کارتی بایۆمەتری دەنگدان وەک بەڵگەنامەی فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت"
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

کارتی بایۆمەتری دەنگدان وەک بەڵگەنامەی فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت"

حکوومەتی عێراق رایدەگەیەنێت کارتی بایۆمەتری کە تایبەتە بە خۆتۆمارکردن لە تۆماری دەنگدان بەمەبەستی بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، وەک یەکێک لە بەڵگەنامە فەرمییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بۆ ئەمەش پێویستە فەرمانبەران لە یەکی شوباتەوە داتاکانی خۆیان لە ناوەندەکانی دەنگدان نوێبكه‌نه‌وه‌.

لەمبارەیەوە ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پشتبه‌ست بە بڕیاری دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاردرا کارتی بایۆمەتری دەنگدان وەک یەکێک لە بەڵگەنامە فەرمییه‌كان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

ئه‌میندارێتییه‌كه‌ داوای لە فەرمانبەران و خانەنشیان و سەرجەم کارمەندانی دەوڵەت کردووە لە ماوەی ٦٠ رۆژدا سەردانی ناوەندەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بکەن، كه‌ بەمەبەستی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی داتاکانی دەنگدەران کراونەتەوە.

بە پێی راگەیەنراوەکە، بڕیارەکە لە یەکی شوباتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و ماوەی ٦٠ رۆژی دیاریکردووە بۆ خۆتۆمارکردن و نوێکردنەوەی داتاکان.

پێشتر وتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەسەن نازم رایگەیاندبوو، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە کە کارتی بایۆمەتری وەک یەکێک لە بەڵگەنامە فەرمییەکان لە دامودەزگاکانی دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت .

 ئاماژەی بەوەشکرد ئەنجوومەنی وەزیران ماوەی ٦٠ رۆژی دیارییکردووە بۆ فەرمانبەران تاوەکو سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردنی دەنگدەران بکەن بۆ خۆتۆمارکردن و نوێکردنەوەی زانیارییەکانیان و وەگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری، داواشی لە هاووڵاتییان کردبوو پەلە بکەن لە خۆتۆمارکردن و نوێکردنەوەی داتاکانیان لە ناوەندەکانی تۆمارکردنی دەنگدەران.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە شەشی حوزەیرانی ٢٠٢١ بەڕێوەبچێت ،ئەگەرچی باس لە دواخستنی ئەنجامدانی پرۆسەکە دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم پرسە بە فەرمی رانەگەیەنراوە و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەی کە دیارییکراوە.

 

هه‌واڵی گرنگ