نەخۆشی هایدرۆسیل لە منداڵان چییە ؟؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

نەخۆشی هایدرۆسیل لە منداڵان چییە ؟؟

 

 

كۆبوونەوەی ئاو لەدەوری گوون لە منداڵدا كە پێی دەگوترێت (هایدرۆسیل) لە هەندێك لە منداڵاندا ڕوو دەدات، ئەم حاڵەتەش پزیشكان تا تەمەنی یەك ساڵی چاوەڕوان دەكەن تا بزانن ئایا منداڵەكە چاك دەبێت یاخوود پێویستی بە چارەسەری هەیە.

(د. ئەحمەد عەبدولحەمید جاف) پسپۆری نەشتەرگەری گورچیلەو میزەرۆ لێرەدا هۆكارەكان و نیشانەكان و چارەسەری كۆبوونەوەی ئاو لە دەوری گوون دەخاتە ڕوو.

(د. ئەحمەد عەبدولحەمید جاف) ئاماژە بەوەدەدات كە: كۆبوونەوەی ئاو لەناو دوو توێی پەردەی (تونیكا ڤاجینالس) كە پەردەیەكی تەنكەو دەوری گوونەكانی داوە لەناو تورەكەی گوندا، نزیكەی (10%) ی منداڵە كوڕەكان تووشی دەبن.

ئەم حاڵەتە چۆن دروست دەبێت ؟

(د. ئەحمەد جاف) دەڵێت: لەمانگی حەوتەمی گەشەی كۆرپەلە لە سكی دایكیدا، گوونەكان لە سكەوە دادەبەزن بۆ ناو تورەكەی گوون، لەكاتی دابەزینیاندا تورەكەیەكی تەنك لەگەڵ خۆیاندا دەهێننە خوارەوە كە بەشێكە لەناوپۆشی سك، ئەو تورەكەیە لەگەڵ سكە كەلێنەوە گرێدراوەو هەندێ شلەی ناو سك دەنێرێتە ناو تورەكەی گوون بۆ ئەوەی‌ زەرەریان پێ نەگات تا كاتی بەر لەلەدایكبوون، هەر بۆیە بەچەند رۆژێك بەر لەلەدایكبوونی كۆرپەكە تورەكە دادەخرێت و هیچ پەیوەندییەكی بە سكە كەلێنەوە نامێنێت و ئاوی ناو تورەكەكەش هەڵدەمژرێ و نامێنێت.

‎لەو كۆرپەلانەدا كە تورەكەكە داناخرێت یاخود ئاوەكە هەڵنامژرێ ئەوا شلەی بەردەوام دێتە ناو تورەكەی گوون و كۆدەبێتەوەو هایدرۆسیل دروست دەكات.

هایدرۆسیل چەند جۆری هەیە ؟

(د. ئەحمەد جاف) دەڵێت: هایدرۆسیل دوو جۆری سەرەكی هەیە:

‎جۆری یەكەم : ‎پەیوەندیدار بە سكە كەلێن: لەم جۆرەیاندا تونیكا ڤاجینالس لەرێگەی كونێكەوە پەیوەندی هەیە لەگەڵ سكدا.

‎جۆری دووەم : ‎بێ پەیوەندی لەگەڵ سكە كەلێن: لەم جۆرەیاندا تورەكەی تونیكا ڤاجینالس هیچ پەیوەندییەكی بە سكە كەلێنەوە نەماوەو داخراوە، بەڵام شلەی زیادەی تێدایەو لەكاتی ئاساییدا هەڵنامژرێ و لەدەوری گوون دەمێنێتەوە.

نیشانەكانی ئەمانەن:

1. ئاوساوی لەناو تورەكەی گوون. 

2. بێ ئازارەو هیچ ئازارێك دروست ناكات.

‎لەبەرئەوەی ئاوساوی گوون و تورەكەی گوون هۆكارەكانی زۆرن لەوانە« هایدرۆسیل، فتق، هەوكردنی گوون، گرێ و سوڕانی گوون، هتد... كە هەندێكیان پێویستیان بە چارەسەری خێرایە، بۆیە پێویستە پزیشكی پسپۆری نەشتەرگەری منداڵان یاخوود پسپۆڕی میزەڕۆ بیبینێت تا دڵنیابینەوە هۆكاری ئاوساوییەكە چییە.

بە چ شێوەیەك تایبەت مەندییەكانی هایدرۆسیل جیادەكرێتەوە؟

(د. ئەحمەد جاف) دەڵێت: هایدرۆسیل بەم ڕێگەیە جیا دەكرێتەوە لە شێوازەكانی تری ئازاری گوون:

1. بێ ئازارە.

2. رووناكی پێدا تێپەڕدەبێت: هەندێجار پزیشكان لایتێك لەگوونی منداڵەكە دەدەن و لەهادرۆسیلدا، چونكە شلەمەنییە رووناكییەكەی پێدا تێپەڕدەبێت.

3. پشكنینی خوێن و میز: بۆ دڵنیابوون لەوەی كە هەوكردن بوونی نییە.

4. سۆنار: هەندێجار پزیشك سۆنار بەكاردێنێت بۆ دەستنیشانكردن و دڵنیابوون لە حاڵەتەكە.

چارەسەر:

‎هەركاتێك دڵنیابوینەوە لە دەستنیشانكردنی، ئەوا هایدرۆسیل حاڵەتێكی مەترسیدارنییە و چارەسەركردنی ئاسانە.

1. تا تەمەنی یەك ساڵی پزیشك چاوەڕوان دەكات، چونكە زۆربەی منداڵەكان لەتەمەنی یەك ساڵیدا چاك دەبن و حاڵەتەكەیان نامێنێت، ئەمانە بەزۆری جۆری دووەمی هایدرۆسیلن.

2. ئەگەر دوای یەك ساڵ یاخوود هەژدە مانگ لەتەمەنی منداڵەكە هایدرۆسیلەكەو ئاوساوییەكە باش نەبوو، هەرچەندە حاڵەتەكە مەترسیدار نییەو دەكرێ دوابخرێت ئەوا بەپێی رێنمایی پزیشكەكەت پەنا دەبرێتە بەر نەشتەرگەری، كە تیایدا لەرێگەی برینێكی بچووكەوە ئاوەكە لادەبرێت و تورەكەكەش دادەخرێت.

ئەگەر هایدرۆسیل، دوای كاتی دیاریكراو خۆی چاك نەبوو وە نەشتەرگەریشی بۆ ئەنجام نەدەین چی روودەدات؟

1. رەنگە ببێتە هۆی فتق و پارچەیەكی ریخۆڵە لەو شوێنەوە بێتە ناو تورەكەی گوون.

2. دەكرێ هایدرۆسیل تووشی هەوكردن بێت و ببێتە هەوكردنی تووندی گوونەكان.

3. ئەگەری سوڕانی گوون زیاد دەكات.

‎ئایا هایدرۆسیل دەبێتە هۆی نەزۆكی:

‎بەپێی لێكۆڵینەوەكان بێت هایدرۆسیل خودی خۆی نابێتە هۆی نەزۆكی و كێشە بۆ زاوزێ دروست ناكات، هەرچەندە هەندێ لەلێكۆڵەران پێییان وایە گەر هایدرۆسیل زۆر گەورەبێت ئەوا وادەكات گوون بپوكێتەوەو مەترسی بۆ نەزۆكی زیاد دەكات.

(ماكوان عیززە‌ت – هەولێر)

 

هه‌واڵی گرنگ