زیاتر لە 20 سەرۆکی وڵات و دەزگا نێونەتەوەییەکان داوای پەیماننامەیەکی جیهانی دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکان و دەڵێن ئاوەها پەیماننامەیەک نەوەکانی داهاتوو دەپارێزێت.
تێدرۆس ئێدهانۆم بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیری بەریتانیا و ماریۆ دراگی، سەرۆک وەزیری ئیتالیا و پۆڵ کاگامی، سەرۆکی ڕواندا داوای "وابەستەییەکی نوێی بەکۆمەڵ" دەکەن بۆ برەودان بۆ سیستەمەکانی بەرەنگاربوونەوە و بەهاناوەچوون لە کاتی پەتاکاندا و داواش دەکەن ئەو وابەستەییە بکرێتە بەشێک لە پەیڕەوی دەزگای تەندروستی جیهانی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە.
ڕێبەران لە وتارێکی هاوبەشیاندا دەنوسن "ئێمە بڕوامان بەوەیە وەک ڕێبەرانی وڵاتان و بەرپرسانی دامەزراوە نێونەتەوەییەکان، بەرپرسیارێتیمان هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی جیهان وانەی خۆی وەرگرتووە لە پەتای کۆرۆنا."
ئەم وتارە درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە لە ڕۆژنامەی لۆمۆند لە فەڕەنسا بڵاوکراوەتەوە و ئەمڕۆ سێشەممەش لە زۆربەی ڕۆژنامەکانی جیهاندا جارێکی تر بڵاوکراوەتەوە.