ئەمریكا سیستەمی بەرگری دەداتە تایوان و چین توڕە دەكات
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەمریكا سیستەمی بەرگری دەداتە تایوان و چین توڕە دەكات

 

 

ئەمریكا ڕایگەیاند، ڕازیبووە بە فرۆشتنی (100) سیستەمی بەرگری موشەكی جۆری هارپوون بەنرخی (2.4) ملیار دۆلار بە تایوان، ئەمەش لەكاتێكدا دێت هەفتەی ڕابردوو ئەمریكا بە گرێبەستێكی یەك ملیار دۆلاری كۆمەڵێك چەكی بە تایوان فرۆشت و ئەوەش بووە هۆی توڕەبوونی چین.

ئەم ڕاگەیاندنەی ئەمریكا چەند كاتژمێرێك دوای ئەوە هات چین وتی : سزا دەسەپێنێت بەسەر ئەو كۆمپانیا ئەمریكیانەدا كە پەیوەستن بە گرێبەستەكانی چەكەوە لەگەڵ تایوان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا وتی: گرێبەستەكە توانا بەرگرییەكانی ئەو وڵاتە بەهێز دەكات كە وەریدەگرێت و یارمەتیدەر دەبێت لە خستنەوەی سەقامگیری سیاسی و هاوسەنگی سەربازی و پێشكەوتن لە ناوچەكەدا.

گرێبەستەكە (100) پاتری موشەكی بەرگری لە جۆری هارپوون لەخۆدەگرێت كە توانای هەڵگرتنی نزیكەی (400) موشەكی جۆری (ئاڕ جی ئێم 84، ئێڵ – 4) یان هەیەو مەوداكەی دەگاتە (125) كیلۆمەتر.

ئەم موشەكانە بەشی پیشەسازی بەرگری كۆمپانیای بۆینگ بەرهەمی دەهێنێت و دەتوانرێت لەسەر شوێنی جێگیر یاخود جوڵاویشدا دابندرێن.

ئۆفیسی سەرۆكی تایوان (تسای ئینگ وین) بەیاننامەیەكی دەركردو تێیدا سوپاسی ئەمریكای كرد لەسەر گرێبەستەكەو وتی: دەكرێت توانا جەنگیەكانمان بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد بكات.

تایوان هەمیشە لەژێر ترسی ئەوەدا دەژی چین داگیری بكات، چەند جارێكیش پەكین ئاماژەی بەوەداوە ئەگەر پێویست بكات هێز بەكاردەهێنن بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی دوورگەكە.

 

هه‌واڵی گرنگ