كورتەیەك لەژیاننامەی پێغەمبەری سەردارمان
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

كورتەیەك لەژیاننامەی پێغەمبەری سەردارمان

 

 

پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ناوی (موحەمەدی كوڕی عەبدولڵای كوڕی عەبدولـموتەلیب) ە لە هۆزی (قوڕەیش) ە كە ناسراوە بە (ئەبولقاسم)، لە رۆژی دووشەممە لە مانگی (12) ی (رەبیعی یەكەمی) ساڵی (571) ی میلادی لە ساڵی (فیل) لە شاری (مەككە) لە ماڵی (ئەبو تاڵیب) لە دایك بوو.

دایكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ناوی (ئامینە) ی كچی (وەهەب) ەو باوكی پێغەمبەر (موحەمەد) لەكاتی دەرچوونی بەمەبەستی بازرگانی بۆ شام كۆچی دوایی كردووەو لەشاری مەدینە نێژراوە كە ئەو كات موحەمەد (صلی الله علیه وسلم) لە سكی دایكی دابووە.

پێغەمبەر لە تەمەنی (6) ساڵیدا بوو دایكی كۆچی دوایی كردووەو ئەركی بەخێوكردنی بە (عەبدولـموتەلیب) ی باپیری سپێردراوە.

پێغەمبەر لە تەمەنی (8) ساڵیدا بوو كاتێك باپیری وەفاتی كردو چووە لای مامی (ئەبو تاڵیب)، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە تەمەنی (25) ساڵیدا یەكەمین ژنی هێناوە كە ناوی (خەدیجە) بوو.

پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) (3) كوڕی لە خەدیجە هەبوو بە ناوەكانی (قاسم و عەبدولڵا و ئیبراهیم)، بەڵام هەرسێكیان بەمنداڵی مردوون، هەروەها پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) (4) كچی هەبوو بەناوەكانی (زەینب و روقیەو ئوم كەلسوم و فاتیمە).

پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دوازدە مامی هەبووە، بەڵام تەنها (هەمزەو عەباس) موسڵمان بوون، هەروەها (6) پوری هەبووە كە لە خوشكی باوكی بوون، بەڵام تەنها (سەفیە) موسڵمان بوو، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بە (سادقول ئەمین) بە راستگۆی و دەست پاكی ناسرابوو.

لەتەمەنی (40) ساڵیدا لە شاری (مەككە ) لە ئەشكەوتی (حیرائـ) لە (17) ی رەمەزانی پیروز لە رۆژی دووشەمە خوای گەورە پەیامی بۆ ناردو بوو بەپێغەمبەر، سێ ساڵ بانگەوازی ئاینی ئیسلام بەنهێنی بوو دواتر خودای گەورە فەرمانیدا كە بانگەوازی بۆ ئاینی ئیسلام بە ئاشكرا بكرێت.

ساڵی (10) پێغەمبەرایەتی ناونرا ساڵی ماتەمی (عامل حزن) بە هۆی مردنی (ئەبو تاڵیب) و (خەدیجە) ی خێزانی و هەر لەم ساڵەش چوو بۆ (تائیف) بۆ بڵاو كردنەوەی ئاینی ئیسلام.

(1) ساڵ و (3) مانگ پێش كۆچكردنی بۆ (مەدینە) لە (27) مانگی (رەجەب) لە بەشێكی شەو لە شاری (مككە) وە چووە (المسجد الاقصی) لەوێ بەرز بۆوە بۆ ئاسمانەكان كە ئەم شەوە پێی دەگوترێ (الیل اسرا‌ء والمعراج) هەر لەم شەوەش لە ئاسماندا (نوێژ لەسەر موسڵمانان فەرز كرا).

پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) (13) ساڵ لەشاری (مەككە) مایەوە لەپاشان كۆچی كرد بۆ شاری مەدینە، لەساڵی (8) ی كۆچی لە (20) ی مانگی رەمەزان رۆژی هەینی فەتحی شاری مەككەی كرد.

پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە (27) غەزادا بەشداری كردووە، ماوەی پێغەمبەرایەتی كردنی موحەمەد (صلی الله علیه وسلم) (23) ساڵ بووەو لەساڵی (11) ی كۆچی لە (12) ی رەبیعی یەكەمی ڕۆژی دووشەممە لەتەمەنی (63) ساڵیدا لەشاری مەدینە پێغەمبەر كۆچی دوایی كردوو هەر لەمەدینە لەناو مزگەوتەكەی خۆی نێژراوە.

یەكێك لەكارەكانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) رزگاركردنی مرۆڤایەتی بوو لەبێ بڕوایی و كۆیلایەتی بەرەو بڕوا هێنان بەتاكو تەنیایی خواو بەندایەتی، هەندی لەڕەوشتە بەرزەكانی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) (راستگۆیی، دەست پاكی، دەم پاكی، دڵ پاكی، روخۆشی، ئازایەتی، تێكۆشەری، بەخشندەیی، میهرەبانی، ئارامی، لێبوردەیی، نەرموونیانی، بە بەڵێنی، بەوەفایی، خۆنەویستی).

 

هه‌واڵی گرنگ