۆ ئەوەی ئەو منداڵە ژیانی ناخۆش بێت و بێبەش بێت لەناسنامەی كەسایەتی خۆی و رق و گومانی لە ڕەگەزی بەرامبەر هەبێت، هەروەها دووچاری كێشەی دەروونی و جەستەیی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی تەندروستی و ناهاوسەنگی لە ناسنامەی تاك و خێزانی دەبێتەوە، لەئەنجامدا منداڵ تووشی تاوان و لادان و كێشەی جۆراوجۆر دەبێتەوە.
وەكو توێژینەوە دەروونییەكان و كۆمەڵناسیەكان ئەو كاریگەری و كێشانە دیار دەكەن لەسەر منداڵ لەدوای جیابوونەوە، وەكو ئەوەی زۆرێك لەو منداڵانە ڕووبەڕووی چەندین كێشە دەبنەوە بەهۆی بێ سەرپەرشتی و بێنازی و فەرامۆشكردن و بێ ئاگایی دایك و باوك لە پەروەردەكردنی منداڵەكەیان بەشێوەیەكی تەندروست، هەندێ لەمنداڵەكان دەكەونە سەرشەقامەكان بۆكاركردن یاخود كاری سواڵكردن كە ئەمەش دەبێتە هۆی بێبەشبوون لە خوێندن و چێژ وەرگرتن لە قۆناغی منداڵی و زۆربەی جاریش ڕووبەڕووی دەستدریژی سێكسی دەبنەوە.
هەروەها زۆرێك لەو مندڵانەی لەگەڵ باوكیان دەژین ڕووبەرووی تووندوتیژی دەبنەوە لەلایەن باوەژن یاخود (زڕدایك) هەندێ جار ڕووبەڕووی مەرگ و ئازاردان و دەركردن لەماڵیش دەبنەوە.
ئەم بارودۆخەش منداڵ بێزارو ماندوو دەكات، بەردەوام وای لێدەكات ترسی لە داهاتووی خۆی هەبێت وەك چۆن دایك و باوكی شكستیان هێناوە لە ژیانی هاوسەریان و توشی چەندین كێشە بووینەوە لەگەڵ یەكتری و دووچاری ناسەقامگیری خێزانی بووینەوە.
لەگەڵ ئەمەشدا جیابوونەوەو كێشەی بەردەوامی نێوان هاوسەران كاریگەری لەسەر كەسایەتی منداڵ دەبێت، وا لە منداڵ دەكات بەردەوام ترس و دڵەڕاوكێی لە دەستدانی كەسە نزیكەكانی لا دروست بێت.
هەروەها كەسایەتییەكی لاواز و شەرمن و شەرانگێزی لێ دروست دەبێت بەهۆی نەبوونی گەشەپێدانی پێویست بە هاوبەشی دایك و باوك لە پەروەردەكردندا.
(ئەڤین ئەحمەد قادر – مامۆستاو پسپۆڕی كۆمەڵناسی خێزان)